ئەلمیسماری : میتی توركیا گروپە تیرۆریستیەكان دەجوڵێنێت

جیهان 19/01/2020


وتەبێژی سوپای نەتەوەیی لیبیا ئەحمەد ئەلمیسماری لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند كە سوپای توركیا و گروپە چەكدارە تیرۆریستەكانی سوریا بەئاگاداری و سەرپەرشتی دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) دەجوڵێنەوە و فەرمانیان پێدەكرێت .
ناوبراو ڕاشیگەیاندوە كە لەماوەی تەنها 48 كاتژمێردا 41 تیرۆریست بەڕێگەی نایاسایی لەتەرابلوسەوە گەشتونەتە كەناراوەكانی ئیتاڵیا و لەوێشەوە بەنیازن بگەنە ئەوروپا بەو جۆرەش لەمەودوا ئەوروپا دەبێـە جێگەی تیرۆریستانی داعش و قاعیدە و بەنیازن چالاكی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
میسماری دەشڵێت  بە بەرچاوی هەمودنیاوە ئەردۆگان پەلاماری كوردەكان دەدات و دەیەوێـت كوردەكان لەزێدی خۆیان دەربكات و ئاوارە عەرەبەكان لەشوێنیان نیشتەجێبكات و بەئاشكرا قەتڵوعامیان دەكات ،سەرەڕای ئەوەش توركیا بۆتە پشت وپەناو بنكەی گروپە تیرۆریستیەكانی وەك داعش و قاعیدە ، بۆیە هەرگیز لەسەردەستی توركیا لیبیا ناگاتە هیچ ڕێكەوتنێكی ئاشتی.