دیوی دووەمی پەلاماردانەكانی هەولێر

سەرتیپ جەوهەر 19/04/2021


بۆ جاری سێیەم بە موشەكی ئاراستەكراو پەلاماری هێزەكانی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی هەولێر درا، هاوكات پەلاماری بنكەیەكی سەربازیی تورك درا كە لە سنووری هەرێمی كوردستانە لە خۆرهەڵاتی موسڵ.
سەرنج بدەین هەر جارەی بە شێوازێك پەلاماری هێزەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دەدرێت. جاری یەكەم بە موشەكی مامناوەند لە نزیك موسڵ ئاراستەكرا. جاری دووەم لەناو خاكی هەرێمی كوردستان. جاری سێیەم بە فرۆكەی كۆنترۆڵكراو لە ئاسمانەوە پەلاماری بنكە سەربازییەكەی ئەمریكا لەهەولێر درا، بەڵام ئەمجارە تەنها پەلاماری فڕۆكەخانەی هەولێر نەبوو، بەڵكو پەلاماری یەكێك لە بنكەكانی سوپای توركیا لە سنووری هەرێمی كوردستان لە نزیك باشیك درا، ئەمەش وامان لێدەكات خوێندنەوەیەكی جیاواز بۆ رووداوەكانی ئەم دواییە بكەین.
راستە پەلاماردانەكان بۆسەر هەولێر بووە، بەڵام پەیوەندیی بە ململانێی ناوخۆی عیراق و نێوان ئێران و ئەمریكاوە هەیە، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان دیوەكەی دی رووداوەكە بەهەند وەربگرن و بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و هەرێمی كوردستان نەكەنە بەشێك لەو ململانێیە.
پەلاماردانی ئەمجارە، دەکرێت گرێی بدەینەوە بە بارودۆخی شنگال و دۆخی ناوچەكە.
دەكرێت لەدوو رەهەندەوە تەماشای بكەین. یەكەمیان، پەلاماردانە كە بەفرۆكەی كۆنترۆڵكراو بوو، ئەمەش لە توانای هێزی ناوچەیی یان میلیشیاكانی شیعە لەعیراق نییە، بەڵكو دەستێكی درێژی لەپشتە، هەمان شێوازی پەلاماردانەكانی گروپی حوسیە بۆسەر بنكە سەربازییەكانی سعودیە.
سەبارەت بەو هێزەی لەپشت پەلامارەكانە، ئەمریكا بۆخۆی ئاماژە بۆ ئێران دەكات، هەروەك بەر لەچەند رۆژێك ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق لە دانیشتنێكی تایبەتدا لەگەڵ چەند نووسەر و رۆژنامەنوسێك، بەروونی ئاماژەی بە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران دا.
رەهەندی دووەمی ئەو رووداوە، گرێدراوی دۆخی ناوچەكەیە بەتایبەتی شنگال كە ماوەیەكی درێژە توركیا داوا دەكات ئەو هێزانەی گوایە لە پارتی كرێكارانی كوردستان نزیكن دەربكرێن، لەو بارەیەوە رێككەوتنێكیش لەنێوان پارتی و بەغدا كراوە، بەڵام ئەو پەلاماردانەی هێزەكانی توركیا، كۆتایی بەو مشتومڕە هێنا، لەمەودوا چیتر كەس باسی دەركردنی ئەو هێزانە ناكات و هەروەك جاران دەمێننەوە. لە هەولێرش بەرلە چەند رۆژێك چەند لێدوانێكی رەسمیی دران كە بەغدا پابەندی رێككەوتنەكە نەبووە «ئەو هێزانەی ئەوان پێیانوایە نزیك پەكەكەن» لە شارەكە وەكو جاران ماونەتەوە تەنها جلی سەربازیی عیراقیان لەبەركردووە!