مەزڵوم عەبدی و ئەردۆغان

زیرەک کەمال 12/11/2019



ئەردۆغان مجێور و بانگدەری یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری ئەستەنبۆڵ بوو، زۆریش سەرسام بووە بە موجاهیدە تیرۆریستەکانی تۆرابۆرای ئەفغانستان، بۆیەش دەگوترێت کاتی خۆی دووجار سەردانی ئەفغانستانی کردووە و وەکو شاخەوانێکی کارامە بە زنجیرە شاخەکانی ئەفغانستان هەڵگەڕاوە، ناوەڕاستی نۆهەتەکانی سەدەی ڕابردووش چەندین جار سەردانی قوتابخانە ئاینییەکانی موجاهیدانی پاکستانی کردووە و زۆریش بە (تاڵیبان) سەرسام بووە، ئەردۆغان بوو بە سەرۆک وەزیرانی تورکیا، نووسەرێکی تورک بۆ ئەرۆدغانی نوسیبوو، شەرمەزارم کە تۆ بووی بە سەرۆک حکوومەتی وڵاتەکەم، بەس بەناچاری پێت دەڵێم جەنابی سەرۆک، لێت تێک نەچێت کە ئێستا تۆ بانگدەری مزگەوت نیت و بێت وابێت کە بانگتدا دەبێت هەموو خەڵک گوێت لێ بگرێت، چونکە ئێستا تۆ سەرۆک حکوومەتی کاراکتەری ناو دنیای سیاسەتی، لە سیاسەتیش گەمەی جۆراوجۆر هەیە و تکایە لەبیرت نەچێت بەشێک لە گەمە سیاسییەکانی وڵاتی ئێمە سەروکاریان لەگەڵ دیموکراسیدا هەیە، لە دیموکراسیەتیش هەڵبژاردن و لە هەڵبژاردنیش دەنگی جەماوەر پێوەرە.
چەند مانگێک پێش ئێستا (ئیمام ئۆغلۆ) سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبۆلی لە ئاکپارتییەکەی ئەردۆغان بردەوە، ئەردۆغان کێچ کەوتە کەوڵی و هاروهاج بوو، بۆیەش بە بڕیارێکی سەرووی دیموکراسیەت، هەڵبژاردنەکانی دووبارە کردەوە، بەڵام ئەمجارەش هەڵبژاردنەکەی خراپتر لە جاری پێشوو دۆراندەوە و ئیمام ئۆغلۆ نەک هەر سەرلەنوێ بردیەوە، بەڵکو دەنگی زیاتریشی هێنا. ئەوجارە هەر ئەو نووسەرە تورکییە نووسی، جەنابی مجێور بانگبێژی (مزگەوتی باب عالی) تۆ یەکەم جار بەرانبەر (ئیمام ئۆغلۆ) دیموکراسییانە دۆڕای، بەڵام ئەمجارە ئەخلاقی هەڵبژاردنت دۆڕاند. دەشزانم دوای ئەو دۆڕانە عاقڵ نابیت و بەڵکو بۆ ئەوەی دۆڕانەکەت لەبیر خەڵک ببەیتەوە، دەزانم تورکیا دووچاری قەیرانێکی ئەخلاقی دەکەی، بەداخەوە قسەی نووسەرە تورکەکە هاتەدی و ئەردۆغان پەلاماری ڕۆژئاوای کوردستان و وڵاتەکەی (مەزلوم عەبدی) دا، من دەزانم تورکیا لەو داگیرکارییە ئەمڕۆش نەبێت سبەی باجێکی گەورە دەدا، دەشزانم جیاوازی نێوان ئەردۆغان و مەزڵوم عەبدی ڕێبەری خۆرئاوای کوردستان جیاوازی نێوان ناشیرینی و جوانییە، جیاوازی نێوان ژەهری مار و شیرینی هەنگوینە، بەڵام چیدەکەی کە ئەوەی ئەمڕۆ چارەنووسی گەلان دیاری دەکات نائەخلاقی سەرمایە و هێزە.