وردەکاریی کوژرانی زانا ئەتۆمییەکەی ئێران بڵاوکرایەوە

جیهان 28/11/2020

چاودێر

 

ڕۆژنامەیەکی ئێرانی چیرۆکی چۆنێتیی کوژرانی موحسین فەخریزادەی بڵاو کردووەتەوە، ئەو زانا ئەتۆمییەی بە باوکی ئەتۆمیی ئێران دادەنرا دوێنێ کوژرا.


بە پێی سەرچاوەکانی ڕۆژنامەکە، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی فەخریزادە لە بەردەم ماڵی خەزوورانی لە گوندی ڕۆستەم کەلا لە پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێران بەڕێ کەوتوون، کاروانەکە بەرەو باشوور هاتوون لەو زنجیرە چیایانەی باکووری ئێران و پایتەختەکەی لە یەکدی جیا دەکاتەوە، کە بە ڕێگای فەیرووز کوهـ ناسراوە.


کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی فەخریزادە لە سێ ئۆتۆمبێل پێک هاتبوون، ئۆتۆمبێلی پاسەوانە تایبەتەکانی لە پێشەوە، ئۆتۆمبێلی خۆی لە ناوەڕاست و ئەو ئۆتۆمبێلەش کە هاوسەرەکەی تێدا بوو و، لە هێرشەکە ڕزگاری بوو لە دواوە بوو.

 



دوای کاتژمێرێک ڕێکردن، کاروانی ئۆتۆمبێلەکان گەیشتوونەتە دەوروبەری شارۆچکەی ئابسەرد دەماوەندی سەر بە پارێزگای تاران، یەک کیلۆمەتر پێش ئەوەی بگەنە ئابسەرد، ئۆتۆمبێلی پاسەوانەکانی لە پێشەوە دەستڕێژی گوللـەیان لێ کراوە، لە شوێنێک کە پێی دەوترێت باغی سەرهەنگ، دەستڕێژی گوللـەکە بووەتە هۆی وەستانی کاروانەکە، دواتر پیکئەپێک کە داری بار کردبوو، ڕاستەوخۆ دوای وەستانی کاروانەکە تەقیوەتەوە.


دوای تەقینەوەکە، دەستڕێژی چڕی گوللـە لە ئۆتۆمبێلەکەی فەخریزادە کراوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە هەوڵی داوە لە ناوچەکە بیباتە دەرەوە، بەڵام شکستی هێناوە.
لەگەڵ وەستانی ئۆتۆمبێلەکە، تەقەکەرەکان وردتر گوللـەیان ئاڕاستەی فەخریزادە کردووە، بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەرە ئێرانییەکە: تەقەکەرەکان لە چەندین ئاڕاستەوە گوللـەیان تەقاندووە، بەبێ ئەوەی لێی نزیک ببنەوە، لە ئەنجامی دەستڕێژەکانیشیان، چوار گوللـە بە سنگ و ملی فەخریزادە کەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکسەر گیانی لە دەست نەداوە.

 

دوای تەواوبوونی دەستڕێژەکان، فەخریزادە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی ئابسەرد بۆ ئەوەی بەهاناوەچوونی خێرای بۆ بکرێت، بە پێی گۆڤاری ئێران دیپلۆماتیک: هێرشکەرەکان بە شوێن ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەکەوە بوون، کە فەخریزادەی هەڵگرتووە، بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لە تیرۆرکردنی. دوای نیو کاتژمێر لە مانەوەی لەو نەخۆشخانەیە، فەخریزادە بە هەلیکۆپتەر بەرەو نەخۆشخانەی بەقیەتوڵڵا لە تاران گواستراوەتەوە و، بەخێرایی خرایە ژێر چاودێریی وردی پزیشکی، بەڵام گیانی لە دەست دا.