ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی (داعش)
زۆرجار له كاتی ئێستادا باس له رووبه‌رێكی جوگرافیایی فراوان ده‌كرێت كه داعش تێیدا به‌ئاسانی جوڵه ده‌كات له نێوان هه‌ردوو وڵاتی عێراق و سوریا. كه‌سانی شاره‌زا له‌و باره‌یه‌وه شرۆڤه و تێبینیان بۆ سروشتی هه‌بونی چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌ی بیاباندا ده‌خه‌نه‌ڕوو، جه‌خت له‌هه‌بونی ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه ده‌كه‌نه‌وه له‌و ناوچانه. ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا ئاماژه‌یه‌كه كه جه‌خت له‌خۆ ڕێكخستنه‌وه و بوژانه‌وه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه و به‌سه‌ربازكردنی گه‌نجان ئه‌و ناوچانه ده‌كاته‌وه، كه له ده‌ره‌وه‌ی زوم و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌من و ئاسایشی ئه‌و دوو وڵاته‌ن. به‌ڵام هێشتاش به قه‌د ئه‌و رووبه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كه تا ئێستا داعش تێیدا جوڵه ده‌كات گرنگ نییه. ئه‌و ناوچانه به پێچه‌وانه‌وه‌ی رووبه‌ره بیابانیه كراوه‌كه، داخراو و زۆر به‌رته‌سكه، به شێوه‌یه‌كی یه‌كجار تۆكمه پارێزراوه له‌لایه‌ن خودی ئه‌و گروپه‌وه.
ئه‌گه‌ر بیابانی ڕۆژئاوا له عێراق و ناوچه وشكانیه به‌رفراوانه‌كه‌ی شام ئه‌و ناوچانه بن كه پێی ده‌وترێت (رووبه‌ری جوگرافیایی چۆڵ) و بۆشایی گه‌وره‌ی ئه‌منی و ئاسایش تێیدا به‌دی ده‌كرێت و داعش زۆر ئازادنه هاتوچۆو جوڵه‌ی تێیدا ده‌كات، كه به‌پێی سه‌رچاوه ئه‌منیه‌كان به (40%) له رووبه‌ری ناوچه بیابان مه‌زنده ده‌كرێت و چه‌كدارانی داعش له‌وێ مۆڵگه و حه‌شارگه‌یان هه‌یه. دیاره زیاتریش به‌هۆی بونی تونێلی نهێنی و شوێنی خۆ حه‌شاردانی ئاسانتره به‌راورد به ناوچه‌كانی تر، دیاره ڕووبه‌ره‌كه‌ش یه‌كجار فراوانه و ناتوانرێت به ئاسانی كۆنتڕۆڵ بكرێت. كه‌چی شاره‌كانی وه‌ك موسڵ و رومادی و بوكمال و ره‌قه، ئه‌و رووبه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ن بۆ داعش. هه‌ندێك جاریش شاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و سوریاش ده‌گرێته‌وه، وه‌ك ته‌رابلوسی لوبنانی، یان ره‌نگه به‌ره‌و شاره‌كانی ئوردن و سعودیه‌ش بچن. چونكه دواجار ده‌ركه‌وت سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر رێكخراوه‌كه سه‌ركه‌وتنێكی جوگرافی بوو نه‌ك كۆمه‌ڵایه‌تی.
له عێراق پیاوانی ئه‌من و ئاسایش زۆر ڕه‌ش بین ترن له سیاسییه‌كان سه‌باره‌ت به داهاتووی عێراق و داهاتووی ئه‌و گروپه، چونكه ئه‌وان رۆژانه به دوای چه‌كداری نوێ و ئه‌ندامی نوێی ئه‌و رێكخراوه‌ن له نه‌وه‌ی پاش ئه‌و (شكسته جوگرافیاكه‌ی) به‌ریان كه‌وت. رۆژانه له موسڵ شانه‌ی نوێ ئاشكرا ده‌كرێن له‌ناو خودی شاره‌كه. له ئۆردوگای هول له سوریا، داعش هه‌رزه‌كاره‌كان كه‌مه‌ندكێش ده‌كات، ئه‌وانه‌ی له خراپترین دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ژین، به ئاسانی ده‌كه‌ونه ناو بۆسه‌ی ئه‌و گروپه و باره ناهه‌موار و خراپه‌كه‌یان ده‌قۆزنه‌وه و ڕایان ده‌كێشنه ناو رێكخراوه‌كه.
سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش، سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زهه‌بی بوو. ئه‌مه‌ش برینێكی زۆر قوڵی خسته جه‌سته‌ی ئه‌و ڕێكخراوه. بۆیه ئه‌م هه‌سته وا ده‌كات له ناوچه‌كانی تر و به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕونه‌كراو بروژێنرێته‌وه و له‌كاردانه‌وه‌شیاندا به‌زه‌قی ئه‌مه به‌دیار ده‌كه‌وێت، چونكه زۆرێك له قوربانیانی داعش كوڕ و نه‌وه‌ی ئه‌و گروپه شكسته خواردوه‌ی مه‌زهه‌بین. بۆیه هه‌میشه له‌ئاماده باشیدان تا هه‌ڵبكوتنه سه‌ر پێگه‌ی دوژمنه مه‌زهه‌بی و قه‌ومیه‌كه‌یان. ئه‌و هه‌سته به سروشتی خۆی لای داعشه‌كان دروست بوه‌وه مه‌رجی سیاسی ئێستا وه‌ك بژارده‌یه‌كی به‌كۆمه‌ڵ له ڕووبه‌رووبونه‌وه‌دا تێیدا جێگه‌ی نابێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئه‌و دیمه‌نه سه‌راوژوور بێته‌وه، چونكه سنوره‌كان پارێزراونین و بیابانیش بۆته منداڵدانی هه‌ر ڕووداوێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو.
حكومه‌ته‌كان له‌و باره‌یه‌وه كه‌م ته‌رخه‌من و تا ئێستاش به ته‌واوی قه‌باره و ئاست و داتای ڕاست و دروستیان لا نییه له‌سه‌ر ڕاده‌ی به‌شداری هه‌رزه‌كاران و ژنان و چینێكی زۆری كۆمه‌ڵگه له‌ناو داعشدا. ژماره‌كان ته‌نیا لای خۆیان ده‌هێڵنه‌وه. بۆیه تا دێت ڕووبه‌روی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ داعش فراوانتر ده‌بێت و جوڵه‌ی زیاتری پێده‌كرێت. چونكه به ئاشكرا كردنی ژماره و زانیاری ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندیان به داعشه‌وه كرده‌وه واده‌كات رووبه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رته‌سك بێته‌وه و كه‌متر بتوانن به ئاسانی به‌و شێوه‌یه كاریگه‌ری دروست بكه‌ن.