سیاسی و نەخوێندنەوە

برایم محێدین 28/06/2021

ڕۆژێک لەبارەگایەکی ڕاگەیاندنی یەکێک لە حزبەکانی کوردستاندا ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ کەڵەکە کرابو دوای چاوپیاخشانێکی ژمارەیەکیان کەبابەتێ خۆمی تیا بڵاوکرابۆوە،وتم دەتوانم ئەم دانەیە بەرم،زۆر ئاسودەو دەست کراوانە وتیان هەموی بەرە، ئێمە ڕۆژنامە ناخوێنینەوە ، هەمو هەواڵەکان لە فەیسبوک هەیە، ڕستەکە بۆمن سەرسوڕ هێنەر نەبو چونکە دەمزانی ڕۆژنامە ناخوێنرێتەوە لە بارەگا حزبیه کاندا! بەڵام ئەوەی مایەی باس کردنە ئەو وەڵامە بو کەهەمو هەواڵەکان لە فەیسبوک هەیە، هەروەک ڕۆژنامە بەس بۆ پەخشکردنی هەواڵ وزانیاری ڕۆژانەی حزب بێ و هیچیتر.

بۆئەوانەی خوێنەری هەواڵن و ناتوانن بگەنە ئاسودەیی دەروونی ئەنجامی قوڵایی سنوری خوێندنەوە، ئەم دەربڕینە زۆرتەواوە، بەڵام بۆ ئەوانەی کە لەئاست ئاسۆی فراوانی بیرکردنەوەی قوڵدان و ئاسودەیی دەروونی لەخوێندنەوە وەردەگرن ، وەڵامەکە مایەی هەڵوێست و تێڕامانە،هەرچەندە ناکرێ کادری خوارەوەش نەخوێنێتەوە، بگره خوێندنەوە بە پێی ڕەخسانی بوار خواردنی مێشکە بۆفراوان بونی تێڕامانی مرۆڤ لە ژیان.

کەم تا زۆر ئەو مرۆڤانەی بیانەوێ لەنیگا بۆ چوار چێوەی ئاڵنگاری ژیانی تایبەتیدا سەرکەوتوانە مامەڵە بکەن و لەدیاردەکان تێبگەن و بڕیاری ڕاستگۆ بدەن،پێویستە هەمیشە دەست لەملانی کتێب و خوێندنەوە بن.بێگومان ناوەندی شوێنی کاریش ئاستی پێویستیەکە دەگۆڕێت، ناوەند هەیە بێ خوێندنەوەو کتێب کارکردن تیایدا مەحاڵە.  مرۆڤ بێ خوێندنەوە لە بازنەیەکی سادەی تێنەگەیشتنی قوڵی ژیاندا دەخولێتەوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت تاکێکی ئاسایی سیاسی خوارەوە نەشخوێنێتەوە زیانەکەی زۆرتر لەبازنەی ناتێگەیشتنی ژیانی  کەسایەتیەکەیدایه، تەسک بینانە لە ڕووداوەکان دەڕوانێت ، بەفراوانی کرۆکی شتەکان نابینێت، کاریگەری کەمتری لەسەر دەوروبەری خۆی هەیە چونکە بڕیار بەدەستێ سنور فراوان نیە.

