بەرهەم ساڵح، سیاسیەكی كورت بین

هونەر رەسوڵ ئەحمەد 22/05/2018

لەدوای نەخۆشكەوتنی سەرۆك مام جەلال گرفتی سەرەكی بەرهەم ساڵح لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەوڵدان بوو بۆ شوێنگرتنەوەی مام (ئەمەش رێك پێچەوانەی بانگەشەكانی بوو كە وای پیشاندەدا خەمی رێكخستنەوەیەتی ناو ماڵی یەكێتییەتی) ئاخر  هێشتا هەمووان دڵیان لای تەندروستی سەرۆك مام جەلال بوو، تاوەكو هەواڵی باشتربونی تەندروستی گوێبیست بن، دكتۆر بەرهەم (كە سەرۆك مام جەلال لە سێ كۆنگرەدا بەچەپڵەرێزان كردی بەئەندامی سەركردایەتی دواتریش سەرباری هەندێك نیگەرانی وەك جێگری دووەمی خۆی ناساندنی‌و  دەسەڵاتی پێدا) هەر لەسەرەتای نەخۆشكەوتنی سەرۆك مام جەلالەوە چاوی بریبووە  شوێنی مام جەلال‌و  ئەم خواستەی بەرهەم ساڵح كە تەواوی ژیانی‌و  هەموو هەنگاوەكانیشی خستبووە خزمەتی، زۆرنا واقعیانە بوو، چونكە ئەگەر قسە لەسەر جێگرتنەوەی (مام)یش بێت لەو قۆناغەدا، زۆربوون ئەوانەی لەو كاتەدا لە بەرهەم سالح شیاوترو گونجاوترو جێ متمانەتریش بوون‌و  لای بنكەی جەماوەری یەكێتیش قوڵكراوبوون.
دكتۆر بەرهەم كە هەر لەسەرەتای لاویەتییەوە هەمیشە هەڵپەی گرتنەدەستی دەسەڵاتی بووە، لەچەند ساڵی رابردووشدا شەیدابونی بە كورسی‌و  هەنگاوەكانی لەو پێناوەدا هەموو خەرمانی سیاسی ئەو پیاوەی كردە سوتماك‌و  لای بنكەی جەماوەری یەكێتیش وەك كەسێكی عەشق بەكورسی وێناكرا، چونكە بەرهەم ساڵح بەكردەوە سەلماندبووی كە ئامانجەكانی چین‌و  لەپێناوی چیدا مانی لە هەموو شتێك گرتووە كە خزمەت بە یەكێتی بكات.
یەكەم هەڵەی دكتۆر بەرهەم لەناو یەكێتیدا (لە دوای هەوڵەكانی بۆ جێگرتنەوەی مام جەلال لە كوردستان‌و  عیراق) بەشدارینەكردنی بوو لە هەڵمەتی بانگەشەی سەرخستنی لیستی یەكێتی لە نیسانی 2014  (چونكە پێشترو لە 21 ی ئەیلولی 2013 یەكێتی رێژەی كورسیەكانی كەمی كردو لەو قۆناغەدا پێویستی بەهەڵمەتی هەموان هەبوو) بەڵام دكتۆر بەرهەم ئەمەشی نەكردو بەرونیش لەبەردەم رای گشتیدا رایگەیاند، وەك ئەندامێكی ئاسایی یەكێتی نیشتمانی كوستان دەمێنێتەوەو بەوهۆیەشەوە بەرهەم ساڵح كەم تا زۆر بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردنی نەكرد، بەڵام سەرباری بەشدارینەكردنیشی یەكێتی لەوكاتەدا توانی سەركەوتنی گەورە تۆماربكات، كە هەر ئەوكات ئاست‌و  قەبارەو كاریگەری بەرهەم سالح بۆ یەكێـتیەكان رونبۆوە، كە دكتۆر بەرهەم ژمارەیەك نییە تاوەكو بتوانێت بە بەشداریكردن‌و  نەكردنی كاریگەری لەسەر ئاست‌و  قەبارەی یەكێتی جێبهێڵێت.
دكتۆر بەرهەم، لەدوای ئەم هەنگاوەشیەوە جارێكی تر خەونی بون بە سەرۆك كۆماری عیراق شەیدای كردەوە، بەڵام لەو هەنگاوەشیانیدا لە دەنگدانێكی شەفافدا (كە پێشتر خۆشی وەك پێشنیارێكی گونجاو بۆ یەكلاكردنەوەی كاندید سەرۆك كۆمار قبوڵی بوو) نەیتوانی متمانەی نوێنەرانی كورد لەبەغدا بەدەست بهێنێت‌و  جارێكی تر بەبێ هیوایی گەرایەوە سلێمانی‌و نەیتوانی بگات بەكۆشكی كۆماری.
هەنگاوەكانی بەرهەم ساڵح بۆ بوون بە كەسی یەكەم (هەڵبەت گرنگ نەبوو بەلایەوە كەسی یەكەمی كام حزب‌و  لایەنی سیاسی) درێژەی هەبوو، هەر لەدرێژەی گەیشتنی بەم خەونە لە مێژینەیەی راستەوخۆ لە دوای ماڵئاوایی كاك نەوشیروانەوە، هەر زوو لەلایەن هەندێك لە قەڵەم بەدەستەكانی خۆیەوە، هەڵمەتێكی دەستپێكرد كە وێنەكەیان بەجۆرێك پیشاندا كە دوای كاك نەوشیروان دەكرێت بەرهەم ساڵح ببێتە رێكخەری گشتی، بەڵام ئەم خەونەش وەك سەرجەمی خەونەكانی تری بۆ گەیشتن بە كورسی مایەپووچ دەرچوو، بەمەش دكتۆر بەرهەم نەیتوانی وەك رێكخەری گشتی بچێتە گردی زەرگەتەوە.
بەرهەم ساڵح یەكێ لە جیاوازییەكانی ئەوەیە كە هەرگیز لە گەیشتن بە كورسی‌و  بوون بەكەسی یەكەم ماندوو نابێت ، ئاخر ئەمە جۆرێكە لەشەیدابونی تەواو و هەر لەو چوارچێویەشدا بوو كاتێك نەیتوانی ببێتە جێی متمانەی هەڵسوراوانی گۆرانیش خۆی خستە بەردەم تاقیكرنەوەیەكی قورس، ئەویش راگەیاندنی هاوپەیمانیەتیەك بوو بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەم هەنگاوەیدا دكتۆر بەرهەم مەبەستی بوو لەلایەك ببێتە خاوەن هێزێك‌و  خۆی تیایدا خاوەن بریاری كۆتایی بێت، لەلایەكی تریش بەسەركەوتنی لەهەڵبژاردنەكاندا بە یەكێتی بڵێت، ئەوەیە سەنگ‌و  قورسایی من، بەڵام جارێكی تر بەرهەم ساڵح وەك هەمیشە كورتبینانە، واقعەكەی خوێندەوە و تەنها یەك ئامانجی پێكا، ئەویش توانی ببیتە خاوەنی هاوپەیمانیەتیەك‌و  گەیشت بەكورسی یەكەمی بریار تیایدا (هەڵبەت هاوپەیمانیەتیەك كە دواجار هیچ نەخشێكی لەبریاردان نیەو نابێت) بەڵام لە ئامانجی دووەمیدا شكستی هێناو بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش بێت، بەرهەم ساڵح هێزو قەبارەكەی بەرونتر دەركەوتووەو بێگومانیش بەو رێژەو قەبارەیەی كە هاوپەیمانەتیەكەی هەیەتی، ناگات بەهیچ كوێی كۆشكی كۆماری.