جۆ بایدن ناوی ئەو كەسانەی ئاشكركرد كە پۆستی گرنگ لەنێو كابینەكەیدا وەردەگرن

جیهان 24/11/2020


سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا جۆ بایدن، ئاشكرایكرد كە بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە، ئه‌نتۆنی بلینكن و بۆ راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانیی جه‌یك سه‌ڵیڤان دەستنیشان دەكات.
بایدن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە ناوی ئه‌نتۆنی بلینكن-ی ئاشكراكرد كە یەكێكە لە راوێژكارە باڵاكانی سیاسەتی دەرەوە و بۆ پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانیی، جه‌یك سه‌ڵیڤان-ی هەڵبژارد.
ئه‌نتۆنی بلینكن-ی تەمەن ٥٨ ساڵان، لە هەمان كاتدا یاریدەدەری بایدن بووە لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران و لە سەردەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما، جێگری وەزیری دەرەوە و یاریدەدەری راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بووە.
هاوكات جه‌یك سه‌ڵیڤان-ی تەمەن ٤٣ ساڵان، كە تا بڵێی لە جۆ بایدن-وە نزیكە پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی وەردەگرێـت.
بۆ پۆستی نوێنەری هەیشەیی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان، لیندا تۆماس گرینفیڵد-ی رەشپێست باس ده‌كرێت.
جۆ بایدن بۆ وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ، كه‌سایه‌تی بەرەچەڵەك ئەمریكی لاتینی، ئالیخاندرۆ مایۆركاس و بۆ بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتیمانی ئەمریكا، ئاڤریل هاینس-ی دەستنیشانكردووە.
هاوكات جۆن كێری كە لە سەردەمی ئۆباما وەزیری دەرەوە بوو، جۆ بایدن وەكو نوێنەری تایبەتی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا دیاریكردووە.