بۆ یەكەمجار (سایتی چاودێر) كەیسی دەرمانخانە ئۆنلاینەكان دەوروژێنێت

تەندروستی 09/02/2019

 
چاودێر-تابان ڕەزا:
فرۆشتنی دەرمان لەرێگەی سایت و پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە، ئەوەی پێی دەوترێت دەرمانخانەی ئۆنلاین، تەواو گومانی لەسەرەو لەئێستاشدا پاشاگەردانیەكی بێ وێنە لەناو تۆڕەكانی ئینتەرنێتدا بۆ فرۆشتنی دەرمان بەدیدەكرێت. لەوبارەیەوە د. خاڵس وتە بێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت " هەموو ئەو دەرمانانەی لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەفرۆشرێت جێگەی  گومانە و باوەڕپێكراو نیە، پێویستە هاوڵاتیان لەم جۆرە مامەڵەیە دوربكەونەوە".
چاودێریكردنی دەرمانخانە ئۆنلاینەكان ئاسان  نیە
د.خاڵس قادر، وتەبێژەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ئاماژەبەوەدەكات، كۆنترۆڵكردنی ئەو سایت و پەیجانەی كەدەرمان دەفرۆشن بەشێوەی ئۆنلاین قورسە و ئاسان نیە، هەموو ئەو دەرمانانەی لەم رێگەیەوە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت، بۆ وەزارەت  جێگای گومانە و باوەڕ پێنەكراوە، هەریەك لەو ڕیكلامانەی كەدەكرێت بۆ كاڵای تەندروستی جا دەرمان بێت  یان  ئامێری پزیشكی یا دەرمانی گیایی بێت یا جۆری چارەسەر بێت فرۆشتنیان بەشێوەیەی ئۆنلاین، پێویستە هاوڵاتی باوەڕی پێنەكەن و  لێ دوربكەونەوە، چونكە جێگەی متمانە نین.
وتیشی، هەر بۆیەپلانی ئەوەمان  لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری هەیە، كەئەم بابەتە تاوتوێ بكەین كەچیبكەن بۆ ئەو سایتە ئەلیكترۆنیانەی ڕیكلام دەكەن بۆدەرمان و دەیفرۆشن. 
هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی دەدەین
د. خاڵس قادر،  لەبارە ئەو هەنگاوانەی  بۆ ئەم حاڵەتە دەیدەن، دەڵێت" لەمەودوا وەكو وەزارەتی تەندروستی زیاتر جەخت لەلایەنی هۆشیاری دەكەینەوە وەكو ئاگارداركردنەوەی خەڵك  كە دوربكەونەوە لەمامەڵەكردنی بۆ دەرمان و ئامێری پزیشكی و پێداویستی پزیشكی لەڕێگەی  ئەنتەرنێتەوە  و هەموو سایتە ئەلكترۆنیەكان، هەنگاوی دووەم   لەگەڵ وەزارەتی  رۆشنبیری لەسەر خەت دەبین  و كۆبونەوەی هاوبەش دەكەین، داوای هاوكاری لەوان دەكەین زیاتر، چونكە ئەم بابەتە پەیوەندی بەوانیشەوە هەیە، ئەوانیش لەرێگەی خۆیانەوە لەرێگەی سەندیكای رۆژنامەنوسان و  دەزگا پەیوەندیدارە میدیایەكان  بتوانین چۆن كۆنتڕۆڵ ئەو بابەتە بكرێت"
وتیشی، پێوستمان بەهاوكاری وەزارەتی رۆشنبیری هەیە كە دەبێت كارەكەش لەڕێگەی ئەوانەوە بێت ، بۆ ئێمە تەنها  هۆشدارییە بۆ هەموو خەڵك  كە ئەویش دوربكەونەوە لەكڕینی دەرمان بەشێوەی ئۆنلاین. بەتایبەتی لەئێستادا  كەنەتوانرواوە بەهیچ شێوەیەك لەشێوەكان كۆنتڕۆل بكرێت، بۆیە لەقۆناغی ئێستا هاوڵاتی بۆئەوەی پارێزراو بێت لەوەی فێڵی لێنەكرێت، هەم  لەڕوی تەندروستیشەوە ، باشترە  وایە دوربكەوێتە لە مامەڵكردن لەم رێگەیەوە.
هۆكاری بەردەم هەوڵنەدان بۆ بنەبڕكردنی ئەم حاڵەتە چیبوە
 ئەو وتەبێژە رونیكردەوە،  تائێستا هەنگاوی جدی نەدراوە بۆ ئەم بابەتە ، چونكە كڕینی دەرمان بەشێوەی ئۆنلاین لەكوردستان شتێكی تازەیە، هەروەها   كارەكە  كارێكی ئاسان  نیە،  ئەوكارە لەدەرەوەی دەسەڵاتی ئێمەیە، لەچوارچێوەی كارەكانی ئێمە نیە بە هیچ جۆرێك كە وەزارەت  كۆنتڕۆڵی مەسەلەی  دەرمان بكەین  لەڕێگەی ئەنتەرنێت و  و ئۆنلاینەوە، كە كاتێكیش دێـتە سەر سایتە ئەلكترۆنیەكان  چۆنێتی مامەڵە كردن لەگەڵیان،لەبەرئەوە  ئەم بابەتە تاوەكو ئێستا بەپێ یاسا وەكو پێویست رێك نەخراوە، تا بتوانرێت  چۆن كۆنترۆڵی بكەین، خاڵێكی تر بەشێك لەو سایتانە لەدەرەوەی هەرێم، خەریكی ئەم كارەن هەمان  گرفت هەیە، قورسی كۆنتڕۆڵكردنەكەی وای كردوە تائێستا نەتوانراوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
وتیشی،ئەگەری هەیە  كەسانێك بەهۆی كڕینی  دەرمان  بەشێوەی ئۆنلاین توشی گرفتی تەندروستی بوبێت، بەڵام  تائێستا كەس نەهاتوە سكاڵا بكات،  ئێمەش بەدواداچونی زۆرتر  بكەین بۆ حاڵەتەكە.
هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە
د. خاڵس قادر، رونیكردەوە،  بۆئەوەی خەڵكی ژیانی پارێزراو بێت، داوا لەخەڵك دەكەین  نەچنە ژێر كاریگەری  هیچ یەكێك لەو دەرمانانەی لەرێگەی سایتە ئەلیكترۆنیەكانەوە بڵاو دەكرێتەوە و دەفرۆشرێت.  چونكە ئەو دەرمانخانە ئۆنلاینانە لەكۆنتڕۆلی وەزارەتی تەندروستی نیە.