ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دژی بڕیارێكی وەزارەتی شارەوانی هاتە دەنگ

کوردستان 20/09/2020

وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێم، لە سەر نە بەستنی پێوەری ئاو بڕیاریداوە هاوڵاتیان غەرامە بكات، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دژی ئەو بڕیارە دەوستێتەوەو بە گونجاوی نازانێت.

وەزارەتی شارەوانی هەرێم، جەختدەكاتەوە، هەر ماڵێك یان شوێنێكی نیشتەجێبوون یان پەرستگایەك پێوەری ئاوی نەبەستبێت بڕی (100) هەزار دینار غەرامە دەكرێت و دوای سێ‌ مانگ ئەگەر هەر نەیبەست بڕەكە دەبێتە (200) هەزار و بۆ فەرمانگەكان و كەرتی تایبەت و بازرگانی بڕی غەرامەكە زیاترە و زۆرترین غەرامەش بۆ شووشتنگە دیاریكراوە، كە (250) هەزار دینارە و دوای سێ‌ مانگ دەبێتە (450) هەزار دینار.
لای خۆیشیەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، باس لەوە دەكات، بڕیاری حكومەتی هەرێم بۆ غەرامەكردن بە بڕی (100) هەزار دینار بۆ ئەوانەی، كە پێوەری ئاویان نەبەستووە لەگەڵ باروگوزەرانی هاووڵاتیان و ئەو مووچەیە ناگونجێت، كە حكومەت دابەشی دەكات.
ئازاد محەمەدئەمین، رونیدەكاتەوە، ناكرێت حكومەت ئەركەكانی خۆی وەكو پێویست جێبەجێ نەكات و بڕیاری لەو جۆرەش دەربكات، كە بارگرانی بۆ هاووڵاتیان دروست دەكات، چونكە حكومەت نەیتوانیوە ئاوی پێویست بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، پێشنیاز دەكەن ئەو بڕیارە ڕابگیرێت تاوەكو ئەو كاتەی دۆخی دارایی هاوڵاتیان باشدەبێت.