قسەیەک لەبارەی فێمینیزمەوە

شاناز هیرانی 04/03/2020

فێمینزم لە بنەڕەتدا بزووتنەوەیەکی سیاسییە و ئامانج و مەبەستی کۆمەڵایەتی هەیە. خۆی لە مافەکانی ژنان و سەلماندنی خود و رۆڵی ژندا دەبینێتەوە. فیکری فێمنیزمیش بەشێوەیەکی گشتی لە کۆمەڵێک تیۆر پێکدێت لە چەمک و پرس و شرۆڤەکاری و راڤەکاری بۆدۆخی ژنان و فاکتەری باشترکردن و کاراکردنی، هەروەها چۆنێتی سوودوەگرتن لێی.
بەمەش فێمینیزم واتە پیادەکردنی جێبەجێکاری واقیعی و خاوەن ئامانجی دیاریکراو. بەم دواییانەش بەشێوەیەکی روونتر گەشەی کرد و توانی لە لایەنی تیۆرییەوە گەڵاڵە ببێت بەرەو پراکتیکی و بەشێوەیەکی پێگەیشتووتریش.
ئەو بزووتنەوەیە کار دەکات بۆ گۆڕینی دۆخ و شێوازی کۆمەڵایەتی. بەو تیۆرییەوە دێتە پێشەوە و ئاراستەی خۆی دەکات. تیۆرەکەش چەندین لقی لێ بۆتەوە و بەرەو پێشەوە چووە.
بەم جۆرە فێمنیزم لە سەدەی نۆزدەهەمدا بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەستیپێکرد و فیکری فێنیزمی لەدایک بوو. لە قۆناغی دواتریش فەلسەفەی فێمینزم هاتە کایەوە. کە ڕۆڵێکی کارای گێڕاوە و زیاتر لەهەر فەلسەفەیەکی تر پەیوەستە بە واقیع و ژیانی رۆژانەی ژنان بەهەموو شێوازەکانییەوە.
بەکورتی فێمینزم فیکرو واقێعێکی لەیەک جیانەبۆوەن. تەنانەت ئەگەر بڵێین فەلسەفەی فێمینزمی وەک ڕیکخستنێکی مشتومڕانە لەو دوو ڕووەوە بۆ بزوتنەوەکە هات، هەر ڕاستە، کە پێکەوە پێشکەوتن.
لەو چوارچێوە پان و بەرینە و سەرتاسەرییەدا، فێمینزم هەر هەوڵێکی پراکتیکی یاخود تیۆری بۆ بەرەنگاربوونەوەی، یان پێداچوونەوەی، یان رەخنەگرتن، یان هەموارکردنەوەی سیستەمی نێرسالاری (پەتریاکی ــPatriachal) ی باو بەدرێژایی مێژووی شارستانیەتی رۆژئاوایی لەخۆدەگرێت.
پەتریاکی بوونیەیەکی شارستانی مرۆییە ــ بە جیاوازی قۆناغ و پێشکەوتنەکانییەوە ــ لەسەری دامەزراوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان دروست بووە، کە تێیدا ژن لە ئاست و پێگەیەکی نزمترە و ملکەچە بۆ بەرژەوەندییەکانی پیاو. پیاوان پێگەی باڵا و بەرزیان هەیە، تەنانەت خاوەن دەسەڵاتی پێکهێنانی خودی ژیانی ژنانیان هەیە. بەمەش ژنان ڕووبەڕووی جۆرەها سەرکوتکردن و ستەم دەبنەوە. دەیان و سەدان کۆت و پێوەند دروست کراون. بێ بەش کراون لە بچوکترین ماف، تەنیا لەبەرئەوەی ژنە. تەنانەت وای لێهاتبوو کە ژیانکردن تەنیا بە مافی پیاوان دابنرێت.
بە هۆی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی نێرینە، ژنان بێ بەها کراون: واتە ڕۆڵی وەکو مێ… وەک هاوسەر و وەک دایک. مێینە حەتمیەتێکی بیۆلۆجیە و بەسەر ژندا سەپێنراوە و لەناو خێزاندا گەمارۆی داوە کە پیاو سەرپەرشتی دەکات. هەر بە پێی مەرج و داواکارییەکانی پیاویش دەجوڵێتەوە. ئینجا چونکە خێزان دامەزراوەیەکی پێویست بوو بۆ بەردەوامبوونی ژیان، بۆیە حەتمیەتی بیۆلۆجی و زەروریەتی خێزان دوو پاساو بون، کە وایانکرد ژن بکەوێتە پێگەیەکی نزمتر لەپیاو، هەروەها تەرخانکراویش بۆ خۆشییەکانی پیاو و بووە واقعێکی سەپێنراویش.
دواتر بووە شتیکی سروشتی و دادپەروەرانەش: چونکە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی نێرینە بەهێزترە.
