شەرڤانان باس لە دواساتەکانی شەڕی باغۆز دەکەن

ڕاپۆرت 25/03/2019


ئا/ رەمەزان شێخانی
دەوڵەتی ئیسلامی داعش هەموو هەوڵ وتوانایەكی خۆی خستە گڕ بەمەبەستی بەرگری كردن و رێگە گرتن لە رووخانی دەوڵەتی خیلافەت و پاراستنی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی خۆی لە كەناری رووباری فورات،لە شەڕی كۆتایی دا تێرۆریستانی داعش پشتیان بە خۆكوژو قەناس بەدەست و رووكێت بەست،بەڵام هەموو هەوڵەكانیان رێگر نەبوون لە خۆبەدەستەوەدانی چەكدارەكانی.
شەرڤانانی سوریای دیموكرات كە لەدژی داعش دەجەنگان وردەكاری چەند كاتژمێرێكی شەڕی كۆتایی لەدژی داعش دەگێڕنەوە لە ناوچەی باغۆز.
حەمید عەبدولعال كە خەڵكی ناوچەی شدادی یە لە پارێزگای حەسەكە و لەساڵی 2016 لەرێزی هێزەكانی هەسەدە لەدژی داعش دەجەنگێت  لەكاتێكدا لەسەر بینایەكی بەرزی ناوچەكە سەرگەرمی بەرزكردنەوەی ئالای شەرڤانان بوو پەنجەی ڕاكێشا بۆ پەرژینێكی بەخۆڵ درووستكراو كرد كە لەنزیك روبارەكە بوو رایگەیاند:لەشەودا دزەمان بۆ ناوچەكە كردو لەنزیك ئەو پەرژنە بووین،بەیانی زوو لەلایەن چەكدارانی داعشەوە هێرشمان كرایە سەرو بە قەناسە تەقەیان لێدەكردین شەڕ لەنێوان هەردوولادا بۆ ماوەی 4 كاتژمێر بەردەوام بوو 
پاشان هەشت تێرۆریستی خۆ كوژ هێرشی كردە سەر هێزەكانمان لە نزیك رووبارەكە و خۆیان تەقاندەوە بەڵام چەكدارەكانی دیكەی داعش خۆیان رادەستی هێزەكانمان كرد 
عەبدولعال لەشەرەكانی دژ بەداعش 3 جار برینداركراوە.
شەرڤانێكی دیكەی تەمەن 31 ساڵ بەناوی عومەر كە شەرڤانێكی لاوازو باڵابەرز و باوكی 4 منداڵە ئاشكرای كردوە زۆربەی ئەو چەكدارانەی داعش كە تاكۆتایی شەریان دەكرد چەكداری بیانی بوون كە زۆربەیان خەڵكی كازاخستان و فەرەنسا و عەرەبستانی سعودیە و عیراق بوون 
وتیشی تێرۆریستانی داعش ناوە ناوە هێرشیان دەكرد و خۆكوژەكان لەتونیلەكانەوە دەردەچوون.
تیمێكی سەر بەئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوەتەوە كە دەیان پیاوان بینیوە كە بەریز وەستابوون لەبەردەم تاشە بەردەێكدا لە باغوز بەر لەوەی لەچەندین ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر باربكرێن لەناوچەكەدا
جیاكار ئامەد وتەبێژێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە فرانس پرێسی راگەیاندوە ، ئەوانە چەكداری داعش بوون لە تونێلەكە دەرچوون و خۆیان ڕادەستی هێزەكانی هەسەدە كردوە بە دووریشی نەزانی چەكداری زیاتر لە تونێلەكاندا مابن و خۆیان نەدابێت بەدەستەوە
وتیشی چەندین چەكداری داعش لەنێو ئەشكەوتەكاندا خۆیان شاردبوەوە.
شەرڤانێكی دیكە بەناوی هیشام هارون كە ئامێرێكی پەیوەندی بێ تەلی بەدەستەوبو دەمانچەیەكیشی بەكەمەرەوە بوو باسی لەوە كرد،تا دوا ساتەكان چەكدارەكانی داعش رووكێتیان بەسەر شانەوە بوو ئاراستەی ئۆتۆمبێلی هێزەكانی هەسەدەیان دەكرد وخاوەنی هێز بوون بەڵام وەكو سەرەتای درووستبونیان بەهێز نەبوون چونكە لەكۆتایی شەڕەكاندا وەكو تۆم جێری مان لێهاتبوو ئەوانمان وەكو مشك لە سووچێكدا گەمارۆ دەدا و هیچ دەرفەتێكی خۆ رزگاركردنمان بۆ نەهێشتنەوە  
رۆژی شەممەی رابردوو شەڤانانی سوریای دیموكرات سەركەوتنی یەكجارەكیان بەسەر چەكدارانی داعش دا راگەیاند لە دواین شەردا لە ناوچەی باغۆز .