داھات و مووچە لە نێوان ھەرێم و بەغدا .....

د. سیروان حەسەن 27/11/2020

 
لە دنیای سیاسەتدا ھەموو گەمەیەکی سیاسی دەکرێت و ھەموو ڕێگەیەک دەگیرێتە بەر بۆ بەدەست ھێنانی مافی ڕەوا و دەستکەوتنی زۆرترین و بەرزترین ئاستی بەرژەوەندیەکانی حزبی و نەتەوەیی و نیشتمانی وە لە ھەموو دنیادا پەیڕەو دەکرێت بەلام لە چوارچێوەی عورف و لۆژیک و واقعدا بێت و بەدەر لەوەی کە لە ھەندێ کات و شوێنی دیاریکراودا ڕوو دەدات کە لایەنی سەرکەوتوو خۆی دەسەپێنێت بە سەر لایەنی دۆراودا، بە درێژایی مێژووی کۆن و نوێی میللەتی کورد سەردەمێک نەبووە و نەکراوە کە لایەنی کوردی بتوانێت ھەموو داواکاریەکانی خۆی بسەپێنێت ئەگەر بەرامبەر دۆست بێت چ جا ئەگەر نەیار و دوژمن بێت تاکو بتوانێت نەک زۆرترین یان بەرزترین ئاستی داخوازیی و داواکاریەکان بە دی بێنێت بەڵکو  زۆر جار سادەترینیان بە دەست نەھاتووە ئەویش دوای بەرخ و دان و قوربانی و خەباتێکی زۆر. ئەوەی لەم دەڤەر و ھەرێم و نیشتمانەی خۆمان دەگوزەرێت زۆر جیاوازە لەوەی کە لە شوێنەکانی تری دنیادا بە ڕێ دەکرێت ، لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لایەنی کوردی لە ھەرێمی کوردستاندا زۆری ھەوڵدا کە لە ڕێڕەوی حکومڕانی خۆیدا دەستکەوتێکی بەرچاوی ھەبێت لە سەر ئاستی نەتەوەی و نیشتمانی بەلام سەرکەوتوو نەبوو لەو قۆناغانەدا بەڵکو خەریک بوو ھەندێ لە دەستکەوتەکانی خۆشی لە دەستبدات لە قۆناغەکانی شەڕی ناوخۆدا. لە دوای ڕوخانی رژێمی دکتاتۆری بەغدا لە سالی ٢٠٠٣ و دەست پێکردنی قۆناغێکی تری نوێ لە عێراق کە ئەزموونی لایەنی کوردی (ھەرێمی کوردستان) لەو سیستەمە نوێیەدا لە ھەموو لایەنەکانی تری عێراقیدا سەرکەوتوو تر و پێشکەوتوو تر بوو تێیدا خاوەنی شارەزایی ١٢ سالی حوکمی نیمچە سەربەخۆیی بوو ھەرچەند کێشەو گرفتی زۆری ھەبوو لەو سالانەدا، لە گەڵ ئەوەشدا لە دوای پرۆسەی ئازادی و دوای ڕەخساندنی چەندین ھەلی گەورە و جیاجیا بۆ خۆسەپاندن و بە دەستھێنانی ماف و دەستکەوتی نەتەوەیی کە خەونێکی ئەزەلی میللەتی کوردە وە ھەموو ئامراز و ھۆکارەکانی بە دەستھێنانی ئەو دەستکەوتانە بەردەست بوو لە قۆناغەکانی حوکمرانی عێراقی نوێدا بەلام مەخابن سەرکردە و سیاسەتمەدارانی کورد دووبارە و سێ بارە سەرکەوتوو نەبوون و نەیانتوانی ئەو ھەلە یەک لەدوای یەکانە بقۆزنەوە کە بە دەگمەن دێنە بەردەست و شتێک لە بەرامبەرەکەیان ھەڵکڕێنن جگە لە دەسکەوتی پۆست و دارایی نەبێت ئەوانیش کاتین وە زۆر شەرمە شانازیان پێوە بکرێت چونکە دەستکەوتی راستەقینە ئەوەیە کە لە سەر ئاستی مافی نەتەوەیی بە دەست دێت نەک چەند دەستکەوتێکی کاتی. لەم سالانەی دوایدا بە ھۆی فشاری دەرئەنجامەکانی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و بڕینی بەشە