حسەین لەتیف: فێستیڤاڵی گەلاوێژ ڕووداوێکی گرنگی ڕۆشنبیریی ئێمەیە

ڕەخنەی چاودێر 15/04/2019

ڕەخنەی چاودێر

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی بیستوودووەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژدا، ڕەخنەی چاودێر هەوڵ دەدات بۆچوونی بەشێک لە نووسەران و ئەدیبان و شاعیران بڵاو بکاتەوە دەربارەی فێستیڤاڵ و کار و چالاکییەکانی.


لە دوای كۆبوونەوەی بەردەوامی سەرۆك و ئەندامانی دەستەی باڵای بنكەی ڕووناكبیریی گەلاوێژ و ڕاوێژكردن لەگەڵ سەرپەرشتیاری گشتیدا، بریار دراوە بیستودووەمین فێستیڤاڵی ڕووناكبیریی گەلاوێژ لە 18/4/2019 هەتا 20/4/2019 ساز بكرێت، کە نووسەر و ڕۆشنبیرانی کورد و وڵاتانی ناوچەکە تێیدا ئامادە دەبن و بابەت و لێکۆڵینەوەیان دەبێت.


حسەین لەتیف، نووسەر و شاعیر، بە ڕەخنەی چاودێری ڕاگەیاند، فێستیڤاڵی گەلاوێژ، ڕووداوێکی گرنگی ڕۆشنبیریی ئێمەیە کە ساڵانێکە بەردەوامە، زەمینەیەکی گونجاوی بۆ نووسەرانی گەنج خوڵقاندووە، کە توانا ئەدەبییەکانی خۆیان بخەنە ڕوو. سەرنجدانێک لە مێژووی فێستیڤاڵ پێمان دەڵێت زۆرێک لە ناوە دیار و پڕکارەکانی ئەمڕۆی ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردی، بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشداربوون لە گەلاوێژدا.
وتیشێ: "بەردەوامی و بوونی گەلاویژ بە گرنگ و باش دەزانم، سەرەڕای هەموو تێبینی و ڕەخنەیەک کە هەمە، چونکە ساڵانێکە گەلاوێژ بووە بە فێستیڤاڵێکی جیهانی، گفتوگۆی کولتووری تێدا ساز دەکرێت، ئەمەش ڕۆڵی دەبێت لە ناساندنی ئەدەبی ئێمە بە کولتوورەکانی تر. لە ڕێگای ئەم گفتوگۆ کولتووریانەوە ئێمە دەتوانین بە نەتەوە و کولتوورەکانی تر بڵێین ئێمەش خاوەن کولتوورین، و توانای گفتوگۆی کولتووریمان هەیە."
"گەلاوێژ بۆ بەردەوام نەبێت؟ خۆ گۆڤاری گەلاوێژ کە مامۆستایان ئیبراهیم ئەحمەد و عەلادین سەجادی و پیرەمێرد بەڕێوەیان دەبرد، بەشێویەکی بەرچاو زمانی کوردیی بەرەوپێش برد. دڵنیام ساڵانێکی تر یان هەر ئێستا ئەگەر ئەکادیمیستەکان لێکٶڵینەوە لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ بکەن دەگەن بە ئەنجامی باش و گرنگ. گەلاوێژ با بەردەوام بێت، بۆ بەردەوام نەبێت، با بدرەوشێتەوە هەمیشە." حسەین لەتیف وای وت.