بەداخەوە، بەتەنها بەکۆڵانە کڵۆمدراوەکانی سنەدا رەدبوو!

ماجد خەلیل 01/11/2020



"ئەم جیهانە چۆڵ و هۆڵ و من غەربێکم نەناس
نیشتیمانی خۆم دەوێ، دنیای گڵاوم بۆ چییە"

وای لە شانەی شیعرستانی سنە، چ هەنگوینێکی لێڕژا.
وای لە تاسەی ئەم مەغریبەی شاری سنە، چ خەمۆکییەک، خاکوخۆڵی ئاویەری ئاگرتێبەرداوە.
مەگەر هەر سنە، ستاربگرێ، مەگەر هەر کێوی کەڵڕەنگی کەلتوری سنە، کۆستێکی وا، کەناربگرێ.

دیسان سنە، کەوایەکی سوری پۆشی و لەپێش لەشکری ئەدەبدا، هەنگاوی نا. 
 وا ئەستێرەیەکیتری شار، بە ئەدەبەوە هاتەوە حزوری حیکایەتە سەرشارەکانی مێژووی نەتەوەیەک. 

مەلەکشا، مرۆڤێکی مەزن بوو. بریسکەی چاوە گەشەکانی، لەنێو ئینجانەی ئەندێشەو ئەوینی سەریدا، تەرزی نیگاکانی دەکشا.
 دروست وەک نەیزەکێکی نوربەخشی نێو ئاسمانی تاریکی  نیشتیمان، رێک نیشانەی لەسەر دڵی شەیتانەکانی ئەوێ دانابوو.

لەکاتێکدا، لە کاسەی سەریدا، نیشتیمانی دزراوی حەشاردابوو.
 بەداخەوە بەتەنها بەکۆڵانە کڵۆمدراوەکانی سنەدا رەدبوو. لەدووا وەسییەتیدا وتبووی: پەنجەرەکانتان واڵاکەن، با بۆنی سەرەتاتکێی کیژەکانی شار، بچێت بە کەپوی نیشتیمانە دزراو و زیندانەکەی منی مەلەکشادا.

 بەحەرەم و حەوشەکانی ئەوێی وتبوو:
سەری خۆتان دانەوێنن، تا تەرزی دارمێوە دڵدارەکان، سنورببڕن.
 با هێشووە هەرزەکارەکان، بەدمەستانە، بەسەر دیواری شەوە نوتەکەکانی سیاسەتدا،  بمانبەنەوە بۆ نیشتیمانی خۆمان!

مەلەکشا، رێبواری رێگایەک، کە ئەوسەری دیار نەبوو.
ئەم لەم سەرەوەو نیشتیمان لەوسەرەوە. خەرەندێکی هەزار بەهەزاریش لەو نێوەدا.
ئەم لە هەواری چۆڵی ئازادیداو ئەویش هەر کوتێکی لە کوننەی کاروانی کەلتورێکی نامرۆڤانەدا دڕاوە.

مرۆڤێک هەشتا ساڵێ بێدڵ ژیا. 
دڵی ئەو نیشتیمانێکی دزراو و دەربەدەر.
 دڵی ئەو سەرزەمینێکی وردو خاش.
هەر پارچەیەک لەژێر لاقەی ئایدیایەکدا دەتلێتەوە.
هەر شاخوێنبەرێک، لەتاو خوێنی حەرامی سێوی نائادەمەکاندا دەخولێتەوە.