پەیامی دوای مینبەر

هونەر رەسوڵ ئەحمەد 04/02/2020


هیچ یەکێ لەکارەکتەرەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی، ئەوەندەی مامۆستایانی ئاینی (کە مینبەریان کردووە بە شوێنی گوتارو ئاراستەکردنی خەڵکی)کاریگەریان لەسەر داهاتووی کۆمەڵ نیە، ئەم هێزی کاریگەریەش بەشێکی هەرەگرنگی پەیوەستە بەو راستیەی کە کۆمەڵگەی کوردی زۆرینە مسوڵمانەو هەرلەسەرەتاشەوە هەموو ئەوانەی کە پەیرەوی ئاینی ئیسلام دەکەن، بەچەشنێک لەبیرو هزریاندا جێگیردەبێت، کە مامۆستای مزگەوت خۆی نوێنەرایەتی ئاین دەکات، بەکورتی قسەکەرو بریاردەری ئاسمانە، چونکە ئەو کارەکتەرەکەی کە بەمامۆستای ئاینی ناوزەند دەکرێت ، لەبنەرەتەوە خۆی بەناوی قورئان و پیرۆزیەکانی ئاسمانەوە پەیامەکانی بەیاندەکات، هەرئەمەش هۆکاری گرنگە کە کەمترینی ئەوانەی پێچەوانە بیردەکەنەوە تەنها لەچوارچێوەیەکی دیاریکراودا رەخنەبگرن، ئەگەرنا لەئەگەری وەڵامی راست و دروست و رەتکردنەوەی رەهای هەربۆچونێک کە مامۆستایەکی ئاینی ئاراستەی کۆمەڵگەی دەکات، وەک بەشێک لە هەڵگەرانەوەو لادان لە هەموو بەها پیرۆزەکان دەناسێندرێت، ئیدی هەرئەمەش بەسە بۆهەموو ئەوانەی کە خۆیان بەپارێزەری ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەزانن، بکەونە بەرەی بەگژداچوونەوەو زۆرجاریش حوکمی سەیرو سەمەرەشی بەسەردا بسەپێنن. خۆی ئەم سیفەت و تایبەتمەندیانەشی بەمامۆستای ئاینی دراوە، بەشێکی هۆکاری گرنگە کە هەرکاتێک مامۆستایەکی ئاینی ئەگەر لە مینەری مزگەوتیشەوە نەبێت کاتێک لەسەر پرسێک قسەدەکات، ئیدی زۆرترین کاردانەوە دروستبکات و لەزۆرکاتیشدا مەترسیەکانی پشت ئاخوتنەکەی ئەوەندە گەورەن کە رەنگە کۆمەڵگە بەرەو ناجێگری پەلکێش بکات.

تەکنەلۆژیاش کەلەبنەرەتەوە ئاینی ئیسلامیش هیچ نەخشێکی لەبالادەستی دانیەو داهێنانی هەموو ئەوانەشە کە کەم تازۆر سەروکاریان لە گەڵ ئیسلام دا نیە، لەئێستادا ئەوەندەی ترئەو مەترسیانەی زەقکردۆتەوە بەچەشنێک مامۆستایەکی ئاینی ئەگەرلەبەر هەندێ رێکار مینبەریش نەکات بە  سەکۆی بۆچوونەکانی، هەر لاپەرەتایبەتیەکەی بەسە تاوەکو ئەوەی مەبەستی بێت بەیانی بکات، گرفتەکەش هەرئەوەنیە کە مامۆستایەکی بەرێزی ئاینی ئامانجی پارێزگاری بێت لە پیرۆزیەکانی ئیسلام، بەڵکو ئێستا مەترسی جدی و راستەقینە ئەوەیە بەشێک لەوانەی پێشگری مامۆساو مەلای ئاینیان هەیە بەئامانجی ئەوەی لەدوارۆژدا خۆیان بکەن بەخاوەن پێگەو ناو ناونیشانیانی گەورە و بەناو هەموو کۆمەڵگەی کوردیدا بڵاوببنەوە، تەنانەت دەست بۆ هەندێ پرسی زۆر تایبەتیش دەبەن و دواتریش کاتێک ئامانجەکەیان پێکا ئیدی بەپاساوێکی لاواز خۆیان لەو گێژاوە رزگاردەکەن کە هەرخۆیان دورستکەر و بنیادنەرین، باشترین سەکۆش بۆ گەیاندنی پەیامەکەیان پەنا بردنە بۆکەناڵیکی راگەیاندن تاوەکو ئەوەی مەبەستیانە ووردتر و دروستتر لەپەنای پارێزگاریکردن لە ئاینی ئیسلام بیگەیەنن.

لەراستیدا لەزۆر قۆناغی گرنگدا مامۆستایانی ئاینی ئەوەندەی سەرقاڵی کاری بانگەوازو گەیاندنی پەیامی ئاینی بوون، هەرگیز وەک ئەوەی ئێستا زۆرینەی پەیامەکان ئامانجدارو دەمامکدارنەبوون کە ئیسلام بکرێتە پاساوی پەلاماردان و ئیهانەکردنی هەموو شتێک لەم وڵاتەدا،لەم گێژاوەشدا گرنگە لایەنی پەیوەندیدار هەرچی زووە سنوریک بو لێدوان و لێکدانەوەی نا بەجێی هەموو ئەوانە دابنێت کە لەبەتاڵیدا پەنا بۆ هەموو بابەتێک دەبەن تاوەکو خۆیان بکەن بە کەواسوری بەرلەشکرێک، کە کۆمەڵگە تیایدا سودمەند نابێت و خودی ئاینی ئیسلامیش لەرێگەی ئەم شێوازە لەبانگەواز لای هەموو ئەوانە دەبێتە جێگەی سەرنج، کە هیچ پەیوەندیەکانیان بە پابەندبوونە ئاینیەکانەوە نیە، لەواقیعدا ئەو بەشە لەمامۆستایانی ئاینی لەبری خزمەت بە پەیامەکەیان خۆیان دەرفەت دەرەخسێنن تاوەکو زورَترین رەخنە ئاراستەی خودی ئیسلامیش بکرێت