ئەمریكا لەفڕۆكەی ئێف 35 دا مۆدیلێكی نوێی كڵاوەی ئەتۆمی تاقیكردەوە

جیهان 24/11/2020


ئەمریکا بۆ یەکەمجار، مۆدێلی کڵاوەی ئەتۆمیی "B61-12"ی تەواوەتی لە فڕۆکەی جەنگیی "F-35A"دا تاقیکردەوە.
لەو بارەیەوە تاقیگەی ساندیا لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەتۆمیی سەربە وەزارەتی وزەی ئەمریکا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەوەی خستەڕوو کە لە ویلایەتی نیڤادا، بەبێ بەکارهێنانی ماددەی ئەتۆمیی تیایدا، کڵاوەی ئەتۆمیی "B61-12" تاقیکراوەتەوە.
باس لەوەشکراوە کە لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا، فڕۆکەکە توانیویەتی بە خێرایی دەنگ بڕوات، بۆمبەکە لە بەرزایی ١٠ هەزار و ٥٠٠ پێ هەڵبدات و لە ماوەی ٤٢ چرکەدا، بۆمبەکە ئامانجەکەی بپێکێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "بەشی هەڵگرتنی چەکی فڕۆکەی "F-35A" جیاوازە لە فڕۆکەکانی دیکە. لە دوایین تاقیکردنەوەشدا ئەم جۆرەی فڕۆکە کڵاوەی ئەتۆمیی "B61-12" هەڵگرت و توانی بۆ یەکەمجار بە خێرایی ١٢٣٤ کم/کاتژمێر بۆمبەکە هەڵبدات".
ئەمریکا پلانی وایە نەوەی پێنجەمی فڕۆکەی "F-35A" لە پلاتفۆڕمی بۆمبی ئەتۆمیدا بەکاربهێنێت.