ناوی شتەكان گرنگترە لە جەوهەریان؟

د. کۆیار شێرکۆ 27/04/2021

لە تێروانینە دێرینەكانی مرۆڤ، بە چەق زانینی ئەو شوێنەیە كە لەسەری دەژی، بۆچوونێكی باوی سەرجەم ئایینەكانە كە زەوی لە چەقی گەردووندایە. شوێنی ژیانی ئێمە، لە ناوەڕاستدایە، شتەكانی تر لە دەوری ئێمە و بۆ ئێمە دەسوڕێنە و هەن. لەم چەقەشدا، مرۆڤ دووبارە لە سەنتەردایە. لە سەنتەری ژیان و بووندا، ژیانی مرۆڤ بەهای زیاترە لە ژیانی زیندەوەرەكانی تر. ئەم خۆ بە چەق زانینە، ئەم باوەڕهێنانە بەوەی كە تەواوی بوون لە دەوری ئێمە دەسوڕێتەوە، ناچارمان دەكات پێمان وابێت بەرپرسیارییەتیمان بەرامبەر ئەوانی تریش زیاترە. بە هاوكاری ئایدۆلۆجیا، دەكەوینە‌ وەهمێكەوە كە پێمان وابێت دەتوانین لەسەر هەموو شتێك قسە بكەین، ڕای خۆمان لە هەموو ڕوداوێكی گەورە و بچووكدا بە گرنگ بزانین. چونكە ئێمە لە چەقداین، ئەوانی تر پێویستە لە خزمەتی ئێمەدا بن، ڕێزمان بگرن، ئاگایان لە بریندارنەكردنی هەستمان بێت. بەمجۆرە هەموو شتەكان پۆلێن دەكەین.
ناو لە شتەكان دەنێین. لەسەر زەوی، چەشنێكی پیرۆز كە مرۆڤە و لە چەقدایە، بە دونیابینییەكەوە كە پێیوایە حەقیقەتی سەرەتا و كۆتاییە‌، بە كەتەلۆگێكی حازرەوە، پێناسەی هەموو چەمك و دیاردەكان دەكات. خۆی بە خاوەنی زەوی و خاك دەزانێت. چاكە و خراپە لەسەر شتەكان دەنووسێت. هەموو دیاردەیەكی تر، لە دەرەوەی پێناسەكانی خۆت ڕەت دەكاتەوە و بە زۆری دەبینێت. ئەمەیە نیچە دەربارەی دەڵێت: "ئەمە توشی گەورەترین كێشەی كردووم و هێشتاش هەر كێشەم لەگەڵیدا هەیە، ئەوەم بۆ دەركەوتووە ئەو ناوانەی بەكاریان دەهێنین بۆ شتەكان، گرنگترن لەوەی شتەكان خۆیان چین. ناوبانگ، ناو، ڕووكەش و قورسایی شتێك و ئەوەی كە تەمسیلی دەكات- كە لە ڕاستیدا زۆرجار هەڵەیە و دوورە لە پەیوەندی بە سروشتی شتەكەوە- ئەمەش نەوە دوای نەوە دەمێنێتەوە و وا دەكات هەمووان باوەڕیان پێی هەبێت، دواجار وای لێدێت ئەم پێناسە هەڵەیە دەبێتە بەشێك لە جەوهەری شتەكە. ئەوەی لە سەرەتادا وەك ڕووكەشی شتێك دەركەوتبوو، لە كۆتاییدا، دەبێتە ماهییەتی." ئەمە وردترین تێڕوانینە بۆ ئەو هێرشكردنە بێ بناغەیەی دەكرێتە سەر هەموو شتێكی نوێ لە هەر كات و ساتێكدا ڕوودەدات. كۆمەڵێك مرۆڤ، بە چەكە ئەخلاقییەكانیانەوە، هێرش دەكەنە سەر هەموو شتێك كە لە دەرەوەی خۆیانە.
مرۆڤ كە هیچ گومانێكی لە فكری خۆی نەبوو، كە پێی وابوو ئەوەی دەیزانێت، هەموو ئەوەیە كە هەیە و جگە لەوە شتێكی تر ناكرێت بوونی هەبێت، بەمجۆرە رادیكالە، هەموو ئەوانی تر ڕەت دەكاتەوە. ئەمەش كە بیركردنەوەی زۆرینە بوو، لێكەوتەی ئێجگار مەترسیداری دەبێت، ڕەتكردنەوەی جیاوازی و پێكەوەژیان ترسناكترین لێكەوتەیەتی. بەم شێوەیە، ئەم جۆرە فكرە، بە گومانەوە‌ دەڕوانێتە هەموو ئەو شتانەی لە دەرەوەی خۆی ڕوودەدەن. واتا ئەو شتانەی لە دەرەوەی ئەم ڕووودەدەن، یان ئەوەتا شتی بێمانان، یان دژی بۆچوونەكانی ئەمانن و هەستیان پێی بریندار دەبێت. لە ڕاستیدا ئەم مرۆڤانە هەستیان بە هەموو شتێك بریندار دەبێت. چونكە پێناسەكانیان بۆ ئازادی، یەكدی قبوڵكردن، ژن یان هەر چەمكێكی مۆدێرنی تر، ئێجگار سنووردارن. پێیان وایە هەموو شتێك پەیوەندی بەوانەوە هەیە. هەموو ئاكتێك یان ئەمان دەیكەن یان دژی ئەمانە یان بێمانەیە. لەمە زیاتر هیچ پێناسە و چەمكێكی تر قبوڵ ناكەن. ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی توندوتیژی بەرامبەر ئەوانی تر. چونكە ئەمان لە بنەڕەتدا كاریان پاراستنی ئەوانی تریشە لە هەڵەكان. كچ و كوڕێك، كە هونەر دەكەن و سەر بەو سەردەم و سیستمی بیركردنەوەیە نین كە ئەوانی تێدا دەژین و ئەوان بیری پێدەكەنەوە، ئاكتێكی باڵایە و تا ئەو ساتەی بەمجۆرە دژایەتی بكرێت و پێیان وابێت دەبێت قەدەغە بێت، هاوشێوەی شیعرەكانی شێركۆ بێكەس و بۆچونەكانی نیچە لەسەر ئەخلاقییاتی مێگەل، دەچێتە خزمەتی ئازادییەوە.