ئەو وڵاتانەی پێشبینی دەکرێت کۆرۆنا وەک ئیتاڵیایان بەسەر بهێنێت

جیهان 22/03/2020

چاودێر

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشبینی دەکات، سیناریۆی ئیتاڵیا لە هەریەکە لە وڵاتانی، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و سویسرا دووبارە ببێتەوە، بە جیاوازیی کات لەو وڵاتانەدا، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە ئەورووپا دەبێتە سەنتەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڕێکخراوەکە ڕوونی کردووەتەوە، ئیتاڵیا ئێستا پلەی یەکەمی گرتووە لە ژمارەی مردووان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە 4032 کەس گیانیان لە دەست داوە، ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەش لە ڕۆژێکدا لە ئیتاڵیا گەیشتە 5978 تووشبوو.

سویسراش ڕایگەیاند، ژمارەی تووش بووان لە وڵاتەکەیدا بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەڵکشاندایە، هەروەها تۆمارکردنی 1050 حاڵەتی تووشبوون لە ڕۆژێکدا، ژمارەی مردووانیش گەیشتە 75 حاڵەت، بە تێکڕایی دەکاتە 20 حاڵەتی مردن بە هۆی کۆرۆناوە لە ڕۆژێکدا.

لە لایەکی دیکەوە حکومەتی ئیسپانیا ڕایگەیاند، هەرشتێک پێویست بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەیکەین، هۆشداریشی دا لە "خراپترین بارودۆخ کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە"، ئەمە دوای ئەوەی ژمارەی مردووان بە کۆرۆنا گەیشتە 1300 حاڵەت و تووشبوونیش بە کۆرۆنا لە 25 هەزار کەس نزیک بووەتەوە.

لە فەرەنسا وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، ژمارەی مردن لە وڵاتەکی گەیشتووەتە 112 حاڵەت تەنها لە ڕۆژێکدا، هەروەها ژمارەی سەرجەم مردووان بە کۆرۆنا گەیشتە 562 کەس.

لە ئەڵمانیا ژمارەی تووش بووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرز بووەوە بۆ 2705 حاڵەت تەنها لە ڕۆژی شەممەدا، کۆی گشتیی تووشبوانیش گەیشتە 16662 تووشبوو، هەروەها 47 کەسیش مردوون.