دیاردەی سوتاندن و دڕاندنی قورئان

سالار تاوەگۆزی 23/11/2019

سەرچاوە:
١- قورئانی پیرۆز.
2- الشربيني، الشيخ شمس الدين محمد بن محمد الخطيب. (٢٠٠٤) الإقناع في حل ألفاظ أبي شجاع. ج١. ط٣. بيروت: دار الكتب العلمية.
3- أمين، بورهان محمد. (٢٠٠٤) تەفسیری ئاسان بۆ تێگەیشتنی قورئان. هەولێر: كتێبخانەی ڕۆشنبیر.

 

دیاردەی سوتاندن و دڕاندنی قورئان
دروستە سوکایەتی بە ئینجیل و تەورات بکەین ؟

ئەوە چەندین جارە ڕووداوی دڕاندن و سوتاندنی قورئان لەلایەن هەندێک لە هاوزمانە کوردەکانمان و گەلانی دیکەی ناموسوڵمان، دەبینین.
بێگومان ئەمە دیاردەیەکی ئێجگار خراپە و سوکایەتیە بەپیرۆزیەکانی موسوڵمانان، بەڵام دەبێت بزانین سەرەتا ئێمەی موسوڵمان - بەتایبەتی مەلاو بانگخوازەکانی ئیسلامی سیاسی - تاوانبارین لە دەرکەوتنی ئەم دیاردەیەو دیاردەکانی دیکەی وەک: تەشەنەکردنی ئیلحاد.
ئاخر ئیلحاد و قورئان سوتاندن دوو کاردانەوەی چاوەڕوانکراوی ناموسوڵمانەکانن لەدژی ئەو هەڵسوکەوتە نەشیاوانەی کە زۆرێک لە ئێمەی موسوڵمان لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا کردوومانن، چونکە ئێمە لەڕێگەی هەڵسوکەوتی ناپەسەندی وەک: نوێژکردن لەسەر جادەكانی ئەوروپاو و ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی و دروستکردنی کۆمەڵگەی موازی و حیزب و گروپی ئیسلامی و بەرهەمهێنانی مەلاو بانگخوازی توندڕەو و بڵاوکردنەوەی خورافە و گوتاری ناعەقڵانی و تیرۆری فیکری و کەسێتی و فیزیکی و بەشەیتانکردنی ئەوانەی کە جیاواز لەئێمە بیر دەکەنەوە، بووین بە سەرچاوەی بێزارکردنی کۆمەڵگای خۆمان و کۆمەڵگاکانی دیکەو ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان لەسەرتاسەری جیهاندا خستووەتە مەترسیەوە.
ئێ لەحاڵەتێکی ئاوهادا دەبێت پێشبینی دڕاندن و سوتاندنی قورئانەکەمان و جنێودان بە پێغەمبەرەکەمان موحەممەد (د.خ) و زياترو زیاتر بڵاوبوونەوەی بێدینی و ناشیرینبوونی وێنەی (ئێمەی موسوڵمان) له کۆهۆشی یان لە زیهنی (ئەوانی ناموسوڵمان)دا، بكەین.
جا سەیر لەئەوەدایە کاتێک ئەو هەمووە کاردانەوە ناپەسەندانەی کە باسمان کردن لەدژی ئاینەکەمان دەبینین، ناچین لەناو خۆماندا بۆ هۆکارەکەی بگەڕێین و بیخەینە بەرباس و ڕێگەچارەی بۆ بدۆزینەوە، بەڵکو کاردانەوەی خراپتر و توندوتیژی دەنوێنین و خەڵاتی ئەو کەسە دەکەین کە بەتوندوتیژیەکە هەڵساوەو وەک (پاڵەوانی ئیسلام) نیشانی دەدەین.
ئەوەتا دەڵێن: چەندین وڵاتی ئیسلامی ئامادەییان دەربڕیوە تاوەکو خەڵاتی ئەو گەنجە بکەن کە هێرشی کردە سەر کابرا نەرویژیە قورئانسوتێنەکە کە ناوی (ئەرنی تۆمێر)ە و سەرۆکی کۆمەڵەیەکە بەناوی (بەئیسلامکردنی نەرویژ بوەستێنن).
لەحاڵەتێکی ئاوهادا کە دوژمنانی ئیسلام توڕەمان دەکەن و ئێمەش کاردانەوەی خراپمان دەبێت، موجاهیدانی ئیسلامی سیاسی ڕووداوەکە وەک هەلێکی زێڕین بۆ هاندانی موسوڵمانان لەبەرژەوەندی خۆیان، دەقۆزنەوە.
