رێگری لەتیمێكی تەندروستی كرا سەردانی مەرزێكی هەرێم بكەن
چاودێر
نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن ئاشكرایكرد لەدەروازەی باشماخ ڕێگری لە تیمەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا كراوە.
لەوبارەیەوە، د.خالید عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن، بەچاودێری راگەیاند: تیمەكانی تەندروستی سەر بە نەخۆشخانەی گشتیی پێنجوێن، كە پێكهاتبوون لەسێ تیمی تایبەت و هەر تیمێك بە سەرپەرشتی پزیشكێكی پسپۆڕ سەردانی دەروازەی باشماخمان كرد، بۆ توندوتۆڵكردنی رێكارەكانی تەندروستی و كەمكردنەوەی بەركەوتن تا نزمترین ئاست و داخستنی ئەو بەشانەی قەرەباڵغی زۆر دروست دەكەن و كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو كارمەندانەی كە دەوامیان زەرور نییە و لێپیچنەوە لەهەموو ئەو شۆفێر و خواردنگانەی پابەند نین بە رێنمایییە تەندروستییەكانەوە.
ناوبراو كە هاوكات و سەرۆكی بۆردی تیمەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە سنووری پێنجوێنیشە، وتی " هەروەها رێگریكردن لەو ئۆتۆمبیلانەی لەبەردەم دەروازە بە نایاسایی شۆفێری ئێرانی دەهێننە ناو پێنجوێن، بەڵام بەداخەوە لەدەروازەی باشماخ بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ خولەك ڕێگەمان پێ نەدرا بچینە ژوورەوە و پێیانڕاگەیاندین كە تەنیا ڕێگە بە بەڕێوەبەری تەندروستی و دوو كەسی دیكە دەدرێت ".
روونیشیكردەوە،" تیمەكە نزیكەی ١٥ كەس بووین و سەرجەممان كەسانی تەندروستی بووین و باجمان پێ بووە ".
ئاشكراشیكرد: لێپرسراوی دەروازە بە فەرمی ئاگاداركراوەتەوە لەپلان و ژمارە و كاتی سەردانی تیمەكان و بەهیچ شێوەیەك مافی ئەوەی نییە ژمارەی تیم دیاری بكات و دەست لە كاری تیمەكان وەربدات و بە مەزاجی تایبەتی كاربكات لەم كات و ساتە هەستیارەدا، لە كاتێكدا ڕۆژانە چەندان هاووڵاتی ئاسایی بەناو دەروازەی مەرزی باشماخدا دێن و دەچن و هەندێكیشیان هیچ باجێكیان نیيە.