فێنییزم دێت ئەمە بە بەشێک لە بەرژەوەندیی پیاو جەختی لەسەر دەکاتەوە، بەڵام دادپەروەرانە نییە و لە بەرژەوەندیی ڕێبازی شارستانیەتی و مرۆییش نییە، کە لەژن و پیاو پێکدێت. مرۆڤایەتی تا ماوەیەکی درێژخایەن ماف و رۆڵی شارستانیەتی ژنی بەهەدەر داوە، بەتایبەتیش توانا و شارەزایی وهەست و دەرونی ژنی بەکەم سەیر کردووە، تەنیا لەبەر ئەوەی مێینەیە یان تایبەتن بە ژن. دواتر پاش ئەوەی فێمینیزم لە قۆناغی یەکەمی لە سەدەی نۆزدەمەوە کاری کرد بۆ دەستبەرکردنی مافەکانی ژنان، بۆیە فێمینیزمی نوێ ئێستا کار دەکات بۆ بەدیارخستن و کاراکردنی ئەو جۆرە شارەزایانەی ژنان و پێی وایە دەتوانیت بەشدار بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی شارستانیەتی هاوچەرخ و پیادەکردنی زانست و زانیارییەکانی بەهۆی ناوەندیەتی نێرینە، کە زۆر زاڵ ببوو، تاک لایەنەش کاری دەکرد.
بەم جۆرە دەردەکەوێت کە فێمینیزم ئاڕاستەیەکی فرە قۆناغە و فرە گۆڕانکارییە، وەک هەر ئاراستەیەکی فیکری گەورەش، چوارچێوەیەکی گشتیی هەیە، کە چەندین لق و پۆپی لێدەبێتەوە. جیاوازیی زۆریشیان لەنێواندا هەیە، بەڵام سەرجەمیان بەرامبەر مەسەلەی پەتریاکی کۆکن. بەمەش یەکەمجار دەستەواژەی فێمینیزمی Feminism لە بیری خۆرئاواییدا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا بەدیارکەوت. بە دیاریکراویش لە ساڵی 1895.
فێمینیزم رەگ و ریشەی هەیە؟
وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بەڵێیە، چونکە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی مێژووی ئەنترۆپۆلۆژیدا، سەردەمی مێینەیی بەخۆیەوە بینیووە. تێیدا ژنان ناوەندی دامەزرێنەی کۆمەڵایەتی بوون. شارستانیی فیرعەونیش بە پارسەنگی کردن لەنێوان نێر و مێدا جیادەکرێتەوە. ژن لە میسری کۆندا بەشداربووە لە چالاکیی ئابووریی و کاروباری گشتی. لە ڕێوڕەسمی ئایینی. لە دەسەڵات. میراتی تەخت لە سەردەمی شاژنە (مەریت نیت) کچی شا وادجی چوارەم پادشای خێزانی یەکەم بنەماڵەی تەختیان گرتووەتە دەست، وەک یەکەم ژن لەمێژوودا دەسەڵاتی گرتۆتە دەست. بیست ساڵ حوکمی میسری کردووە (3250ــ 3230 پ. ز).
پارسەنگی نێوان نێر و مێ لە میسری کۆندا گەیشتە ئاستی سیۆلۆجی. چونکە ژمارەی خواوەندە پیاوەکان یەکسان بووە بە ژمارەی خواوەندە ژنەکان. ماعت، خواوەندی دادپەروەریی پێگەیەکی باڵای هەبووە. جگە لەوەش ئەزیسی خواوەندی بەهاکانی دڵسۆزیی و وەفاداری و دژایەتی کردنی جەنگ یەکجار خۆشەویست بووە. ئەو پارسەنگییە گەیشتوەتە پلەبەندی (الخلق والتکوین).. لە چین-ی کۆنیش پارسەنگێکی تەواو هەبووە لەنیوان یانگ و ئەلین کە نێر و مێ بوون.
بەڵام ئەگەر بێین بەدوای بنچینەی فێمینزمدا بگەڕێین، وەک رەوتێک لە رەوتەکانی بیری خۆرئاوایی، میراتێکی فەلسەفی خۆرئاوایی دوور و دێژ دەبینین لە ئەگریکەکانەوە. وەک هەر پێکهاتەیەکی تری خۆرئاوایی، وەک شیعر و ئەفسانە و ئەدەب و یاسا و ئامۆژگاریی و گوتاری ئایینی و پەروەردەیی.. هتد. کە تێیاندا دان بە ئاست نزمی ژندا دەنێن و ئەو دۆخەش بە دۆخێکی سروشتی بۆ ژن سەیر دەکەن.
تەنانەت خودی زانستی ئەزموونیش لە سەروبەندی سەردەمی هاوچەرخدا کاتێک لە شارستانیەتی رۆژئاواییدا توندتر بوو، ئەویش چووە پاڵ ئەو رێچکەیە و ژنی لە ئاستێکی نزمدا دانا. بەتایبەتیش بەهۆی بیۆلۆجیا و زانستی دەروونی. جگە لە بەدیارکەوتنی ئەو شتانەی بەتایبەتی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرابوون. وەک کرانیۆلۆجی، واتە: زانستی کەللەی سەر و پێوەر کردنی قەبارەکەی، کە لە ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدە زۆر باو بووە. چەندین توێژینەوە لەسەر زیرەکی و توانای فیکری کران، لەسەر ئەو بنچینەیەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە قەبارەی مێشکەوە هەیە! بەمەش زانایانی کرانیۆلۆجی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە تێکڕای ژیریی ژنان نزمترە و بەمەش بێ تواناترن.
