یەكێتی؛ لەبەردەم جەلادو پەت‌و سێدارەدا..!

مەریوان عەلی 21/11/2018




  چل‌و دوو ساڵ لەمەوبەر، لەتاریك‌و روونی بەرەبەیانی (21/11/1976)دا، سپێدەی ڕۆژێكی غەمگینی كارەساتباری هەر وەك ئەمڕۆ، سەروەرانمان (شیهابی شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید‌و ئەنوەر زۆراب)، چوونە بەردەم سێدارەو بەوتنی دروشمی (كەم ژیان و كەڵ ژیان)، زیندانیان پڕكرد لەزایەڵەو چەخماخەی پیرۆزیی بونی نەتەوەیەك.. بون بەسەرقافڵەو بەرەو یەكەمین ماڵی نەمریی، كاروانی شەهیدانی شۆڕشی نوێ‌‌و یەكێتییان بەڕێخست و بەبیروباوەڕێكی نوێوە، یەكەمین وانەكانی فیداكاریی و گیانبازییان بۆ ئەمڕۆ و مێژوو و ئاییندەی نەتەوەكەشمان تۆماركرد.
لەئەوێ‌ رۆژەوە، كە سەرقافڵەی شەهیدانمان بەڕێكەوت، هەتا ئەمڕۆ، یەكێتی، حزبی پتر لەبیست‌و یەك هەزار شەهیدی سەنگەرو سێدارەیە‌و شەهیدانی رووبەڕووبونەوەی تیرۆریستانی داعش‌و بەرگریی لە كەركوك‌و شەنگال‌و خانەقین‌و ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستانیش، دوایین سەروەرانی ئەم كاروانە سورەی شۆڕشن..
بەدرێژایی چل‌و دوو ساڵی رابردوو، لەمەتەرێزەوە بۆ سێدارە، كاروانی شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێكۆتاییە‌، لەسەنگەردا، بەپێوە شەهیدبوون و، لەزیندانیشدا، جەلاد‌و پەتی سێدارە، بۆ قارەمانێتی و گیانبازیی یەكێتییەكان، شاهێدی  مێژوون..!
ئەگەر بۆ ئەوكات، شەوی لەسێدارەدانی خاڵەو هاوڕێكانی، شەوی دەیجوری پەژارە‌و بڕیاری یەكەمین هەنگاوی تۆڵەئەستێن بووبێ‌، ئەوا بۆ ئەمڕۆ، دەبێ‌ رۆژی  بڕیاری گەشانەوەی زێدەتری پشكۆی ئومێدو چاوەڕوانی یەكێتییەكان بێ‌..
ئەگەر ئەوكات‌و (42) ساڵ لەمەوبەر، یەكێتیی سەرقافڵەو هەڵگری پەندی (كەم بژی‌و كەڵ بژی) بوبێ‌.. لەمەترێزەوە، تۆڵەسەندنەوە، درێژەپێدانی شۆڕش‌و نەسرەوتن تا سەركەوتن، یەكەمین و دوا ئەرك بووبێ‌، ئەوا ئەمڕۆ، بە وەفاداریی شۆڕشگێڕانە، بە پابەندبوون بەڕێبازی (مام جەلال‌)، بە درێژەدان بەڕێگاو رێبازیان بەڵام بەفەلسەفەی نوێ‌، بە سازدانی کۆنگرەی چوارهەمین‌و زاخاودانەوەی بیروباوەڕی یەكێتیی بەعەقڵ‌و هزری نوێ‌، "چەپكە گوڵەكەی مام" بۆ پاراستنی "یەكێتی ناو یەكێتی"‌، ئەرك‌و لێپسراوێتی ئاكاریمان بێ‌.. 
بەشەرعیەتی پەیڕەو‌و پرۆگرام، سازو جۆشدانەوەی یەكێتی، بۆ راپەراندنی ئەركە نیشتمانیی‌و دیموكراسییەكانی‌، بۆ نوێ كردنەوەی هەیكەل‌و ژیانی رێكخراوەیی، لەئاست ئەركەكانی قۆناغ‌و سەردەمی ئێستای گۆڕانكارییە ناوخۆیی‌و هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتییەكانیشدا، بەوێنەی ئەوكات، سەرقافڵە و پێشەنگ بێ‌..
