ئێران داوای مانۆڕی دەریایی هاوبەش لەعێراق دەكات

جیهان 30/05/2020


ئاژانسی میهری ئێران ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو قاسم ڕەزایی فەرماندەی هێزە سنوورییەکانی ئێران سەردانی عێراقی کردووە و لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی کۆبووەتەوە.
بە گوێرەی ئاژانسەکە، ڕەزایی لەو کۆبوونەوەیەدا داوای لە هاوتا عێراقییەکەی کردووە کە لە دوو دیوی سنووەرکانیان (بە تایبەت سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان) مانۆڕی دەریایی هاوبەش ئەنجام بدەن  بۆ ڕووبەڕو بوونەوەی تیرۆریستان و ئەوكەسانەی كە بیانەوێـت بەقاچاخ سنورەكانی ئێران ببەزێنن.
ڕەزایی ڕاشیگەیاندووە، کۆنترۆڵی قورسی ئەم ناوچانە بە هاوکاریی هێزە عێراقییەکان بەڕێوەدەچێت و ئەو کەسانەی ئاسایشی سنوورەکان پێشل دەکەن سزا دەدەین.
جێگای ئاماژەیە شەوی ٢٨ی ئەم مانگە، سێ ئەندامی هێزەکانی سنووری ئێران لە پێکدادانێک لەگەڵ گروپێکی چەکدار کوژران، بەڵام هێشتا هیچ هێزێکی کوردی بەرپرسیارێتی ئەو پێکدادانەی لە ئەستۆ نەگرتووە. 
ئاژانسەکە ڕاشیگەیاندووە، قاسم ڕەزایی ئەمڕۆش بە گەشتێک بە هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی دیکە سەردانی شوێنی پێکدادانەکەی لە پارێزگای ئورمیە کردووە.