بەزۆر ئەتهێننە قسە ..!!!

سامان یاروه‌یس 27/12/2020

       من نازانم ئەگەر سۆشیاڵ میدیا لەباشوری كوردستان بلۆك بكرێت، ئاخۆ ئەو هەموو بەرپرس و وەزیرو پەرلەمانتارو گچكە بەرپرس و چالاكوان و نوسەرو شتانە چیان بەسەر دێـت..؟؟!!، زۆر جار وەڵامەكەیم بەئاسانی دەستئەكەوێت، بۆ نمونە بەشێكی زۆریان سەری خۆیان هەڵئەگرن و ئەچنە ئەوروپا، رەنگە ئەمەش وەڵامێكی روون و زۆر پراكتیزە نەبێت.
       ئەم بیركردنەوەیەیی من لەچیەوە سەری هەڵداوە؟، بێگومان كاتێك تەماشای وێنایەكی تاكی كورد بەتایبەت ئەو چینەی كەلەسەرەوە ئاماژەم پێكرد ئەكەیت، رەنگە ئەگەر یەكێك خەڵكی ئەم وڵاتە نەبێت و ئەوانەی بۆ وەربگێڕدرێت، وابزانێت باسی دوبەی و نیویۆرك و ئەوروپای بۆ دەكرێت..!!، رەنگە تووشی شۆك بێت ئەگەر بێتوو لەدۆخی خەڵكەكەی بكۆڵێتەوە.
   كۆمەڵگەی كوردی لەسۆشیاڵ میدیا لەناو هەڵوەشاندنەوەیەكی قوڵی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ویژدانی و رەوشتایەتیە، بەوردی سەرنج بدەیت چ لەڕووی بڵاوكراوەكان و كۆمێنت و شێوازی دەربڕینەكان تێدەگەیت نەخۆشیەكی كوشندە بەهێواشی بەرۆكی تاك بەتاكی گرتووین، بێ پەلەكردن كۆمەڵگە بەتایبەت خێزانەكانی لەیەك هەڵوەشاندوەتەوە، دواتر پەردەیەكی رەشی بەبەرچاوی خەڵكە ئاساییەكە كێشاوەو حزبەكانیش تەراتێنی ئەسپی قوڕاوی و پەككەوتووی خۆیانی تێدەكەن.
       فارسەكان پەندێكیان هەیە بۆ ئەو مرۆڤانەی بەردەوام فێل لەهەست و هزری خۆیان دەكەن و كۆمەڵگەی پێ چەواشە دەكەن و یاریەكی بۆگەن ئەكەن، كە دەڵێت:" كەر رەنگ دەكەن لەبری كەناری دەیفرۆشن"، ئەمە بزەبت ئەوەیە.
جا من نوسینەكەم پڕ دەكەم لەحیكایەت و نمونەی ئانی، كەبەچاوەكانی خۆم بینیومن" جارێكیان بەسەردان چوومە ماڵی كوڕێكی هاوڕێم كە پۆستی  فەرمانگەیەكی بچووكیان پێدابوو، دوای سەعاتێك گفتوگۆو  راگۆڕینەو باسكردنی گوزەران، پێی وتم" پێم خۆشە لەگەڵم بێیت بۆ باخی فڵان كەس، لەوێ فڵان بەرپرس هاتووە، تۆزێك بێتاقەتە ئاهەنگی بۆ سازدەكەین، دوو گۆرانی بێژی ئێرانیان هێناوەو خواردنەوەو دوو بەرخیان بەسەر ئاگرەوە ناوە، تۆش وەرەو بێتاقەتی خۆت خالی بكەرەوە"، رەنگە موبالغەو زیادەڕەوی نەبێت لەسەر كەسایەتیم، بێتاقەتیەكی ویژدانی قوڵ دایگرتم، كە ئاخۆ بەرپرسێكی باڵای حزبی بەو هەموو سەروەت و سامان و خۆشگوزەرانیەیی هەیەتی بۆ تۆزێك بێتاقەتی ئەو هەمووەی بۆ بكرێت، ئەی ئەو هەموو خەڵكە كەبەدەست بێ موچەی و بێ كاری و شپرزەی و تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵگەوە دەناڵێنن  چۆن بن؟، ئاخۆ بستێكی بچووكی بێ ئاوی و بێ موچەی بەو بەرپرسە بدەیت، ئاخۆ بێتاقەتیەكەی چۆن خالی بكاتەوە..؟؟!!.
      لەیەكێك لەشارەكانی ئەم  كوردستانی باشورە، دز چووبووە ماڵی بەرپرسێكەوە، لەبەیانیەكەی كە هێزی پۆلیس چووبوونە شوێنی رووداوەكەو لێكۆڵینەوەیان لەكۆشكەكەی كردبوو، رەنگە ڤێلاش بێت كە من  ئەم دووناوەم بۆ جیاناكرێتەوە، زۆر گەڕابوون، ئەفسەرەكە وتبووی" گەورەم شوكر بۆ خوا هیچ شتێك نەدزراوە"، ئەویش بەتوڕەییەوە پێی وتبوو" چۆن شت نەدزراوە، دوو بوتڵی شەرابم دزراوە لەئەوروپا بە 7 هەزارو 500 دۆلار بۆیان هێناوم".
مەبەستەكەی من لەسۆشیاڵ میدیاو ئەم جۆرە حیكایەتانە چیە ؟!، ئەوەیە كە هەمان كارەكتەرەكانی ناو حیكایەتەكان كەسە رۆشنبیرو بەرپرسە پاكەكانی سۆشیاڵ میدیان، بەجۆرێك حیكایەتەكانی ژیانی خۆیان دەگێڕنەوە كە ئەوان فریشتەی فرستادەی رەسمی خوان بۆ ناو ئەم كۆمەڵگەی كوردیە، كەچی لەپاشخانەكەیاندا هەزاران كرداری ناكرداری كۆمەڵایەتی و سوكایەتیكردن بەویژدانی كۆمەڵگە هەیە.