نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی کۆرۆناوە کۆچکردن ٢٧٪ کەمی کردووە
جیهان 16/01/2021
چاودێر
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کۆچبەره نێودهوڵهتییهكان لە ئێستادا نزیکەی 3.6%ی دانیشتوانی جیهان پێک دەهێنن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش میوانداریی زۆرترین ژمارەی کۆچبەرانی کردووە و ساڵی 2020 بەهۆی کۆرۆناوە کۆچ 27% کەمی كردووه.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی لەبارەی "کۆچی نێودەوڵەتیی 2020" بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تێکڕای گەشەی کۆچکردن لەنێوان وڵاتان تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2020 بە ڕێژەی 27% کەمی كردووه.
کارگێڕیی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەژێر ناوی "کۆچی نێودەوڵەتیی 2020" بڵاوی کردەوە، "ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی پەکخستنی سەرجەم جۆرەکانی گواستنەوەی مرۆیی لە ڕێگەی داخستنی سنوورەکان و وەستانی گەشت لە سهرجهم وڵاتانی جیهان".
ئاماژە بەوەش کراوە، پێشبینییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، پەتای کۆرۆنا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی کۆچبەره نێودەوڵەتییهكان بە نزیکەی دوو ملیۆن کۆچبەر تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2020، هاوکات ئەو ژمارەیە بەراورد بە هەمان وادە لە ساڵی 2019دا بە ڕێژەی 27% کەمی كردووه.
لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، "گەشە لە ژمارەی کۆچبەره نێودەوڵەتییهكان لە میانی دوو دەیەی ڕابردوودا زۆر بەهێز بووە بە جۆرێک ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەرەوەی ئهو وڵاتانهی لێی لهدایك بوون دەژین لە ساڵی 2020دا، گەیشتووەتە 281 ملیۆن لە کاتێکدا لە ساڵی 2000دا نزیکەی 173 ملیۆن بووە و لە ساڵی 2010دا نزیکەی 221 ملیۆن بووە".