ئێمە لەناو مێژویەكی زیندوداین

کەمال محەمەد 18/02/2021


كاتێك ئەڵێین مێژوو زیاتر دۆخی ڕابردومان بەخەیاڵدا دێت ،ڕابردو ئەو ڕێگایە كە ئێمەی پێدا هاتوین ،ڕابردو ئەبێتە یادگاری خۆش و ناخۆش بۆئێمە ،بیركردنەوەی ئێمە لە مێژودا جێبەجێكردنی ئەو هەوڵانە بو كە  ڕزگارمان بكات لە كۆمەڵگایەكی لەت لەت بوی بێ هێز،كۆمەڵگایەك كە نكوڵی لە ناسنامەكەی و دیاریكردنی چارەنوسی گەلەكەی دەكرا بەدەستی خۆیان ،بەڵام كاتێك ئەڵێین مێژوو هەڵبەت بۆ ئێمە هێشتا زیندوە ،لەمەشدا هانا ئارێنت زۆر بەجوانی پێناسەی مێژوو ئەكات و بە قورسایی مەیتێك ناوی ئەبات كەبەسەر پشتەوەیە وپێویستی بە خۆلێ ڕزگاركردنە ،

ئێمە لەنێو گۆشەگیریدا خراوینەتە نێو گۆشەگیرییەكی دیكەوە بەجۆرێك كائیوسی ئێستا ئەو خەونە نەبو كە ئازایەتی و فیداكاریمان بۆ ئەسەلماند،ئێمە ئێستا وەك ئەو پشیلەیەین كە فڕێ دراوینەتە نێو بیرێكی قوڵ و بەردەوام میاو میاومانەو پاشماوەی خواردنەكانمان پێ ئەدرێت و ماڵی دەستی دەسەڵات كراوین تا نەتوانین بەدوای ئازادیدا بگەرێین ،ئێمە ئەگەر بەشێوەیەكی راست دەرك بە چەمك و دەسەڵاتی دژەكانمان بكەین تێ ئەگەین كە ئەم دو دەسەڵاتە دژەی ژیان و ئازادیمان چۆن بارگاوی یەك كراون .

هێندەی ئەزانرێت كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەنێو مەخلوقاتدا تاكە هەبونێكە خاوەنی ویژدان بێت ،ویژدانیش لەچارەسەری كێشەكان و دادپەروەریدا گەورەترین چەكە ،هەربۆیە داستایۆڤسكی سەبارەت بە ویژدان ئەڵێت كە خوداوەندی ناخی مرۆڤە بەڵام ئەوەی ئەبینرێت لەدەسەڵاتی كوردیدا نەبونی ویژدان ودادپەروەرییە هێندەی تاوەكو ئێستا لە شیكردنەوەو پێناسەكردنی سیاسەت و دەسەڵاتیان بۆی بكرێت ،ئەگەر دەسەڵات پێی وایە بە كپكردنەوەی دەنگە ئازاو ناڕازییەكانەوە درێژە بە هەبونی ئەدات ئەوا دواجار بەشكستی خۆی كۆتایی دێت ،

هەرگیز زیندان ناتوانێ دەنگی ئازاد قەتیس بكات و تاكێكی رئالیست بخولقێنی ،تاكی ئازادلەهەر كوێ بێ گەڕان بەدوای حەقیقەت ئەتوانێ بیگەیەنێتە گەشەكردنێكی گەورەی هێزی هزرو ئیرادەبونییەوە هەروەك چۆن  گرامش گرنگترین تێزە فیكرییەكانی لەزیندان نوسیوەو نوسەری ڕوسیش سۆڵژنیتساین ڕۆمانی  ڕۆژێك لە ژیانی ئیڤانی لە زیندان نوسیوە ،بۆیە ئەوەی دەسەڵات لەڕێگەی سەركوتكاری و دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دادوەرییەوە لەڕێگەی حیزبەوە ئەیكات خۆتێپەڕكردنی هاوڵاتی بكاتە ناچارییەك لەم مێژوە زیندوەی تیایدا ئەژین و بە دەسەڵات بڵێت پێویستە ئێوەش ئەزمونی چێژ و ئازار بكەن و بزانن نەك ئێوە تەواوی مرۆڤایەتیش ناتوانێ ژیان و ئازادی كەسێك سەركوت بكات