بوودجەی ھەرێم و پرۆسەی ریفراندۆمەوە پەستانێکی زۆر گەورە کەوتە سەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ڕویەکەوە بە تایبەتی داھاتی دارایی و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم لە گەڵ ئەوەشدا بارودۆخی زۆر خراپی سیاسی و ئابوری حکومەتی ناوەندی بەغدا بە شێوەی ناراستەوخۆ ھەلی زۆرباشی رەخساند بۆ حکومەتی ھەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی داھات و مووچە ئەویش بە رێکەوتنی دوولایەنە بوو لە نێوان ھەردوولا بە جۆرێک کە حکومەتی ھەرێم پابەندی بڕگەکانی ئەو ڕێکەوتنە بێت کە بڕێکی دیاری کراوی داھاتی نەوت و ناوخۆی ھەرێم ڕادەستی بەغدا بکات بەرامبەر ئەو بڕە پارەیەی کە بەغدا بۆ ھەرێمی دەنێرێ بۆ تەواوکردنی مووچە کەچی ئەوە زیاتر لە دوو ساڵە حکومەتی ھەرێم داوای مافی خۆی دەکات لە بەغدا بە پێی رێکەوتن نامەکەی نێوانیان بەلام لە بەرامبەردا ئامادە نیە ھیچ داھاتێکی خۆی وەکو حکومەتی ھەرێم ڕادەستی حکومەتی ناوەند بکات لە کاتێکدا بە پێی دەستور و ھەموو عورف ویاسا نێودەولەییەکان ھەرێم بەشێکە لە دوڵەتی عێراقی کە دەبێت وەکو بەشەکانی تری عێراق ئەرک و مافی دیاریکراوی خۆی ھەبێت جگە لە ھەندێ تایبەتمەندێتی تری ھەرێم نەبێت، چۆن دەبێت بەشێک بیت لە ولاتێک و داوای ھەموو مافێکی خۆت بکەی لە بەرامبەردا ھیچ ئەرکێکی دارایی خۆت وەکو بەشێک لەو ولاتە جێ بەجێ نەکەی، ئەوەی ساڵانی پێشوو کە حکومەتی بەغدا دەیکرد ناواقعی بوون و لە چواچێوەی یاسا و دەستوردا نەبوو تەنھا بە ھۆی لاوازی و خراپی دۆخی ناوخۆی لایەنە سیاسیەکانی حکومەتی بەغدا بوو وە تەنھا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی ناوەند بە ھەموو مەرج و داواکاریەکانی ھەرێم رازی دەبوون وە ئەوەی کە ئێستا لە بەغدا دەگوزەرێت لە رێگەی پەرلەمانەوە بۆ سەپاندنی دەستور و برگەکانی رێکەوتنامەکە لە سەر ھەرێم وە نەناردنی بڕی تەواوکاری مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم فشارێکی قورسە وە کاتەکەی گونجاو نیە چونکە ھەرێم بە قەیرانێکی دارایی سەختدا تێدەپەڕێ و ئەمەش برینەکانی قوڵتر دەکات، لە جیاتی ئەوەی ھەرێمی کوردستان سوود لەو دۆخە لاوازەی حکومەتی مەرکەزی وەربگرێ بۆ بەدەستھێنانی داخوازی و مافەکانی میللەتی کورد کەچی دۆخی لاوازی حکوموتی ھەرێم وای کردوە کە ئەو حکومەتە شلۆقەی بەغدا مەرجی خۆی بسەپێنێتە سەر ھەرێم ناچاری بکات بە سوپاسیشەوە ئەو مەرجانەی بەغدا قەبول بکات ئەم ھەنگاوەش رەنگە ھەنگاوی خراپتری بە دواوە بێت کە کاریگەری زۆر  خراپی دەبێت لە سەر ئایندەی ئابوری ھەرێم، بۆ داھاتووش زۆر پێویستە حکومەتی ھەرێم سوود لە ھەڵەکانی رابردووی وەربگرێت و ئایندەیەکی باشتر دەستەبەر بکات ھیچ نەبێت بۆ نەوەکانی دواڕۆژ.