ڕاپەڕین و دزینی شۆڕش

زیرەک کەمال 16/04/2019

 

وزە و شۆڕشی ١٤ی تەمموزی 1958 شیوعی و دیموکراسیخواز و نیشتمانپەروەرەکانی عێراق و کوردستان بوون، بەڵام دواتر توندڕەوی ناسیۆنالیستی و دکتاتۆر و شۆڤینییەکانی عێراق چوونە ناو بنج و بنەوان و کەلێن و خانەوردە سیاسییەکانی شۆڕش و دەستیان بەسەردا گرت و دواتریش لە شوباتی 1963 تەواوی شۆڕشەکەیان دزی و خستیانە ناو چاڵە ڕەشەکانی مێژووی خۆیان، وزە و هەوێن و هێزی سەرەکی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ساڵی (1979) شیوعی و دیموکراسیخواز و پێشکەوتووخوازەکانی ئێران بوون، زۆر کەس (ئیحسان تەبەری و کیان نووری) کە هەردووکیان دوو سەرکردەی شیوعی بوون بە بیرمەند و داڕێژەری ئەو ڕاپەڕینە دەزانن و زۆربەی هەرەزۆری ئەوانەش لەو ڕاپەڕینە شەهید بوون، بەڵام دواتر کۆمەڵێک مەلایی و عەمامەڕەش و ڕابەری شیعە بەرهەم و دەستکەوتەکانی ئەو ڕاپەڕینە مەزنەیان بۆ خۆیان برد و کردیانە بناغەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئینجا بەبڕیاری ئیمام خومەینی ڕابەری کۆمار هەموو ئەوانەی پێشەوا و سەکردەی ڕاپەڕین بوون خرانە کونجی زیندان و بەشی هەرە زۆریشان لەسێدارەدران. لەو چەند ساڵەی ڕابردوو لە بەشێکی وڵاتانی عەرەبی بەناوی بەهاری عەرەبی گەلانی ئەو وڵاتانە لە دژی دکتاتۆریەت و شۆڤینیەتی وڵاتەکەیان ڕاپەڕین، ئەو ڕاپەڕینانە وایان کرد، کە هەندێک دکتاتۆر لەژێر گوشاری هاتنە سەر شەقامی جەماوەر و زایەڵەی ڕاپەڕینی خەڵک هەڵاتن و وڵات بەدەرکران، بەڵام سەرەنجام ئیخوان موسلمین و گرووپە ئاینی و سەلەفییەکان و دەستێوەردانی وڵاتانی جیهان لە دۆخی سیاسی ئەو وڵاتانە ڕاپەڕین و شۆڕش و قوربانییەکانی خەڵکی ڕاپەڕیویان بەهەدەردا و شۆڕشەکانیان دزی، ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییانە نەک نەبوونە بەهاری عەرەبی، بەڵکو بەهاریان لە وەرزەکانی ساڵی ئەو وڵاتانەش بەیەکجاری سڕییەوە، لەو چەند ڕۆژەی ڕابردووش ڕاپەڕینی هەردوو گەلی جەزائیر و سودان عەبدولعەزیز بوتەفلیقە و عومەر بەشیریان ناچار بەدەست لەکارکێشانەوە کرد، بەڵام لە ئەنجامی لاوازی هێز و حزبە چەپ و دیموکراسیخوازەکانی جەزائیر و سودان، پێدەچێت ئیخوان و گرووپە توندڕەوەکان بێت، چونکە سەرەڕای لەدەسەڵات نەمانی بوتەفلیقە و بەشیر، بەڵام سەرکردە و کادیر و ڕێکخستنی حزب و گرووپە سەلەفی و دواکەوتووەکان ئامادەنین شەقام چۆڵ بکەن و لەناو دروشمەکانیش بەڕوونی ئەوە دەڵێن، ئێمە تەنیا بۆ لەکارخستنی بەشیر و بوتەفلیقە ڕانەپەڕیوین، بەڵکو دەمانەوێت جەزائیر و سودان بخەینەوە سەر هێڵی خەلافەتی ئیسلامی، هەڵبەت جەماوەری قارەمانی میسر و تونس و یەمەن و لیبیا و سوریا و جەزائیر و سودان، لەپێناوی نان و ئازادی و شکۆی مرۆڤانەی خۆیان ڕاپەڕین، نەک بۆ گێڕانەوەی ئەو وڵاتانە بۆ ناو تونێلە تاریک و داخراوەکانی مێژووی چاخی بەردین، ڕاپەڕینی جەماوەری جەزائیر و سودان تابڵێی دیمەنێکی شۆڕشگێڕانەی جوان و سەرنجڕاکێش بوو، منیش کە لەماڵی خۆم دانیشتووم بەدڵ لەگەڵ ئەوان چەپڵەم لێدەدا و دروشمم دژی دکتاتۆری سودان دەگوتەوە، بەڵام دەشترسم گۆڕانکارییەکانی ئەم دوو وڵاتە خەون و هیوا و ئامانجەکانی ئەو دوو گەلەش بخاتە ناو چاڵی نائومێدی و سەرەنجام سودان و جەزائیریش ببنە یەمەن و لیبیایەکی تری ئێستا و بچنە سەر ئەو نەخشە بێ مانایەی پێی دەگوترێت نیشتمانی عەرەبی، چونکە دزینی شۆڕش بەشێکی گەورەیە لە کلتووری سیاسی ئەو وڵاتانە.