وتەی زۆر؛ کرداری کەم

ئالان ئاغا باجەلان 13/03/2021


لە کۆمەڵگای ئێمە و لەسەرجەمی دانیشتنەکان گەورە و بچووک هەمووان قسە دەکەن و قسە دەگۆڕنەوە، ئەگەر بە ووردی سەیری کوبوونەوەکانیان بکەین، دەبینین زۆربەی هەرە زۆری قسەی جوان دەکەن و ڕای جوانیش دەردەبڕن و لەهەوڵی باشترکردنی ژیانی گشتین. ئەم هەمووانە بەزۆری کێن؟ بە ڕێژەیەکی زۆر ئەوانەن کە پێشەنگن لە ناو کۆمەڵدا و خاوەنی بەرپرسیاریتین، یان ئەوانەن ڕۆژگاری کردونی بەپێشەنگ! ئەوانیش لە مانە پێک دێن: ( مەلای ئایینی، سیاسەتمەدار، بەرپرس، ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەنووس، ڕاگەیاندنکار..........) تا ئێرە لێیان تێگەشتوون و چاک دەکەن. بەڵام کاتێک لەسەر ئەرزی واقیع کرداریان دەبینین کە پێچەوانەی گوفتاریانە، وادەزانیین ئەوانە کەسانی دیکەن یان تووشی زوهایمەر بوون! دەبینین ئەو مامۆستا ئایینیەی کە باسی دادگەری و چاکسازی و لێخووشبوون و غەیبەت نەکردنی دەکرد ئێستا کرداری پێچەوانەیە! کاتێک خوێندنەوە بۆ نەبردنە سەر قسەکەی دەکەین دەبینین ناتوانێت زاڵ بێت بەسەر خودی ڕاستەقینەی خۆیدا و هەر وەک هەمان کەسانی دیکە هەڵسو کەوت دەکات، وەک ئەوە وایە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشڕەوی ئایینی نەکردبێت! لە هەندێ کاتی دیکە دەیبینین تێگلاوە بە دەمارگیری ئاینزا یان بەیەکێ لە فرقە حزبیەکان یان بەرانبەر بەهەندێک دەستکەوتی ماددە گۆڕاوە!. بۆ چینەکانی دیکەش بەهەمان شێوە ڕاستە، ئەگینا بە ووتەکانیان بوایە دەبوایە ئێمە ئێستا لەناو شایستەترین سیستەمی (ئابووری، ڕامیاری، ئایینی، مێژوویی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی باین). کە ڕۆژگاری ئەمڕۆی ئێمە ئەوە دەردەخات کە گەندەڵی و بێ متمانەیی و ڕەق و قین و شێواندنی ڕاستی، بەشێوازە ئەندازەی پان وبەرین بڵاوبۆتەوە و چارەسەری هیچ برینێکی نەکردووە، بەڵکۆ زیادیشی کردووە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ووتەکانمان باق و بریقن و هیچ ڕاست نین تەنها خۆنمایش کردن و خۆ بردنە پێشە، هەر وەک گوتراوە: ووتە مەرج نیە؛ بەڵکو کردار مەرجە.

لێرەدا حەز دەکەم نموونەی ( جواهر لال نهرۆ) بێنمەوە کە هیچ پلانێکی تایبەتی بۆ ژیانی خۆی دانەنابوو و لەسەریشی بەردەوام بوو. کە بەهیچ شێوەیەک خۆی نەخاتە ناو تەڵەی گەنگەشەی بێ چارەسەر. کە هیچ بەرهەمێکی نابێت جگە لەشەڕ و ناکۆکی. زۆر بڕوای بەوە هەبوو ( تا ووتەکانت زۆر بن هەڵەکانت زیاتر دەبن). کاتێک لە لەندەن بوو بینی هەندێک لە هاوڕێ قوتابی ڕۆشنبیرە هیندیەکانی ڕێکخراوێکیان دامەزراندووە و گتوبێژی بابەتە سیاسیەکان دەکەن بەشێوازێکی زۆر توند! نەهرۆش بەوە وەسفیانی کرد ئێوە لەڕاد بەدەر توندڕەون، بەڵام نەهرۆ خۆی چونکە کەم قسەی دەکرد زۆر جار هاوڕێکانی ڕەخنەیان لێ دەگرت، بەوە تۆمەتباریان دەکرد کە هەستی نەتەوایەتی زۆر لاوازە و باوەڕی بە بابەتەکە نیە! دوای چەند ساڵێک قوتابیان لە غەریبیدا گەڕانەوە بۆ ووڵاتی خۆیان و نەهرۆش لە گەڵیاندا، دوای ماوەیەک نهرۆ سەرسوڕمان بوو کە هاوڕێکانی گۆڕاون! ئەمەی نووسی: ( ئەو هاوڕێ زۆر توندڕەوانەم بینی هەموویان بوونە بە فەرمانبەر لە ژێر دەسەڵاتی داگیر کاری بەریتانیا و لە ئێستادا هیچ دەورێکیان نیە لە ژیانی سیاسیدا، بە قودرەتی خودایی توندایەتی و خۆشویستنی نشتیمانیان لاواز بووە و نەماوە؛ خۆشویستنی نەیاری بەریتانیا زیادیکردووە! ئەو جێگا خۆش و نووسینگە گەورانەی کارکردنیان هەموو شتێکیانی لە بیر برد.). نەهڕۆش ئەوەیانی بۆ دووپات کردنەوە کە هەندێک کات بێدەنگی و گرنگی نەدان بە مانای قبوڵکردنی ژێر دەستی و تەسلیم بوون نادات. بۆ ماوەیەکی درێژ بەند کرا و ئازار درا، دواتر ناوبانگی ئەوەی بۆ خۆی دەرکرد کە یەکێک بوو نەگۆڕا و ڕێبازی بەر نەدا و بەردەوام داوای دەرچوونی داگیرکەرانی دەکرد. لە دوای ئازاد بوونی بووە یەکەم سەرۆک وەزیران، ئەوانەشی وا هاش و هۆشیان دەکرد و هۆتافی درۆیان لێدەدا بەتەواوەتی لە مەیدان نەمان و خۆیان حەشاردا!

ئەو کەسانەی کە هەست بەکەمی خۆیان دەکەن و خاوەنی عەقڵ و تێگەشتن وبیرکردنەوەی قوڵ نین، قەرەبووی هەموو ئەو شتانە بە زۆری قسە کردن دەردەبڕن لەگەڵ گەنگەشەی توند ڕەوی،  بەو بیر کردنەوانەی کە خۆیان بڕوایان پێیانە بەردەوام دەبن تا کۆتایی! بە کورتی وبە پوختی دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین حەقیقەت و ڕاستی لەوەدا نیە کە مرۆڤ دەری دەخات؛ بەڵکو لەوەدایە کە دەری ناخات. بۆیە ئەگەر دەتەوێت کەسێک بناسی گوێ بۆ ئەوە مەگرە کە دەیڵێت؛ بەڵکۆ گوێ بۆ ئەوە بگرە کە نایڵێت. گەورەترین حیکمەت ئەوەیە کە ئێمە پەشیمان نەبین لە بێدەنگی، بەڵکو دەبێت پەشیمانی بکێشین لە سەر زۆری قسەکردنی ئێستا و ڕابردوومان.

وتاری زیاتر