سبەینێ رێگای كەركوك- هەولێر دەکرێتەوە

کوردستان 18/08/2018

چاودێر: 
 ئەمڕۆ شەممە وەفدێكی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان گەیشتە كەركوك بۆ ئامادەكاری بۆ كردنەوەی رێگای كەركوك- هەولێر كە چاوەڕێدەكرێت سبەینێ بكرێتەوە.

سەرچاوەیەك بۆ ماڵپەڕی بغداد الیوم وتی "وەفدێك لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە رێگای فڕۆكەخانەی كەركوكەوە گەیشتە كەركوك بە ئامانجی كردنەوەی رێگای كەركوك – هەولێر".

بەڕێوەبەرایەتی رێگاو پردەكانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، كە كارەكانی دانانی پردی ئاسنی كاتی لەپردێ بەردەوامە لە شوێنی پردە كۆنكرێتییەكە ‌و چاوەڕێ دەكرێت سبەینێ یەك شەممە رێگای كەركوك- هەولێر بكرێتەوە.

رۆژنامەی سەباح لە هونەر نوری بەڕێوەبەری گشتی رێگا و پردەكانی هەولێری گواستەوە كە كارەكانیان چڕكراوەتەوە بۆ دووبارەكردنەوەی رێگای كەركوك- هەولێر لە پێش گەشتیاراندا لە پێش جەژنی پیرۆزی قوربان.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە تەواوبوونی پردە كاتییەكە كەركوك و پارێزگاكانی باشور بە هەرێمی كوردستانەوە دەبەسترێنەوە، كە تێچووەكەی 220 ملیۆن دینارە و ماوەی تەواوبوونەكەشی لە نۆ رۆژ تێپەڕی نەكردووە.