سلێمانی .. زیاتر لە (170) كیلۆگرام مریشكی بەستو لەناودەبرێت

کوردستان 06/07/2020

چاودێر:

سەرۆكی لیژنەی كۆگاكانی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی  رایگەیاند،  بەهۆی خراپ عەمباركردنیەوە  دەستيان بەسەر بڕێكی زۆر مریشكی بەستودا گرتوە  كەخاوەنەكەی بەنیازبوە بەسەر هاوڵاتیاندا ساغیبكاتەوە.


بەهار رەمەزان، سەرۆكی لیژنەی كۆگاكانی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی  رایگەیاند: لەئەنجامی سەردانە بەردەوامەكانی لیژنەكان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و پشكنین بۆ ئەو كاڵاوشمەك و خۆراكە ماددانەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەكاردەهێنرێت لیژنەكە دەستی بەسەر زیاتر لە (170) كیلۆگرام مریشكی بەستودا گرتوە.
وتیشی: مریشكە بەستوە‌كە بەهۆی خراپ عەمبار كردنییەوە چەند جارێك خاو بوەتەوە و جارێكی دیكە بەستویەتیەوە، كەئەمەش وایكردوە شیاوی خواردن نەمێنێت‌.
رونیشكردەوە رێنماییەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەریی جەخت لە ناتەندروستی ئەو مریشكانە‌ دەكاتەوە كە چەند جارێك خاوبێتەوە‌ و پاشان دوبارە بیبەستێتەوە، چونكە كاتێك خاودەبێتەوە بەكتریا لەناو گۆشتەكەی گەشە دەكات هەروەها بەها خۆراكییەكەی لەدەست دەدات ئەمەش زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەدات.
 بەهار  رەمەزان راشیگەیاند، خاوەنەكەی بەنیازبوە بەسەر هاوڵاتیاندا ساغیبكاتەوە، بەڵام لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە رێگری لێكرا.
ئاماژەی بە ئەوەشكرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی، تەواوی مریشكە دەستبەسەردا گیراوەكە رەوانەی ڤێتێرنەری سلێمانی دەكرێت بۆلەناوبردن و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.