لێرەدا بەڕوونی دیارە فێمینزم لە قۆناغەکانی فەلسەفەی خۆرئاوایی هیچ گەشەیەکی بەخۆیەوە نەبینیووە. ڕەنگە هەندێک بیرۆکەی بریقەدار هەبووبن لەلایەن ئەگریکییەکان. یان رەنگە جاروباریک فەیلەسوفێک ــ بەتایبەتیش فەیلەسوفەکانی سەردەمی فەلسەفەی نوێ ــ پرسیاریان لەسەر ئەو ئاستە نزمەی ژنان کردبێت، یان بۆچونێکی دەربڕی بێت، کە لەوانەیە ببێتە مرۆڤێکی تەواو وەک پیاو.
هەریەک لە دێنیس دیدرۆ D. Diderot (1713ــ 1784) و ئەدریان هیلڤسیۆس A.C. Helvetius (1722ــ 1771) کە لە کتێبەکەی بەناوی (مرۆڤ و پەروەردەبوونی) لە حەتمیەتی بیۆلۆجی، کاتێک ئاماژە بەوە دەدات کە هۆکاری ئەو دۆخەی ژنان پەروەردە بوونە، نەک لە زکماکییەوە ئاست نزم بن. هۆلباخیش (1733ــ 1789) کە پێی وابووە دۆخی ژنان جۆرێکە لە جۆرەکانی کۆیلەبوون و پێویستە لەناو ببرێت. بەجیاوازی بوونی چەندین نووسەری ژن لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوویی خۆرئاواییدا، کە بریتی بوون لە ژنانی شاعیر و راهیبە و ئامۆژگاریدەر. ئەمانە زۆرجار پەنجەیان دەخستە سەر کێشەکانی ژنان و تایبەمەندیەکانی. یەکێکیش لەوانە کتێبەکەی (پێشنیازێکی ڕاستەقینە بۆ ژنان) 1694 لە نووسینی ئان ماری ستێل. پێش ئەویش بۆلین دی لابار، کە دەڵێت: هەرچی پیاوان لەبارەی ژنان دەینووسین گوماناوییە چونکە پیاو رکابەری ژنە.
بەڵام ئەو ئاماژانەی هەموویان لە سەدەی نۆزدەهەمدا گۆڕانکارییەکی وایان دروست نەکرد و رەوتی شارستانێتی خۆرئاوایی هەمووی هەڵوشی. تاکە هەڵوێست کە پێویستە لەبەرامبەریدا بووەستین، ئەفلاتۆنی شێخی فەلسەفە بوو.
لە کتێبی پێنجەم لە کۆماردا، چەند باسێکی تەرخان کردووە ڕاشکاوانە باس لە لادانی خێزان دەکات. لە چینی پاسەوانی ئەفلاتۆن لە شوێنی خێزان ڕێکخستنی تری داناوە و بەرهەمهێنانی باشترین وەچە، پاشان دەوڵەت پەروەردەکردنی ئەو منداڵانە بخاتە ئەستۆی خۆی بێ ئەوەی بنەچەی کوڕ بۆ باوک و ژن بۆ مێردەکەی بگێڕدرێتەوە. ئەفلاتۆن یەکەم فه‌یلەسوف بوو حەتمیەتی بیۆلۆجی ڕەت دەکردەوە و پێداگرانە دەیپرسی: ئایا کەسێکی قژ ڕووتاوە هیچ جیاوازییەکی هەیە لە کەسێکی قژی نەڕوتاوەتەوە لە بەهرەی دروستکردنی پێڵاودا؟ بۆچی جیاوازیی ژن و پیاو دەکەین لەسەر تایبه‌مەندیی جەستەیی؟ ئایا پاسەوانیکردن نادەین بە سەگی نێر و مێ؟ بەمەش چینی پاسەوان لە کۆماردا یەکەم بابەتی فەلسەفی بوو، کە تێیدا ژنان لەگەڵ پیاواندا بەتەواوی یەکسان بوون. ژنانیش لە دۆخە تەقلیدییەکەی جیا دەکرێتەوە.
هەر تاکێک پێگەی خۆی بە پێی توانای خۆی دەگرێت چ نێر بێ یان مێ. ئەفلاتۆن ڕاشکاوانە دەڵێت: (ژن بە سروشتی خۆی توانای هەموو کارێکی هەیە، پیاویش بەهەمان شێوە) بۆیە ژن جیاوازیەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ پیاو، بەڵکو تەنیا لەنێو خۆیاندا جیاوازن. دەڵێت: ژن هەیە لە بواری پزیشکی بەهرەمەندە، کەچی هەندێکی تر هیچ بەهرەیەکیان نییە. یان هەیە بەهرەی موزیکی تێدایە، هەندێکی تریش نیانە.