كەی داعش سەرهەڵدەداتەوە؟

سامان یاروه‌یس 28/12/2019


ئێستا وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە گەلێك ئاسانە، بەتایبەت كاتێك بەتەواوی رۆژانە بۆمان ئاشكرا دەبێت، كەلەچەند شوێنیك سەربازگەیان داناوە، تەنانەت دێنە ناو گوندەكان و لەسوپاو حەشدو پێشمەرگەش دەدەن.

نوێترین زانیاریەكان ئاماژە بەبوونی زیاتر لە هەزار چەكداری داعش دەكەن لە چیای قەرەچووخ، هەروەها لەسنوری دیالە لەچەند شوێنێك مەفرەزەی فراوانیان دروست كردوە، هەروەها لەباشوری كەركوك و دبس و چەند ناوچەیەكی تری وەك باشوری داقوق و دواتر بگەڕێتەوە بۆ خورماتوو،  گروپ و مەفرەزەی داعش بوونیان هەیە، هەموو ساتێك بەدوای هەلێكن، بۆ كردەوەی تیرۆرستی.

لەماوەی كۆتا مانگەكانی ساڵی 2019، لەسنوری كەركوك و سڵاحەدین و دیالە بەتایبەت ناوچەكانی قەرەتەپەو جەلەولا، دواتر بگەڕێتەوە بۆ چەند ناوچەیەكی تر لەباشوری موسڵ،  چەكدارانی داعش بەڕوونی بازگەی وەهمیان داناوەو خەڵكیان كوشتووەو پارەو شتی جۆراوجۆریان لەهاووڵاتیان وەرگرتووە، ئەوەی باسمكرد، تەنها رووە ئاشكراكەی داعشە، كەپێمان دەڵێت، ئەوەتە بوونمان هەیە، بەشێوەیەك لەشێوەكان پیلانەكانیان و بەرنامەی كردەوەو رێكخستنەكانیان گۆڕیوە.

ئایا رووە شاراوەكەی داعش كامەیە؟، پەیوەندی بەچیەوە هەیە؟، وە لەچ كاتێك و ساتێك دەبێتە واقعێكی مەترسیداری گەورەترو لەوەی رابردوو كە بەغدادی رابەرایەتی دەكرد، مەترسیدارتر دەردەكەونەوە؟، بێگومان وەك چۆن لەسەرەتای دەركەوتنی ئەم گروپە، پرسەكە نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی ناوچەیی بوو، بەهەمان شێوە ئەم جارەشیان وادەبێت، بەڵام بەرگێكی ئەستورتری لەبەركردوەو، پیلان و نەخشەیەكی فراوانترو رەشەبایەكی پڕ لەگۆڕانكاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمەش چ كات دەست پێدەكات و یەكلا دەبێتەوە، بێگومان دوای كۆتایهاتنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئەمریكا.

هەوایەكی ناخۆشی ململانێ، بۆ دروستبوونی جەنگێكی درێژخایەن لەناوچەكەدا دێت و دەچێت، جوڵە سەرەتایەكانی ئاڵۆزبوون و فراوانبوونی گرژیەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران دەستی  پێكردوە، هەر رۆژێك بەشێوەیەك ئەمریكا هەنگاو ئەنێت، لایخۆشیەوە ئێران دەستەوەستان نەوەستاوەو جوڵەو ستراتیژی خۆی زیاتر لەعیراق قوڵدەكاتەوە.

هەرچی خۆپیشاندانەكانی عیراقیشە پەیوەندی بەو گۆڕانكاریە گەورەیەوە هەیە كە هەنگاوە سەرەتاییەكانی دەركەوتووە، پرسیارێكی گرنگ لێردە دروست دەبێت، ئایا سەرهەڵدانەوەی داعش چ پەیوەندیەكی بەم ململانێیەوە هەیە؟، داعش پرسێكی نێودەوڵەتیە، خۆبەخۆی دروست نەبووەو، وەك چۆن سەرەتا توركیا بۆ بەرژەوەندیەكانی خۆی بەكاری هێنا، دواتر ئەمریكا سوریایی پێ لەت و پەت كرد، پاشان بۆ گەڕانەوەی خۆی بۆ عیراق، بەبیانووی داعش هاتەوە ناوچەكە، بەهەمان شێوە ئەمجارەشیان وێنەكانی لەوە بەدەرنین، بەڵام بێ شك نەخشەكەی ئەمجارەیان ئاڵۆزی گەورەترو كوژراو ئاوارەیی و دێمەن و وێنەی مەترسیدارتری لەخۆی گرتووە.