لێدانی ملیشیا چەکدارەکانی عێراق لە ئارادایە...

د. سیروان حەسەن 26/10/2020

 

لە بەیاننامەیەکی ھاوبەشدا کە لە لایەن ھەشت دەستەی چەکداری حەشدی شعبی دەرکرا کە خۆیان ناساندوە بە "فصائل المقاومة العراقية" کە نزیکن لە ئێرانەوە و بريتين لە (عصائب أهل الحق، الأوفياء، جند الإمام، النجباء، كتائب سيد الشهداء، كتائب الإمام علي، سرايا عاشوراء، سرايا الخراسان) لە بەیاننامەکەدا ھاتبو ئەو ھێرشانەی کە کرایە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لەو ماوەی رابردودا وەکو تۆڵەیەک بوو بۆ کوشتنی قاسم سولەمیانی و مەھدی مھندس وە تەنھا کاردانەوەیەکی بچوک بوو دژ بە کردەوە دوژمنکارەکانی ئەمریکا وە بە ھێز وەڵامی ھێز دەدرێتەوە. دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی سەرۆکی فەیلەق قودسی ئێرانی و ئەبو مەھدی موھندس سەرکردەی حەشدی شەعبی لە ٣ کانونی دووەم ٢٠٢٠ لە شاری بەغدا رێژەی ھێرشە موشەکیەکان بۆ سەر بنکە سەربازیەکان و بالوێزخانەی ئەمریکا زیاتر بوون ئەمە وایکرد کە ئەمریکا بانگێشتی سەرۆکی حکومەت بکات بۆ سەردانی ئەمریکا، لە کاتی سەردانی کازمی بۆ وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە ١٨ ی ئابی ٢٠٢٠ پێشوازیەکی زۆر گونجاوی لێکرا و بایەخێکی ڕاگەیاندنی زۆر باشی پێدرا و وەکو سەرۆکێکی ئازا و بە توانا دەریان خست وە چەند رێکەوتنێکیان لە گەڵدا واژوو کرد کە تاکو ئێستا زۆربەی بەندەکانی شاراوەن، لە سەردانەکەدا سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ حکومەتی کازمی خستە ڕوو بە تایبەتی لایەنی ئەمنی و سەربازی و بە ھێزکردنی ژێرخانی ئابوری بە مەرجی کۆنترۆڵ کردنی ئەو ھێزە ملیشیا شیعانەی کە راستەخۆ لە ژێر فەرمان و کاریگەری ئێراندا کاردەکەن وە بە پلان و فەرمانی ئەوان دەجوڵێن، ئەویش بۆ لاوازکردن و نەھێشتنی رۆڵی ئێرانە لە عێراق ئەو ھەنگاوەش مجازەفەیەکی گەورە بوو بۆ دۆنالد ترامپ پێش ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کە رەنگە کاریگەری خراپی ھەبێت لە سەر ئەنجامی دەنگدانەکان ، لەو سەردانەدا ترامپ زۆر جەختی لە نەھێشتنی ملیشیا چەکدارەکان کردەوە بەلام دوای گەڕانەوەی کازمی بۆ عێراق و تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک و دووبارە ھێرش کردنە سەر بالوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئەمەش ئیدارەی ترامپی بە تەواوی توڕە کرد بەوەی کە کازمی بەڵێنەکەی خۆی نەبردە سەر بە لێدانی ملیشیاکان کە خۆی لە خۆیدا کاریگەری نەرێنی دەبێت لە سەر پێگەی ترامپ لە ھەلبژاردەکاندا بۆیە لە پەیامێکی توندا حکومەتی کازمیان ئاگادار کردەوە کە باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا دادەخەن و لە شاری ھەولێر کارای دەکەن و بنکە سەربازیەکانیان لە ھەرێمی کوردستان جێگیر دەکەن. داخستنی بالیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کێشە و گرفتی گەورە بە دوای خۆیدا دێنی چونکە ھەموو جۆرە یارمەتیەکانی خۆی دەوەستێنی و نایەڵێت ولاتانی تریش ھاوکاری حکومەی کازمی بکەن و ھانی داخستنی بالوێزخانەکانی ولاتانی ئەوروپاش دەدات کە کۆتایەکەی روخانی حکومەت و سەختتر کردنی بارودۆخی داروخاوی عێراق دەبێت. لە ئێستادا ھەموو ئەگەرەکان لە ئارادایە بۆ لێدانی ملیشیاکان لە لایەن ئەمریکاوە بەلام کاتەکەی نادیارە بۆ ئەو مەبەستەش بنکە سەربازیەکانی خۆی لە تورکیا و سعودیە و وڵاتانی تری دەوروبەر بەکاردێنێ رەنگە ئەم ھەنگاوەش پێش ھەڵبژاردەکانی ئەمریکا بێت بۆ ئەوەی ترامپ سەرکەوتنێک بۆ خۆی تۆمار بکات بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆی لە ناو دەنگ دەران یان دوابخرێت بۆ کاتێکی تر. ئەم رکابەری و ململانێیەی نێوان ئەمریکا و ئێران گۆڕەپانەکەی عێراق و ناوچەکانی دەوروبەرێتی بۆ یەکلایی کردنەوەی باڵادەستی خۆیان لە رۆژھەلاتی ناوەڕاستدا

لە کۆتایی مانگی ئەیلول و سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر و دوای چەند جارێک ھێرش کردنە سەر باڵوێزخانە و دپلۆماتکارانی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە موشەک لە لایەن ھێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی کە لە دەرەوەی سوپای فەرمین، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا ھەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانە وکشانەوەی بالوێزی ئەمریکا دەکات لە بەغدا وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر جێ بە جێنەکردنی رێکەوتنەکەی کازمی کە لە واشنتۆن ئیمزای کرد و بەرامبەر ئەو ھەڕەشە و مەترسیانەی کە ڕوو بە ڕوویی بەرژەوندیەکانی دەبێتەوە لە عێراق وە ھەروەھا وەکو کارتێکی فشار لە سەر حكومەتی کازمی بۆ زیاتر ھەوڵدان و پەلە کردن بۆ دامرکاندن و کۆنترۆڵ کردنی ھێزە ملیشیاکان کە راستەوخۆ بە فەرمانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەجوڵێن لە ناو عێراق دژ بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا.