كۆستی دووجار كۆست بۆ رۆژنامەنوسان!

مەریوان عەلی 20/10/2019



ئەو ئافاتەی سیاسییەكان دروستیان نەكردووە، رۆژنامەنوسان پێشبڕكێی بۆ دەكەن!

هەر چەشنە تێڕامانێك لەئێستای دنیای رۆژنامەنوسی كوردستان، بەسە بۆ ئەوەی زۆر بەسانایی تێبگەین چ بەڵایەكی گەورە بەرۆكی گرتوین! چونكە یەكەمین دەزگا كە یاسا پێشێل دەكات‌و رای گشتیش بەلارێدا دەبات مێدیایە..
بۆیە ئەگەر رۆژنامەنوسی بەم ریتمە بەردەوامبێ‌، ئەوا وەك ئافاتێك تەواوی پەیوەندییە ئۆرگانییەكانی كۆمەڵی كوردستان لەبەین دەبات‌و ئەو ئومێدەی، سیاسییە نەخوێندەوارو كۆڵەوارەكانی ئەم وڵاتە نەیانتوانی‌و هێزی لەناوبردنیان نەبوو، ئەوا مێدیا‌و كەناڵەكانی راگەیاندن‌و ئەوانەی بەناوی رۆژنامەنوسەوە تەنها تەپ‌وتۆز دەكەن، بوونەتە سەرچاوەی خۆرە، بۆ لەناوبردنی ئەو ئومێدی بەردەوامی‌و ژیاندۆستییەی هێشتا سەرچاوەی ژیانبەخشینە لەكۆمەڵی كوردستاندا.
كارەساتی لەناوبەری كاكە ئامانج‌و لانەخان‌و هامۆی پەپولە، شۆكهێنەرو تازیەبارییە‌و هاوڕێیانیشیان بەشێكی گەورەیان لەو كۆستە بەردەكەوێ‌، بەڵام بەسوێترو بەئازارتر، بێدەربەستی هەموو ئەوانەبوو، كە بێ‌ هیچ ئیتیك ‌و عورفێكی دینی‌و دنیایش، حەكایەت‌و قسەی زلیان لەسەر رووداوەكە دەهۆنییەوە..
ئەم بێ‌ مۆراڵی‌و بێ‌ ئیتیكەی كە زۆرێك لەپشت شاشەی كۆمپیوتەرو مۆبایل‌و بەردەم مایكی كەناڵەكان خویان پێوەگرتووە، لەگەڵ ئەوەی بەڕادەیەك ئاشتی كۆمەڵایەتیان شێواندووە، بونەتە هێزێكیش بۆ ناشرینكردنی سەرلەبەری كایەكانی ژیان‌و تاك‌و كۆی ئەم كۆمەڵەشیان لەچوارچێوەی وەهمێكی گەورەی نەفریندا لەقاڵبداوە!
بەشێكی بەرچاو لەمێدیای بینراو و بیستراو و خوێنراوی ئەم كوردستانە، كە وەك شەوكوێرێك كەوتونەتە دوای سۆشیالمێدیا، نەك هەر لەئاقاردا نەماون، بەڵكو بەم حاڵەوە بێ‌ دەربەستانە كەوتونەتە ناو مەیدانی تەواوی كایە جیاوازەكانی ژیان‌و هەر رۆژەی وەك بەڵایەك، جومگەیەكی ژیان گیرۆدە دەكەن.
ئافاتەكە لەوەدا نییە، تاكی ئەم سەردەمە بەهۆكاری تەكنیك‌و تەكنەلۆژیا، بۆتە تاكێكی گەردوونی، بەڵكو ئافاتەكە ئەو حەمكە نەخوێندەوارەیە، كە هەریەكەیان بە پلەو پێگەیەكی جیاوازەوە، وەك فریادڕەس، شرۆڤەی حاڵی دەردەداران دەكەن.
كۆتایی ژیانی هاوڕێیانمان ئامانج لانەو منداڵەكەیان، ئەگەرچی بەوێنەی كارەساتەكە، هەر بەزوویی وەك كۆستێكی گەورە وێنای بۆ كرا. بەڵام كارەساتبارتر، قسە زلی‌و بێ‌ مۆراڵی هەموو ئەوانەبوو، كە خەریكبوو كارێك بكەن، كۆستی لەدەستدانی ئەو ئازیزانە، بەحەكایەتەكانیان لەبیربەرنەوە‌و هاوغەمی بگۆڕن بەڕق‌و توڕەیی‌و رووەو دەزگا پارێزەرەكانی ئاسایش‌و پۆلیسی سلێمانی ئاراستەی بكەن..!
نیگەرانییەكەش لەوكاتەدا تۆختر بۆوە، كە بەڕێز وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیاند :
"بەداخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ ئێوارە، رۆژنامەنوسێكی كەناڵی nrt بەناوی ئامانج محەمەد نوری ناسراو بەئامانج بابان لەگەڵ لانە محەمەدی هاوسەری ‌و منداڵێكیان بەناوی هانۆ، لەسلێمانی درانە بەر دەستڕێژی گوللەو گیانیان لەدەستدا"..!!
وەقعی هەموو ئەو چیرۆك‌و واتەواتانەی مێدیا‌و ئەو تەرزەش لەخەڵكی، سەرەڕای پلەو پێگەو پۆستەكانیشیان لەناوەندە ئەكادیمی‌و جیاوازەكانی تر، بەهێندەی وەقعی راگەیەندراوەكەی حكومەت، نابێتە تیغی دووسەرە بۆ شێواندنی راستییەكان‌و هەم بۆ لێدان لەشكۆی حكومەت‌و دامودەزگاكانیشی! 
ئەگەر بەشێكیش لەرای گشتی لەژێر كاریگەری مێدیای بێ‌ دەربەست هەڵوێست وەربگرێ‌، بەڵام هێشتا ناگاتە ئەو ماڵوێرانییەی بەشێك لەرۆژنامەنوسان‌و خاوەن پێگەو پلەو پۆست، كە پێش رووداوەكە كەوتن‌و هەشبوون بەحقد‌و كینەی سیاسییەوە، بۆ ئامانجێكی دیاریكراو،  دەیانویست نەفرەت بخوڵقێن..
هەروەك چۆن زۆر كەمبوون ئەو چەند كەناڵەی كۆستەكەیان رایگەیاند، بەڵام نەكەوتنە ناو تەپ‌و تۆزەكەوە، هەر بەوشێوەیەش دەكرا بەڕێز وتەبێژی حكومەت، دوور لەمێدیا‌و سۆشیالمێدیا، بەتەلەفۆنێك لەگەڵ تەواوی دامودەزگاكانی حكومەت لەسلێمانی، بكەوێتە سەر هێڵ‌و هاوكات هۆكارێكیش بێ‌ بۆ نەشێواندنی راستییەكان‌و  بەهەڵە ئاراستەنەكردنی رای گشتی.