هۆكار و چارەسەری میز ڕانەگرتن بزانە

تەندروستی 02/10/2019

 
چاودێر: تابان رەزا 
‎میز ڕانەگرتن بریتیە لە دزەكردنی خۆنەویستی میز بە شێوەیەكی كتوپڕ، واتا كەسەكە میز دەكات ئەوكاتەی كەخۆی نایەوێت،  یەكێكە لەو كێشانەی  ڕوبەڕوی هەردوو ڕەگەز دەبێتەوە،  هەوكردنی میزەڵان و ڕێڕەوی میز كە دیارترین ئەو هۆكارانەن بۆ رانەگرتنی میز، لەوبارەیەوە پزیشكێكی پسپۆڕ باس لەوەدەكات، دابەزاندنی كێش و ڕاهێنانی تایبەت بە بەهێز كردنی ماسولكەكانی حەوز بەیەكێك لەچارەسەرەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەم حاڵەتە دادەنرێت.

بۆچی هەندێ كەس میز ڕاناگرێت؟

د.ڕەوا حەمەغەریب، پسپۆڕی لابردنی گرێی میزەڵدان و بۆری میز. دەڵێت" میز ڕانەگرتن بریتیە لە دزەكردنی خۆنەویستی میز بە شێوەیەكی كتوپڕ، واتا كەسەكە میز دەكات ئەوكاتەی كەخۆی نایەوێت. بەگشتی ۱/۳ ی پیاوان و ئافرەتانی دانیشتووی ئەمریكا كێشەی ڕانەگرتنی میزیان هەیە، وە لە ٪۳۰ ی ئافرەتان لە تەمەنی ۳۰ بۆ ٦۰ ساڵیدا ئەگەری توشبونیان هەیە بە بەراورد بە پیاوان كە لە ٪۱.٥ بۆ ٥.

هۆكارەكانی رانەگرتنی میز چی یە؟
 ئەو پسپۆڕە، باس لەوەدەكات،  بەپێی هۆكارەكان میز ڕانەگرتن دەكرێ بەچەند جۆرێكەوە، لەوانە:
Stress incontinence*
ئەم جۆرە بە شێوەیەكی گشتی لە ڕەگەزی مێ دا زۆرە بە هۆی شلی ملی میزەڵدان و بۆری میز هەركردارێك ببێتە هۆی زیاد بوونی پەستانی ناوسك  وەكو كۆكە، پژمین، پێكەنین، هەڵگرتنی قورسایی، دووگیانی، زۆری منداڵبوون بە ڕێگەی سروستی، دەبێتە هۆی میز ڕانەگرتن. 
‎*هەروەك كەمی ڕێژەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین، قەڵەوی و هەندێك جۆری نەشتەرگەری حەوز هۆكارن لەم جۆرەدا.
Urge incontinence*
‎*ئەم جۆرە بە هۆی هەستیاری و هەندێك نەخۆشی دەماری میزەڵدان ڕوو دەدات بە جۆرێك كەسەكە نیشانەی زۆری هەستی میز كردن و میزەچركێ تێدا زاڵە و هەندێك جار لە ڕێی چوونی بۆ توالێت كونتڕڵی میز كردنی لە دەست دەدات. 
‎* لە دیارترین هۆكارەكان: هەوكردنی میزەڵان و ڕێڕەوی میز، گیرانی ڕێڕەوی میز بە هۆی گەورەبوونی پڕۆستات، جەڵدە مێشك، نەخۆشی دەمار، نەخۆشی پاركینسن و چەند نەخۆشییەكی تر.
*Overflow incontinence
‎هۆكاری ئەم جۆرە بوونی گیرانێكە لە میزەڕۆدا و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی میزەڵان بەتەواوی بەتاڵ نەبێتەوە،  لەو هۆكارانەی دەبنە گیرانی میزەڕۆ: گەورەبوونی پڕۆستات، تەسك بونەوەی ڕێڕەوی میز، هەندێك جار قەبزی زۆر. 
Contiuous incontinence*
‎لەم جۆرەدا كەسەكە بە بەردەوامی میز رانەگرتنی هەیە بە هۆی تێكچونی زگماكی حالب و ڕێڕەوی میز كەبە زۆری لە ڕەگەزی مێ و لە منداڵیدا هەستی پێ دەكرێت، هەندێك كات نەشتەرگەری لابردنی پرۆستات و نەخۆشی دەماری میزەڵدان دەكرێت هۆكار بێت بۆ ئەم جۆرە.
‎چارەسەركردن
‎ د.ڕەوا حەمەغەریب ، ئاماژەبەوەدەكات، بەپێی جۆرەكانی میزڕانەگرتن چارەسەر دەگۆڕێت، بە شێوەیەكی گشتی ڕینماییەكان بریتین لە:
1.‎چارەسەركردنی هەوكردنی ڕێڕەوی میز و میزەڵدان كە یەكێكە لە هۆكارە باوەكان.
2.دابەزاندنی كێش و ڕاهێنانی تایبەت بە بەهێز كردنی ماسولكەكانی حەوز.
3.واز هێنان لە جگەرەو خوادنەوەی مادە  كحولیەكان و  كەم كردنەوەی چا و قاوە و خواردنەوە كافایینیەكان كە دەبنە هۆی هەستیاری ناوپۆشی میزەڵدان.
4.وەرگرتنی دەرمانی تایبەت بە كەم كردنەوەی هەستیاری میزەڵدان بە پێی جۆری نەخۆشیەكە. هەندێك كات كەسەكە پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت كە ئەمەش بە پێی جۆرو ماوەو تەمەنی كەسەكە دەگۆڕێت.