ماڵوێرانیە گەورەکە لەئاست سەرکردایەتی حزبەکانە،کەبۆچونی سیاسی دادەڕێژن و پێشڕەوی میللەت دەکەن وخۆیان بە ئەندازیاری داڕێژەری نەخشەی سیاسی وڵات دەزانن و ناخوێننەوە،چونکە مرۆڤ بەردەوام نەخوێنێتەوە لە ئاست فراوانکردنی بیردا چەق دەبەستێ و ناکرێتەوە، کە بیرفراوانیش نەبوشته کان بەسادەیی دەبینێ، کەشتەکانیشی بە سادەیی بینی،ئاگای لە کاردانەوەی ناوەڕۆکی دیاردەکان نابێت،کەمرۆڤیش لەگۆشە نیگای تەسک بینینی خۆیەوە نیگای بۆڕووداوەکان کرد چوارچێوەی تێ ڕووانینی بۆ دنیای خەیاڵ وئەندێشەکانی تەسک و سنورداره، وا تێگەیشوە جیهان ئەو سنورەیە کە ئەم دەیبینێت،چونکە دەرەوەی چوارچێوە تەسکەکەی خۆی لێوەدیار نیە،وادەزانێ سنوری فراوانی جیهان یەکسانە بە هەمان سنورە تەسکەکەی کەخۆی دەیبینێت،ئەودیوی چوارچێوەکە بونی نیە بەلایەوە،هەمو شت ئاساییە لە سنوری بیرکردنەوە تەسکەکانیدا،لە فەزایەکدا دەژی بێئاگایە لە فەزای گشتی کێشەی خەڵک، زۆربەی ساسیە کاربەدەستەکانی ئێمەئەوکێشەیەیان هەیە،بۆیە لەئاست دیاردە زەق و مەترسیدارەکان بێخەمن و بەلای ئەوانەوە هیچ شتێ بونی نیەهێندە جێی مەترسی بێت،کەسایەتی خۆشیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە،تێکەڵەی بازرگانی وسیاسەتیش لەولاوە بوەستێ کەلە هەموشت زیاتر سەرقاڵی کردون،هێندە لە فەزایەکی خۆشگوزەرانی تایبەتی دوورلە فەزای خەڵکی سادەدا دەژین، لە دنیای ئازارەکانی گشتی خەڵک دابڕاون، دنیا لە سنورەکێشراوەکەی مێشکی خۆیانەوە دەبینن و پێیان وایە ژیان بۆ هەمو کەس ئەو بەهەشتەیەکە ئەمان تیایدان و لەڕاستیدابونی بۆهەمو کەس نیە، ئەمانە بە گشتی بەر ئەنجامی نەخوێندنەوەی قوڵن،کەتاکی سیاسی کوردی بە دەسیەوە دەناڵێنێت و کەسایەتی خۆی پێ له کەدار کردوە،ئەو خەڵکەشی کە لە سیاسیەکانەوە نزیکن ،لەپەراوێزی هەمان هێڵی خۆشگوزەرانی ئەماندا دەژین،گوێ بۆداواکاری خوارەوەش شل ناکەن وشتەکان وەک خۆی ناگەیەنن بەسەرووی خۆیان و هێندەی تر سەرووی خۆیان بە هەڵەدا دەبەن، چونکە ژیانیش بەسیستەم نەکراوە، سیفەتی تاک ڕۆڵی کاریگەر دەبینێت لە بەڕێوەردنی ڕۆژانەی جوڵەی تاک لەکۆمەڵدا ،هەمو تاکێکیش تێکەڵەی سیفەتی باشوخراپە. ئەوانەی ناخوێننەوە زیاتر وەدوای سیفەتە خراپەکانی خۆیان، کەوتون ،سیاسیە ناشیرینەکانی کۆمەڵن.تاکە دەروازەی  ڕزگار بون لەم دیاردانە،کە مرۆڤ کەم جڵەو بۆسیفەتە خراپەکانی سروشتی کەسایەتیەکەی شل بکات،خوێندنەوەی قوڵی بەردەوامە،تا بە پێودانگی خۆی شتەکان ببینێت،کەلای سیاسیەکان بونی نیە، مرۆڤ کەخوێندیەوە کراوانەتر بۆدەوروبەر دەڕوانێت،لە ئاسۆیەکی فراوانەوە سەیری گۆشە نیگای ژیان دەکات،لە گەڵ خوێندنەوەشدا پەردەی خەیاڵ کێشراوی ویژدانیش ئەستوردەبێت، ویژدان سنورێکەو ناهێڵێ کاراکتەرەکانی ناو دیوی ناهەست هێرش بکەنە سەر دیوی هەستی مرۆڤ و سنوری هەستی تاکی سیاسی ناشیرین بکەن.بەگشتی خوێندنەوەی قوڵ و بەردەوام مرۆڤ لە دیاردە قێزەوەنەکانی ژیان دوور دەخاتەوە. پێویستە سیاسیەکان پێوەی پابەندبن،ئەوەی کە ئێستا مرۆری بە قالۆرەبونی بەژنی کەسایه تییە سیاسەکانی ئەم وڵاتەیە، بۆ تەواو خاڵی بون لە بەها مرۆڤایەتیەکان، دەردی نەخوێندنەوەی قوڵی بەردەوامە.

وتاری زیاتر