کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت فەوتێندرا

سامان سنجاوی 19/06/2021



پێشتر، هەموو ئومێدو هیواو خەباتمان بۆ ئەوە بوو، یەکێتی، پەرە بە کەرتی گشتی بدات، لەپێناو خزمەتی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بە بڕوای پتەومان بە یەکێتی وەک رێکخراوێکی چەپی سۆسیال دیموکرات، سێکتەری خزمەتگوزاریی میری گەشەی زیاتری پێبدرێت، ماوەیەک بە پشتیوانی هەڤاڵ مام جەلال، حکومەتی هەرێم لە یەکەم کابینەوە هەتا روخانی رژێمی بەعس بەو ئاراستەیە کاری دەکرد. بەڵام، وردە وردە ئەم ئاراستەیە پێچەوانە بوەوە، ئیتر کەرتی گشتی بەرەو فرامۆشکردن رۆیی، زانکۆ تایبەتییەکان، خوێندنگە، خەستەخانەی ئەهلی..هتد کرانەوە، ئاستی کەرتی گشتی دابەزی. نەدارو هەژارو زۆرینەی خەڵک، بۆخوێندن و چارەسەرکردن لە کەرتی حکومی مانەوە، بە پێچەوانەوە، خێزان و نەوەی تازە سەرمایەدار و لێپرسراوان لە باشترین زانکۆی ئەهلی، خەستەخانەی تایبەت، لە هەرێم و دەرەوە، خزمەت دەکران و دەکرێن، ئەمەش بوە هۆکاری قوڵبونی جیاوازیە چینایەتییەکان، سەرئەنجام هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن، بێ ئومێدی خەڵکی بەگشتی لێکەوتەوە. وای لێهات خەڵکی کوردستان حکومەتی هەرێم بە حکومەتی خۆیان نەزانن؛ لەبری ئەوەی حکومەتی هەرێم بەخۆی و کارەکانی بچێتەوە، دەرکەوت حکومەت بێباکە لە چارەسەرکردنی ئەو تەنگەژانەی کە خۆی بۆ خۆی دروستی کردون! بۆیە ئەم بێباکیە
لەهەموی ناخۆشتری هێنایە پێشەوە، کار گەیشتە ئەوەی خاوەن کەرتە تایبەتییەکان و گروپەکان و کۆمپانیاکان، زۆر بێویژدانانە، دەست دەخەنە ناو کاروباری کەرتی گشتی، بۆ ئەوەی رۆڵی کەمبکەنەوە و دوچاری ئیفلیجی بکەن، ببینن دۆخی نەخۆشخانە حکومیەکان نەخۆشخانەی هیوا، بە نمونە، سەیری خوێندگەکان و جیاوازی لەگەڵ خوێندنگە ئینگلیزی و فەڕەنسی و تورکی..، بکەن. کارەبا، خزمەتگوزاری شارەوانی، ئاو..هتد، هەموی کراون بە کەرتی تایبەت. دەبێ چی مابێت بکرێتە تایبەت! لەم ناهەمواریەدا دەبێ بپرسین، سۆسیال دیموکرات، لەکوێ چەقیوە؟!