دۆڕانی ترەمپ و لێکەوتەکانی

مامۆستا بورهان 06/11/2020


دۆڕاندی ترەمپ لەھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەرامبەر جۆبایدن وەک ھەڵبژاردنەکانی تری  ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نیە.
بەڵکو ھاتنی ترەمپ رووداوێکی ئاسایی نەبوو ھەروەھا رۆشتنیشی ئاسایی نابێت، چونکە ھەڵبژاردنی کەسێکی نائاسایی سایکۆپات بۆ سەرۆکی ئەمریکا نابێت ئەم رووداوە بە ئاسانی شرۆڤەبکرێت و لە ھۆکارو موتیڤەکانی و ئەنجامەکەشی نەکۆڵینەوە.لەرووی سیاسیی، ئابووری، سایکۆلۆژیی، سۆسۆلۆژیی و  تاد..........
نابێت حساب بۆ  دیاردەی ھەژموون و کاریگەریەکانی  پۆپۆلیزم و نیولبراڵ و راسیزم لەسەر  ھەڵبژاردن و دۆڕانی ترەمپ نەکرێت .
جیھان لەمیانی سەرۆکایەتی ترەمپ دا ھەرگیز ھەستی بە سەقامگیری نەدەکرد. لە وتارێکی پێشوترمدا  لە 17-2-2017  گوتووەمە:
‎ترەمپیزم دونیابینینێکی نوێیە و نامۆیە ،لە مێژووی سیاسی  و سیاسەتی ئابووری باوی ئەمریکادا ،بەئەستەم ئەسازێت و ئەگونجێت  لەگەڵ فەزای  ریاڵی سیاسیی ئەمڕۆدا ،بۆیە وا ئێستا کاریگەریەکانی، لێکەوتەکانی دڵەڕاوکێ و ترسی گەورەی  لێکەوتۆتەوە لەدونیادا.

‎سیاسەتەکانی ترەمپ سەراپا خۆرهەڵاتی ناوینی تووشی دڵەڕاوکێ و ناسەقمگیری  شۆک کردووە ، ئاکامی سیاسەتەکانی ترسێکی گەورەی لە هەموو دونیا ، بەتایبەت  لای روسیاو ئەوروپا درووستکردووە . ‎تا کارگەشتۆتە ئەوەی کۆنگرسمان و  وەزیر و ئەندامانی حیزبەکەشی  ، کاربەدەستانی حکومەتەکەشی  هاتونتە دەنگ.
‎خودی کۆمەڵگەی ئەمریکیشی هێناوەتە دڵەڕاوکێ و  جموجوڵی سیاسیی بەئاراستەی دەربازبونیان لەسەرۆک ترەمپ ،سەرەڕای ئەوەش ئیسرایل و بنیامین نتانیاهۆش هاتۆتەسەرخەت ،کە بە پشتیوانی سەرسەختی ترامپ ئەژماردەکرا  .

‎لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ترەمپدا.
‎بەبۆچوونی من رۆڵی رووسیا و بەپلەیەک و پاشان ئەوروپا کاریگەری مێژووی دەبێت  لەئاستدا رووداوەکانی ئایندەدا.
‎پێویستە لەم قۆناغ و هەلومەرجەدا زۆر بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پێشاهات و ڕووداوەکانی جیهان بکەن.
‎تەنها بەرژەوەندی نەکەن بە پێوەرەی چارەسەرکردنی کێشەکان ،بەڵکو بەسودوەرگرتن لەمێژوو و بنەماکانی  دیموکراسیەت و مافی گەلان بەرژەوەندی هاوسەنگی نێونەتەوەیی بکەنە پێوەرو ستاندارد بۆ چارەسەر.

‎ترەمپ خەتی میدیای باوی تێکشکاند!
‎پێشهاتەکان سه‌باره‌ت به‌ سەرۆکه‌ جیاوازه‌که‌ی ئەمریکا سه‌رنجراکێشن ، تره‌مپ خەتی میدیای باوی تێک شکاندو میدیاکارانی ئەمریکی تووشی شۆک کرد!
‎چونکه‌ ئێستا متمانەی بە میدیای باو نەماوە هەر بۆیە ئیستا هەردوو رۆژنامە بەناوبانگەکەی ئەمریکا ،واشنتۆن پۆست و نیورک تایمز ، بەردەوام هێرش دەکەنەسەر ترەمپ و بۆچوون و سیاسەتەکانی کە ئەم کارە دەگمەنە ، هاوکات ترەمپ ته‌جاوزی سیاسەتی باوی ئەمریکیش دەکات ، بۆیە  ئەگەر پەیڤ و گوتارو ره‌فتارەکانی ترەمپ بەراورد لەگەڵ سەرۆکەکانی ڕابووردودا  بکەین  دەبینین سیاسەتی ترەمپ لەگەڵ خودی حیزبی کۆماریش جودایە نەک تەنها لەگەڵ دیمکراتەکاندا بەڵکو لەگەڵ هەردووکیان ،جیاوازییان ئاسمان و ڕێسمانه‌.

‎نابێت لامان سەیربێت که‌ هێڵی ترەمپ هێدی هێدی بەراییەکانی دەردەکەوێت . به‌ڵام داڕشتنی نەخشەی سیاسی ئەمریکای نوێ هێشتا ئاسۆی ڕوون نیە!
‎جگە لەچوار چێوە و هێڵی گشتی .وردەکارییەکانی ماویەتی بەڵام دەکرێت لەسەر ڕۆشنایی چوارچێوە گشتیەکەی خوێندنەوەی بۆ بکرێت، کەئەمریکا هەست بەترسێکی قووڵ دەکات لە بەرانبەر ئیسلامی توندڕەو بەگشتی و ئیرانیش بەسەرچاوەی ترس دادەنێت بۆئەمریکا بۆیە دوو جەمسەری ئیسلامنیزمە  بەدووانەی ترسناک ناودەبات کار بۆ پاراستنی گیان و بەرژەوەندی ئەمریکیەکان  دەکات،  سەرقاڵی دۆزینەوەی میکانزمێک و هاوپەیمانیەکی نوێیە بەپلان و تەکتیک و تەکنەلۆژیای نوێوە، کە شێوازێکی نوێ و به‌ نهێنیەکی قووڵەوه‌ کاری بۆ دەکرێت. به‌ڵام خاڵی جیاواز ئه‌وه‌یه‌ (بەکەمترین بودجەو تێچوونی دارایی) دەیەوێت ئەوکارە بکات ، زیاتر ترکیزی لەسەر دەوڵەتانی کەنداوە ،کە بودجەو تێچووی هەرشەڕێک لەئایندە ڕووبدات ئەوان تێچووەکەی لەئەستۆ بگرن.

ئێستا پێدەچێت ترەمپ وەک سەرۆکەکانی تری ئەمریکا کۆشکی سپی بەجێنەھێڵێت و تەوریسی ترەمپیزم بە جێ بھێڵێت . چونکە ئێستا ترەمپ ئەمریکای  دابەش و  دووکەرت کردەوە  و گیانی راسییزمی بەھێز کردووە لە ھەناوی کۆمەڵگەی ئەمریکیدا و شەقامی بە سوور و سەوز رەنگ کرد.
بۆیە بە دیدی من  دۆڕاندنی  ترەمپ واتە تێکشکاندنی پۆپۆلیزم و نیو لیبراڵ و راسیزم لە جیھاندا.