ئەمڕۆ، دوای مێژوویەكی گەورەو پڕ شكۆ، كە لەلاپەڕەكانیدا سەدان كارەسات و برین‌و ئازاری گەورەو نەبڕاوە هەیە، سەرەڕای رووداوی چاوەڕوانكراو و چاوەڕواننەكراو، نوچدان‌و سەركەوتن، پێویستە كۆنگرە و پرۆژەیەكی ستراتیژی، لەئاست دوا گۆڕانییەكانی قۆناغەكەو پێداویستییە حەتمییەكانی هەلومەرجەكەدا،  وەڵامدەرەوەی واقیعی بەرجەستەو دیاردەو دەركەوتە نوێیەكانی ئەزمونی ئێستامانبێ‌، پرۆژەیەكی ستراتیژی ئەوتۆ، كە دەرئەنجامی خوێندنەوەو پێدراوەكانی هەلومەرجە بابەتییەكە بێت، هەتا بۆ شەڕی دەستوری لەعیراق، یەكێتیی سەرقافڵە‌و لەكوردستانیش، لەپێناو وەرگۆڕانێكی ئەوتۆ، كە شایستە بەژیان‌و واقیعی گوزەرانی كۆمەڵ بێت.. گەشەپێدەری یاساو سەرمەشقی بونیادنانی سیستەمی ئیداریی هاوچەرخ بێ‌.. 
یەكێتی، بەشاخدا سەركەوت و، گەیشتن بەڕاپەڕینی، وەك مێژووی سەركەوتن تۆماركرد.. ئەركی ئێستاشی بۆ پێشەنگ بوون، دەبێ‌ جۆشدانەوەی یەكێتیی لەئاستی فكری، سیاسی، ئایدیۆلۆژیی‌و بونیادێكی نوێی پەیكەرەی رێكخراوەیدا دەستپێكبێ‌. خوێنی نوێ‌ و سەركردەی نوێ‌، لەپاڵ سەركردەی قاڵ‌و قوڵی سیاسی‌و شۆڕش، پێكەوە، بۆ سەركردایەتیكردنێكی كارا، لەئاست بڕیاردان لەهاوكێشە سیاسییەكان‌و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی‌و گەمە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكاندا، سیمای نوێی یەكێتیی بێ‌.. چونكە پاش سەدان هاوكێشە‌و ئاڵوگۆڕیی سیاسی نوێ‌، دیاردەو دەركەوتەی نوێ‌، سەردەمی چوارهەمین كۆنگرە، سیمایەكی تەواو جیاوازی هەیە‌و زەمەنی یەكەمین تا سێهەمین كۆنگرە، رۆیشت‌و بەسەرچوو! كەواتە یەكێتیی بۆ ئەم قۆناغە، سەركردایەتییەكی لێبڕاو و جیاوازیشی گەرەكە..
بۆیە، بۆمنی كادرێكی یەكێتییش، خواست‌و داواكاریی‌و ئامانجی بیروباوەڕیشمە، لەسەر رێبازی مام، لە ساڵڕۆژی خاڵە شیهاب‌و هاوڕێكانیدا، شاخ‌و شۆڕش، بۆ مۆدێلێكی نوێی حزبایەتی تێشوی خەباتمان بێ‌‌و بۆ ئەزمونی نوێی دەسەڵاتدارێتی یاسایی‌و ئیداریی لەكوردستانیش، پەندو وانەمانبێ‌... پەیمانیشمان لەپێناو وتنەوەی دروشمی "یەكێتی نیشتمانیی، ئاواتی هەموومانی" بێ‌..!
سڵاو و دروود بۆ رۆحی مام جەلالی گەورە‌و رابەری شۆڕشی نوێ، نەمری و دروود بۆ شەهیدانی یەكێتی‌و سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان، سڵاو لەكەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، سڵاو لەپێشمەرگە كۆڵنەدەرەكان، سڵاو و دروود بۆ هەركەسێك، رۆژێك بە شۆڕشی نوێوە ماندوو بووبێ‌....