دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی نەخۆش کەوتنی، بارزانی بە شێوەیەکی ئاسایی دەرکەوتەوە

کوردستان 24/02/2021

دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی نەخۆشکەوتنی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بەڵام ناوبراو ئەمڕۆ چوار شەممە بە شێوەیەکی ئاسایی دەرکەوتەوە کە سیمای نەخۆشبونی پێوە دیار نیە.

ناوبراو ئەمڕۆ پێشوازی کردوە لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا.

دەقی هەواڵەکە کە راگەیاندنی مەسعود بارزانی بڵاویکردۆتەوە:

سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا دەكات
ئەمڕ چوارشەممە 24ـی شوباتی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی کرد لە ئارتاك ئاپیتۆنیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە هارچیا پۆلادیان، باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق و ئارشاك مانۆكیان، كونسوڵی ئەرمینیا لە هەولێر و چەند دیپلۆماتكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا.
لە كۆبوونەوەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا پێزانینی بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی هەبوو كە ژیانی خۆی بۆ ئازادی و مافەكانی نەتەوەكەی تەرخان كردووە. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی و دامودەزگەی هەرێم و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد لە پاراستن و قووڵتركردنی پێكەوەژیان و پاراستنی مافی پێكهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی كوردستان. جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەهێز و فراوان بكات.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی گەلی كوردستان و گەلی ئەرمینیا دا و ئەوەی خستەڕوو كە پەخشی یەكەم ڕادیۆی كوردی لە یێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بەڵگەیە لەسەر ئەو پەیوەندییە مێژوویی و فەرهەنگییەی نێوان هەردوو گەل. خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی بەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمینیا فراوانتر ببن. ئەوەشی دووپاتكردەوە كە كوردستان وەك نموونەی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەمێنێتەوە و بە هەموو توانایەك پشتیوانی لە مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.