تەلەسکۆبێک بە دوای ژیان لە هەسارەکانی دیکەدا دەگەڕێت

جیهان 17/01/2021


گرنگ و نوێ: تەلەسکۆپی جێمس وێب لە بەرواری 31 ی مانگی 10 ی ئەمساڵ 2021 هەڵدەدرێت بەرەو بۆشایی ئاسمان...
تەلەسکۆپی جێمس وێب شۆڕشێکی نوێ دەبێت لەبواری زانستی گەردوونناسی و لەوانەیە زانیاری زۆر نوێ و سەرسوڕهێنەرمان بۆ بخاتەڕوو لەسەر هەندێک لە نهێنیە نەزانراوەکانی گەردوون...
جێمس وێب 100 ئەوەندەی تەلەسکۆپی هابڵ بەهێزتر و هەستیارترە، هەرە ئاڵۆزترین ئامێری تەکنەلۆژییە کە تاوەکو ئێستا بەدەستی مرۆڤ دروستکرابێت، لوتکە و نوێترینی هەموو تەکنۆلۆژیاکان کە لەبەردەستی ئەمەریکا و جیهانە تیایدا بەکارهاتووە، تێچووی دروستکردن و هەڵدان و کارپێکردنیشی بۆ ماوەی 10 ساڵ لە 10ملیار دۆلار تێپەڕ دەکات...
جێمس وێب دەتوانێت پشکنین بۆ نیشانە بایۆلۆژیەکانی هەسارە دوورەکانی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر بکات Biological.Marks، لەوانەیە بۆ یەکەمجار پرس و ئەگەری ژیان لەهەسارە دوورەکانی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری ئێمە واتە هەسارەکانی تری نێو گەلەئەستێرەکەمان یەکلایی بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی تەمەنی گەردوون 13.8 ملیار ساڵە بەڵام جێمس وێب چاوی ئێمە دەگێڕێتەوە بۆ هەرە سەرەتاکانی دروستبوونی گەردوون و تەقینەوە گەورەکە، بۆ تەنیا نزیکەی 300 هەزار ساڵ دوای دروستبوونی گەردوون، چاوەڕوان دەکرێت گەلێک لەنهێنیەکانی گەردوونمان بۆ ئاشکرا بکات، هەروەها وەڵامی هەندێک لەو پرسیارە قورسانەشمان بۆ بداتەوە کە لەوەتەی هەڵدانی تەلەسکۆپی هابڵ لەلامان دروست بووە..!
جێمس وێب جگە لەو بەهێزی و هەستیاریەی کە هەیەتی لە شوێنێکیش جێگیر دەکرێت کە پشتی لە زەوی و خۆر دەبێت و بە زرێپۆشێکی تایبەتیش دەپارێزرێت لە تیشکی خوار سوری خۆر و نیشانەکانی زەوی، بۆیە توانای بینینی تیشکە هەرە لاوازەکانی خوار سوری تەنە هەرە دورەکانی نێو گەردوونی دەبێت، بەو هۆیەشەوە دەتوانێت زۆر زۆر زیاتر و قوڵتر ببینێت لە تەلەسکۆپی هابڵ، لە خولگەیەکیش جێگیر دەکرێت بە دەوری خۆر کە دوریەکەی نزیکەی یەک ملیۆن و نیو کیلۆمەتر دەبێت لە گۆی زەوی دور لەکاریگەری هێزی کێشکردنی زەوی، لەڕاستیدا تەلەسکۆپی جێمس وێب لەو شوێنەدا ئەویش لەو خولگەیە وەکو هەسارۆکەیەک لەگەڵ زەوی بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە...
بەپێی ئەو خشتەیەی ئێستای ناسا، چاوەڕوان دەکرێت تەلەسکۆپی جێمس وێب لەبەرواری 31 ی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ 2021 هەڵبدرێت بەرەو بۆشایی ئاسمان و لە خولگەکەی جێگیر بکرێت و دەست بەکار بێت، چاوەڕوانیش دەکرێت بتوانێت لایەنی کەم بۆ ماوەی 10 ساڵ کاربکات...
لوقمان حەوێز