یەكگرتوو لە چەقبەستنێكی بێ پێشینەدا

ڕاپۆرت 10/02/2021

 

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دووچاری چەقبەستنێكی بێ پێشینە دەبێتەوە لە دوای ئەو زنجیرە پاشەكشانەی لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی سیاسەتەكانیەوە تووشی هاتووە بەهۆی ئاسەنگەكانی پێشییەوە، نوێترین ئاستەنگیش كە بێ پێشینەیە، چۆنێتی بەشداریكردنیەتی لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا كە هەموو رێگاكانی لێ بەستراوە، رەنگە بە ناچاری رێگایەك هەڵبژێرێت كە خوازیاری نەبێت.
 
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە بڕیارە لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا بكرێت، تەنها یەكێتی و پارتی لە هەرێَم دەتوانن كورسی بهێنن، حزبەكانی دیكە ناتوانن كورسی بهێنن بەهۆی فرەبازنەییەوە.

حزبەكانی دیكە لە دەرەوەی یەكێـتی و پارتی پێكدێن لە ئەو حزبانەی ئۆپۆزسیۆن، بزووتنەوەی گۆڕان و ئەو حزبانەشی نە ئۆپۆزسیۆنن و نە فەرمانڕەواشن.

ئێستا زۆرینەی ئەم حزبانە نە دەتوانن لەگەڵ پارتی و یەكێتیدا هاوپەیمانی بكەن بەهۆی سیاسەتی رابردوویان بەرامبەر ئەم دوو حزبە، نە دەتوانن لە نێو خۆشیاندا هاوپەیمانی بكەن.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكێك لە ئەو حزبانەیە، ئێستا ئۆپۆزسیۆنە، پێشتر لە دەسەڵات بووە و ئۆپۆزسیۆنیش بووە.

بەپێی زانیارییەكان یەكگرتوو لە چەند لایەكەوە لە گفتوگۆدایە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسلامییەكان و لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان.

هەرچەند وردە گفتوگۆ لەنێوان ئیسلامییەكاندا هەیە بۆ سازكردنی هاوپەیمانی، بەڵام رێككەوتنیان ئەستەمە، چونكە پێشتر هەوڵی زۆر لە ئەوە گەورەتر هەبوون، شكستیان هێناوە.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، یەكێتی پێشنیازی 2 كورسی بۆ یەكگرتوو كردووە، بەڵام یەكگرتوو خۆی داوای 4 كورسی دەكات.

هاتنی یەكگرتوو بۆ نێو هاوپەیمانی یەكێتی دەتوانێت ببێتە فریادڕەس بۆی بۆ هەڵبژاردنەكان عێراق، چونكە تەنها رێگای مانەوەیەتی لە بەغدا، هەموو رێگاكانی دیكەی لێ داخراوە.

یەكگرتوو ناتوانێت لەگەڵ حزبە ئیسلامییەكاندا هاوپەیمانی بكات، لەگەڵ پارتیش لە نێو حكومەتدا بوو، پەیڕەوی لە سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم دەكرد كە سیاسەتی گشتی پارتی بوو،  بەتایبەتی لە ساڵی 2014 تا 2018، بەڵام ئەنجامەكەی بە شكستێكی گەورە بۆ یەكگرتوو شكایەوە كورسییەكانی نیوە كەمی كرد.

  یەكگرتوو لە هەڵبژاردنەكانی 2013دا كە وەك ئۆپۆزسیۆن بەشداری كرد 10 كورسی هێنا، بە ڵام لە هەڵبژاردنەكانی 2018 نیوەی كورسییەكانی لەدەست دا تەنها 5 كورسی هێنایەوە، ئەوەش ئەنجامی هاوپەیمانی رانەگەیەنراوی یەكگرتوو بوو لەگەڵ پارتی.

هاوكات یەكگرتوو بەری هاوپەیمانی لەگەڵ  كۆمەڵی ئیسلامی و سۆسیالیست و زەحمەتكێشانیش چنیەوە لە 2009 كە 6 كاندیدی بۆ پەرلەمان دەرچوو لە چوارچێوەی لیستی چاكسازی و خزمەتگوزاریدا.

بۆیە ئێستا یەكگرتوو چاوی لە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی كوردستانییە بە بەشداری پارتی و یەكێتی و سەرجەم حزبەكان كە دوورە، بۆیە تەنها رێگا لە بەردەمیدا هاوپەیمانیكردنە لەگەڵ یەكێتیدا، بۆ ئەوەش چاوی لە بەشداریكردنی گۆڕانیشە، بەڵام بەهۆی هاوپەیمانی گۆڕان لەگەڵ پارتی و بەشداریكردنی لە حكومەتدا بە دوور دەزانرێت گۆڕان لەگەڵ یەكێتی پێكبێت.

هەرچەند یەكێـتی بۆ یەكگرتوو دەبێـتە فریاد رەس، بەڵام قورسیشە بۆ یەكگرتوو، بڕواهێنان بە جەماوەرەكەی كە دەنگ بدەن بە هاوپەیمانییەك لەگەڵ یەكێتی كە لەڕووی فكرییەوە بەردەوام وەك دوو بەرەی فكری دژبەیەك مامەڵەیان كردووە.

 یەكێتی وەك حزبێكی عەلمانی سیاسەتی دژی بەرامبەر رێكخراو و گروپە ئیسلامییەكان هەبووە، بەتایبەت رەوتی سەلەفی و ئیخوانەكان، یەكگرتووش وەك حزبێكی ئیخوانی ئیسلامی بەپێچەوانەوە سیاسەتی كردووە و نزیكی فەرمانڕەوای ئیخوانی توركیا و پارتی دیموكراتی كوردستان بووە بەهۆی نزیكایەتی لە ئەنقەرەوە بەتایبەت بۆ جەماوەرەكەی قورسە.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە 2005 بەهۆی بەشداریكردنی سەربەخۆی لە هەڵبژاردنەكان عێراق دووچاری كارەساتێكی گەورە بوو بە كوژرانی ژمارەیەك لە سەركردە و كادرەكانی لە چەند هێرشێكی لایەنگرانی پارتیدا لە دەڤەری بادینان.

كە ساڵی 1994دا دامەزراوە، خۆی وەك جێگرەوەی فەرمانڕەواكانی هەرێم و ئۆپۆزسیۆن نیشانداوە، بەڵام رای گشتی كوردستانی بۆ رانەكێشراوە، زۆرینە دەڵێن یەكگرتوو سیاسەتێكی هەڵبەز و دابەزی هەیە، لە سەر هێڵێكی راست سیاسەت ناكات، لە كاتێكیشدا خۆی بە ئۆپۆزسیۆن و بەدیلی فەرمانڕەواكان زانیوە، بەڵام زۆرینەی كاتەكان نزیك بووە لە دەسەڵاتەوە و لە بەشەكێكی دەسەڵاتی خواردووە و لەسەریشی زۆرینەی سەركردەكانی خانەنشین بوون وەك حزبەكانی دیكە، ئەوەش قورس بەسەریدا شكاوەتەوە بەهۆی ئەوەی حزبێكی ئاینییە و حزبێكی ئۆپۆزسیۆنە، بۆیە تادێت جەماوەرەكەی روو لە كەمی دەكات.