سەرسامبوون بە مەلا کرێکار.. ئەگەر نەجمەددین فەرەج گەڕایەوە !

سالار تاوەگۆزی 27/07/2019



بێگومان بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی کوردستان، چ لەناو وڵاتبن یان لەدەرەوە، بە گەورە تیرۆریستی جیهانی (نەجمەددین فەرەج) ناسراو بە (مەلا کرێکار) سەرسامن.

بۆ نەگبەتی، زۆربەی سەرسامبووەکانیش کادیری ( یەکێتی و گۆڕان و پارتی و نەوەی نوێ) و خەڵکی دژە دەسەڵات و حیزبە نائیسلامیەکانن. زۆربەی ئەوانەش لەلایەن حیزبەکانیانەوە پەروەردەی فیکری و ئایینی و نەتەوەیی نەکراون و سەرە (واو)ێک لەمێشکیاندا نیە و ناهۆشیارو ناڕۆشنبیرن، ئەگەرچی خاوەن بڕوانامەشبن، چونکە بوونی بڕوانامە مەرجی ئەووەڵ و ئاخیری هۆشیاری و ڕۆشنبیری مرۆڤەکان نیە.

بەڵام ئەگەر سەیری هەوادارانی نەجمەددین فەرەج، لەناو حیزبە ئیسلامیەکان و گروپە سەلەفیەکانی کوردستان، بکەیت، بەتایبەتی مەدخەلیەکان -کە دینەکەیان بۆ پاسەوانی سوڵتانەو داردەستی پارتی و یەکێتی و دەسەڵاتن بەگشتی- ئەوا بۆت دەردەکەوێت لەناو مەدخەلیەکاندا سەرسامبووانی تەکفیری و تیرۆریستێکی وەک (مەلا کرێکار) زۆۆۆۆۆر دەگمەنن؛ چونکە کرێکار نە مەدخەلیە تا سەلەفیەکان خۆشیان بوێت، نە ئیخوانچیە تا یەکگرتووەکان، شوێنی بکەون، نە سوننەیەکی پاشکۆ ئێرانیی مونافیقی شەریکە دەسەڵات و شەریکە ئۆپۆزسیۆنی وەک (کۆمەڵی ئیسلامی)یە تا ئەندامانی کۆمەڵ پێی سەرسامبن، ئەوانەیشی لەناو کۆمەڵ هەواداری کرێکارن، هەڵگرانی ڤایرۆسی جیهاد و تەکفیرن کە سەربە باڵی دەستڕۆیشتووی (عەلی باپیر) نین و خۆیان بەمەزڵوم دەزانن لەئەوەی پارەو پڵاوی چەوری کەمتریان لە بازرگانی بەئیسلامەوە، دەست کەوتووە.

فیلمەکە لە ئەو دیمەنەدا کۆمیدییە کاتێک لە سەرسامبووانی نەجمەددین فەرەج دەپرسی : خارە بۆ بەکرێکار موعجیبن ؟ دەڵێن: زیرەکە. یان دەڵێن: حەشر بەپارتی و یەکێتی و دەسەڵات دەکات. نازانن جاریوا هەیە زیرەکی دەبێتە مایەی نەگبەتی و نەخۆشی دەرونیش. خۆ ئەوانەی بۆمبی ئەتۆم و چەکی کیمیاوی و ئاینەکانیان دروستکرد، زیرەک بوون، وەلێ لەئەنجامدا هەزاران کۆمەڵکوژی و قەتڵوعامیان کرد !.

هەروەها کاکی سەرسامبوو کە خۆی لەسایەی پارتی و یەکێتی و دەسەڵاتە نائیسلامیەکەیان، حەساوەتەوەو مووچە وەردەگرێت و ڕەنگە شەریکە گەندەڵ و شەریکە دزیش بێت، نازانێت خۆی توشی نەخۆشی دووفاقی بووە، لەلایەک لەخێرو بێری دەسەڵاتی عەلمانی پارتی و یەکێتی، دەخوات. لەلایەکی دیکە عەقڵی داوەتە دەست تیرۆریستێکی ئیسلامی دژ بە دەسەڵاتی عەلمانی.

بێگومان بێئاگاشە لەئەوەی کە کرێکار شین بۆ هەریسەکە دەکات، ئاخر ئەو تیرۆریستە ئیسلامیە سونییە سەلەفیە جیهادیە تەکفیریە بەبیانوی دژایەتیکردنی گەندەڵی، دەیەوێت شوێنپێی جیهادیە تیرۆریستەکان لەکوردستان، پتەو بکات.

نەجمەددین، لەکوردستان، دژ بەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و گۆڕانی ئێستا و حیزبە ئیسلامیەکانی سوودمەند لە ئیمتیازات و گەندەڵیەکانی دەسەڵات، دەوەستێتەوە و کوڕی خەڵکی دەنێرێت بۆ خۆتەقاندنەوەو کاری تیرۆریستی.

لەئەوروپاش، خۆی و کوڕەکانیشی لەسایەی نازو نیعمەتی دەسەڵاتێکی عەلمانی و دیموکراسی و لە دەوڵەتێکی وەک (نەرویج)ەوە حەساونەتەوەو لەتەڕ دەیخۆن و لەوشکی دەخەون.

