بایدن لەیەكەم ڕۆژی دەستبەكاربونیدا 17 بڕیاری ترەمپی هەڵوەشاندەوە

جیهان 21/01/2021


سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا ١٧ بڕیارنامەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ واژوو کرد.
بایدن دوابەدوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی هاتنەسەر دەسەڵات، چووە نووسینگەکەی خۆی لە کۆشکی سپی و یەکەمین بڕیارنامەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی ترەمپ کە مشتومڕێکی زۆریان ناوەتەوە واژوو کرد، لە بڕیارنامە نوێیەکەدا دەمامک لە شوێنە گشتییەکان کرایە زۆرەملێ.
- گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان
یەکێکی دیکە لە کارە لەپێشینەکانی بایدن بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوایە، هەربۆیە بڕیارنامەیەکی دیکەشی بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی پاریس واژوو کرد کە پێشتر ترەمپ لێی کشابووەوە.
بەهەمان شێوە سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارنامەیەکی دیکەشی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو رێکخراوی تەندروستی جیهانی واژوو کرد کە ترەمپ لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لێی هاتبووەدەر.
- بایدن رێوشوێنێکی قۆناغی ترەمپ-ی هەڵوەشاندەوە
بایدن، ئەو بڕیارنامەیەی هەڵوەشاندەوە کە ترەمپ هەفتەیەک دوای دەستبەکاربوونی دەریکردبوو و تایبەتبوو بە رێگری کردن لە هاتنی هاووڵاتییانی بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی بۆ ئەمریکا.
لە لایەکی دیکەشەوە بایدن، بڕیارنامەیەکی بۆ بڕینی داهاتی سندوقەکانی دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری مەکسیک واژوو کرد کە یەکێکبوو لە پڕمشتومڕترین بڕیارنامەکانی قۆناغی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ.
- بڕیارنامەی هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی هێڵی بۆری نەوت
جۆ بایدن، بڕیارنامەیەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی هێڵی بۆری نەوتی "Keystone XL" واژوو کرد کە لە ساڵی ٢٠١٥ و لە سەردەمی دەسەڵاتی باراک ئۆباما بە هۆکاری ژینگەیی رەتکرابووەوە بەڵام دواتر دۆناڵد ترەمپ، پەسەندی کردبوو.
بەم شێوەیە بایدن لە یەکەم رۆژیدا لە کۆشکی سپی ١٧ بڕیارنامەی گرنگی دژ بە بڕیارەکانی پێشووی ترەمپ واژوو کرد.