ناوەندی رۆشنگەریی چاودێرو رێكخراوی ئاشتی جیهانی، رێككەوتنیان ئەنجامدا

تەندروستی 29/09/2019


دوابەدوای رێوڕەسمی نۆژەنكردنەوەو كردنەوەی بارەگای ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، ئێوارەی ئەمڕۆ (28/9/2019) مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەگەڵ د. فەرهاد، سەرۆكی رێكخراوی ئاشتی جیهانی بۆ بونیادنانی مرۆڤ‌و نیشتمانەكان، بەئامادەبوونی لێپرسراوی ناوەندی رۆشنگەری چاودێرو سەرۆكی بنكەی روناكبیری گەلاوێژو ژمارەیەك لەنوسەران‌و ئەكادیمیان‌و مامۆستایانی زانكۆ‌و ستافی رێكخراوی ئاشتی جیهانی (IOP)، لێكتێكەیشتنی نێوانیان لەپێناو هاوكاریكردنی یەكترو كاری پێكەوەیی ئەنجامدا.
لەوتەیەكیشدا، مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، پاشئەوەی خۆشحاڵی خۆی بەهاتنی رێكخراوەكە وەك رێكخراوێكی جیهانی، كە بارەگای سەرەكی لەئەڵمانیایە نیشاندا، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد:
پاشئەوەی لەچوارچێوەی سەردانەكەیاندا بۆ كوردستان‌و دیداریاندا لەگەڵ ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، بەپێویست‌و مایەی خۆشحاڵیان زانیوە پێكەوە هاوكاریی‌و كاری پێكەوەیی بكەن‌و لەو روانگەیەشەوە، مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، رونیكردەوە: دوابەدوای سەردان‌و كۆبوونەوەی رابردوو، بە هەلمانزانی كە ئەمڕۆ دوابەدوای كردنەوە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، بەدیداریان شادببینەوەو، لێكتێگەیشتن‌و رێككەوتنی نێوانمان رابگەیەنین.
وتیشی: سبەی یان دوو سبەی گەڵاڵەنامەكەی نێوانمان ئیمزا دەكەین‌و رایدەگەیەین، كە ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، دەچینە چوارچێوەی رێسای رێككەوتنێكەوە كە هەردوولامان، پابەند دەكات بەهاوكاریكردنی یەكتر. ئەوان هاوكاری ئێمە دەكەن لەو رووەوە كە دەتوانن هاوكارمان بن‌و ئێمەش هاوكاری ئەوان دەبین، لەو رووەی كە دەتوانین هاوكاریان بین.
لێرەشەوە بەخێرهاتنی د. فەرهاد، سەرۆكی رێكخراوەكە دەكەم‌و هەروەها میوانانی ستافی رێكخراوەكە، كە هاتونەتە كوردستان‌و كوردستانیش وڵاتانی خۆیانە‌و ئومێدەوارم كوردستانیش، وەكو یەكێك لەو وڵاتانەی خزمەتیان كردووە، خزمەتبكەن.
هاوكات، د. فەرهاد، سەرۆكی رێكخراوی ئاشتی جیهانی، بۆ بونیادنانی مرۆڤ‌و نیشتمانەكان، لەوتەیەكیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە:
رێكخراوەكەیان لە35 دەوڵەتی جیهاندا لقیان هەیە‌و، پرۆژەكانیان لەپێناو ژیانێكی باشترو بەرقەرابوونی ئاشتی جێبەجێدەكەن، كە لەو پێناوەشدا پرۆژەی بچوك‌و مامناوەندیان هەیە‌و وتیشی:
خۆشحاڵیشین كە لەگەڵ ناوەندێكی رۆشنگەری لەمشێوەیەدا، لەپێناو پرۆژەكانماندا لێكتێگەیشتن‌و رێككەوتن ئیمزا دەكەین، ئەمەش لەپێناو بەرقەراربوونی ئاشتییەكی باشتردایە بۆ هاووڵاتیانی ئەم نیشتمانە‌و تەنانەت بۆ وڵاتانی دراوسێی كوردستانیش.
ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، كە پێویستە هەمووان هاوكاری ئەم پرۆژەیە بكەن، لەپێناو بەرقەراربوونی ئاشتی‌و بونیادنانی مرۆڤ ‌و نیشتمانەكان.