ئێ باشە ئەو وڵاتە موسوڵمانانە بۆ بیر لە حاڵی خۆیان ناکەنەوە کە بۆچی بوون بە ژینگەی لەباری تیرۆریستی ئیسلامی و هەناردەکردنی موجاهید ؟!.
یان بۆ بیر لە ئەوە ناکەنەوە کە هەر ناموسوڵمانەکان نین کتێبی پیرۆزی ئێمە دەسوتێنن، بەڵکو لە کتێبەکانی ئێمەی موسوڵمانیشدا سوکایەتی بە کتێبی پیرۆزی مەسیحی و جولەکەکان کراوە، بۆ نموونە لە کتێبێکی ئیسلامی سوننی بەناوی ( الإقناع في حل ألفاظ أبي شجاع) - کە یەکێکە لەکتێبەکانی فیقهی شافیعی و شەرحی کتێبی (غاية الاختصار)ه و هێشتا لە (زانکۆی ئەزهەر) و حوجرەو ناوەندە فێرکاریە ئیسلامیەکان دەخوێندرێت - هاتووە و دەڵێت: دروستە لەکاتی تاراتگرتندا کۆمی خۆمان بە لاپەڕەکانی تەورات و ئینجیل پاک بکەینەوە. (الشربینی، ٢٠٠٤، ل ١٥٥).
بێگومان ئەم کارە لەژێر هەر پاساوێکدا بێت، سوکایەتیە بەکتێبی پیرۆزی جولەکەو مەسیحیەکان، ئیتر بۆ کاتێک کە قورئان دەسوتێندرێت یان دەدڕێندرێت ئێمە نایەین بزانین لەکتێبەکانی توراسی ئیسلامی و لەناو موسوڵماناندا چۆن ڕێگامان بەخۆمانداوە سوکایەتی بە کتێبی پیرۆز و بیروباوەڕی جیاوازی ئەوانی دیکە بکەین.
بەڕاستی باشتر بوو کاردانەوەیەکی ئەرێنی و ناتوندو تیژمان هەبووایە بەرانبەر ڕووداوەکەی نەرویژ و تەواوی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ئوممەتی ئیسلام، چونکە ئەوەتا هەر خودی قورئان پێمان دەفەرمووێت:" وَلَا تَسْتَوِي الْحَسَنَةُ وَلَا السَّيِّئَةُ ۚ ادْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ فَإِذَا الَّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ". (فصلت، ٣٤).
واتە:"بێگومان چاکەو خراپه وەک یەک نین، (تۆ ئەی باوەڕدار) بەجوانترین و چاکترین شێوە، بەرەنگاری خراپەو نادروستی بکە، ئەوکاتە ئیتر دەبینیت ئەوەی لەنێوان تۆو ئەودا دوژمنایەتی و ساردیەک هەیە، دەبێتە دۆستێکی دڵسۆزو گیانی بەگیان ". (أمين، ٢٠٠٤ ، ل ٤٨٠ ).
بەڵام بەداخەوە ئەمجارەش وەک وڵاتانی ئیسلامی و موسوڵمانان بەگوێی خودامان نەکرد و تەنانەت سودمان لەکاردانەوە ئەرێنیەکانی پێغەمبەرەکەمان (د.خ) بەرامبەر نەیارانی لەسەرەتای بانگەواز بۆ ئیسلام وەرنەگرت.
بێگومانیشم کاردانەوەی توندڕەوانەی موجاهیدە ئەلیکترۆنیەکان و دەوڵەتانی ئیسلامی و موسوڵمانان بەگشتی و خەڵاتکردنی ئەو گەنجە موسوڵمانە کە هێرشی کردە سەر کابرا نەرویژیەکە، کۆتایی بەدیاردەی قورئان سوتاندن ناهێنێت، بگرە پەرەی پێدەدات و بەنزین دەکات بەسەر ئاگرەکەدا و هانی توندوتیژی زیاتر دەدات.
بۆیە پێویستە ئەم ڕووداوە بکەین بە وێستگەیەکی بەخۆداچوونەوە و هەوڵبدەین جارێ توراسی دینی خۆمان لە قال و قیلی خراپ پاک بکەینەوە و هەڵوێست کانیشمان لەسەر بنەمای لایەنە پرشنگدارەکانی ئیسلام دەرببڕین.