یان کاکی سەرسامبوو، بیر لەئەوە ناکاتەوە، کرێکار پشتیوانی داعش و خوێنمژو کوردکوژێکی تیرۆریستی وەک (ئەردۆگان) دەکات ! یان ناچێت گوێ بو وتارە تیرۆیستیەکانی کرێکار لەساڵانی نەوەدەکان، بگرێت و پێداچوونەوە بۆ ئەزموونی حوکمی تاریکیی ئەو بکات لەهەورامان، لەسایەی شەریعەتە شەڕانگێزەکەیدا !.

ئێ خۆ سبەینێش ئەگەر فیکری کرێکار و وتارەکانی بوون بەهۆی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێستا لەهەرێمی کوردستان و نەجمەددین فەرەج گەڕایەوە، خۆ دەسەڵاتێکی دوور لەگەندەڵیی وەک نەرویج بۆ کاکی سەرسامبوو، دانامەزرێنێت، بەڵکو خەلافەتێکی وەک داعش دادەمەزرێنێت و بەئایەتی قورئان و حەدیسی سەحیح، ئەتکی نامووسی خەڵک بەناوی سەبایاوە دەکات و دەست بەدەستوقاچ بڕین و ملپەڕاندن و کوشتنی نوێژنەکەر و جەڵدی مەشربخۆر، دەکات، کە بێگومانم ئەم حوکمە وەحشیانە بەسەر بەشێکی زۆۆۆۆۆۆر لەسەر سەرسامبووەکانی ئێستای مەلا کرێکاردا تەتبیق دەبن، جا ئەو کات دەڵێن: ڕەحمەت لەکفندزی پێشوو کە هەرنا دەمانتوانی ڕەخنە لەگەندەڵیە داراییەکانی بگرین، خۆ ئەوەتا مەلا کرێکار بەیتولمالێکی بۆ کڕینی سەباو دزینی پارەو پول و هێنانی جیهادیە ئەفغانی و پاکستانی و ئەفریقیەکان داناوە کە هەر ناوێرین باسی بکەین ! یان ئەوەتا وەک داعش نەوتی کوردستان هەرزانفرۆش دەکات بەتورکیا، کوڕ نیە بوێرێت، بڵیێت: کوا داهاتەکەی !.

لەگریمانەیەکی دیکەدا، دەتوانین بڵێین: کرێکار کە ئاوها شێت و شەوێر و هار بووەو هەفتانە لەوتارەکانیدا، پەلاماری ئەم و ئەو دەدات، فریوی ئەو ژمارە زۆرەی هەوادارە کوردەکانی خواردووە، سەرسامبووەکانی توشی وەهمێکی وەهایان کردووە، وادەزانێت، ئەو بۆخۆی لەنەرویج پاڵی لێبداتەوە، ئەمان دەسەڵاتی کوردی ئێستای بۆ دەڕوخێنن و وەک (خومەینی) لە خاریجەوە دەیهێننەوەو دەڵێن: فەرموو حوکممان بەپێی شەریعەت، بکە. نازانێت ئەو خەڵکە دەمێکیان هەیەو هەزار زمان وتەنها بۆ بەسەربردنی کات، یان بەتاڵکردنەوەی ناخیان گوێ بۆ قسەکانی دەگرن و دواتر هەر کادیری گوێ لەمشتی پارتی و یەکێتین.

خۆ ڕەنگە ئەگەر کرێکاریش گەڕایەوە، پشتی تێبکەن، یان هەندێکیان وەللائی بۆ دەربڕن و کاری لەگەڵدا بکەن بۆئەوەی جاسوسی بەسەرەوە بکەن وەک ئەوانەی لەناو جوندولئیسلامەکەی کرێکار، جاسوسییان بەسەرەوە کردو، دواتر سەری جوندیان دا لە گاشەبەردەکانی هەورمان و ساروخی کرۆزیان تێسرەواندن.

بیرمان نەچێت کاتی خۆی لەناو بزووتنەوەدا،سەرسامبووەکانی( نەجمەددین فەرەج) لەئەوانەی (عەلی باپیر) زۆر زیاتر بوون، بەڵام چونکە کرێکار هەر قسە بوو، دیاردەیەکی دەنگی و بڵقێکی سەرئاو بوو، لەبەرامبەردا عەلی باپیر سیاسیترو دیبلۆماسیتر بوو، ئەوەتا عەلی باپیر بەڕەکەی لەژێرپێی کرێکار و ڕابەری بزووتەوەو کوڕوتووتەکانیدا دەرهێنا، ئیتر حیزبێکی سەربەخۆی دامەزراندو بەشێکی زۆری بزووتنەوەی بۆخۆی دابڕی.

ئەنجامەکەش ئەوەیە عەلی باپیر حیزبێکی ئیسلامیی یاسایی خۆی لەکوردستان هەیەو خۆیشی لەناو مەتاعی حەیاتی دونیادا دەژی و چەند ماڵێکی پاشایی و چەند ژنێکیشی هەیە، کرێکاریش یەک ژن و یەک ماڵی هەیە، جگە لەوەی سەرگەردان بووە و بەدەست چەند نەخۆشیەکی دەروونیشەوە، دەناڵێنێت. لەبەر کردەوە تیرۆریستیەکانیشی ناتوانێت بێتەوە کوردستان، لەئەوروپاش بەتیرۆریست ناسراوەو چەندین کەسیشی گیرۆدەی نەخۆشیە دەرونیەکانی خۆی کردووە.

جا لێرەدا دەگەینە ئەوەی هەم کرێکار باش سەرسامبووەکانی نەناسیوە، هەمیش سەرسامبووەکان لەمەغزای پەلاماردانی دەسەڵاتی کوردی لەلایەن کرێکارەوە، نەگەشتوون.