وەزارەتی ناوخۆ بۆ وا خۆی تێکداوە؟

پارێزەر لوقمان مستەفا ساڵح 21/07/2020


پەندێکی کوردی ھەیە دەڵێت کوچک گەرمترە لە ئاگر ، ھەموو توومەتەکان روو لە پارتی دیموکراتی کوردستانە بە رادەستکردنی کچە شەرڤانەکەی رۆژ ئاوا (دالیا محمود ) پارتیش نەک بە سەرخۆیا ناھێنێ بە ڵکو وەک ئەوە وایە نەبای دیبێ نەباران، ناحەقیشی نیە مادام دەزگایەکی ئەمنی ھەبێ بەناوی حوکومەتی ھەرێمەوە خۆی بکاتە کەواسوری بەر لەشکر و لە بری لایەنێک وەڵام باتەوە، ئیتر ھەر ئەوەشە کە پارتی خۆی کردووە بە کەڕەی شەربەت، بەچاک بە خراپ ھیچ لێدوانێکی نیە.! 
بفەرموون و ببینن بزانن ھیچ کەس و لایەنێک یاخود کەس و کاری دالیا ناوی حکومەتی ھەرێمییان ھێناوە؟ پەنجە تومەتیان بۆ راکێشاوە؟ کەوا خۆی سەغڵەت کردووە.
+صاڵح مسلم ھاوسەرۆکی پێشوی (pyd) لە لێدوانێکیدابۆ ئاریا تیڤی سەبارەت بە رادەستکردنی برازەکەی دەڵێت ( دالیا محمود مسلم) لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە رادەستی میتی تورکیا کراوە) .بە هیچ شێوەیەک ناوی حکومەتی هەرێمی نە هێناوە.
تەنانەت بنەماڵەکەشیان لە سەر زاری باوکی دالیاوە روونکردنەوەیەکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە بە هچ جۆرێ پەنجەی تۆمەتیان بۆ حکومەت رانەکێشاوە کە دەڵێن :
کچەکەمان - دالیا محمود مسلم -  وەک سەرجەم کچان و کوڕانی باکورو ڕۆژهەلاتی سوریا پێش شەش سال پەیوەندی کردوە بە ( یەکینەکانی پاراستنی ژن YPJ ) بەمەبەستی بەرگری کردن لە گەل و نیشتمانی لە دژی ڕێکخراوی تیرۆرستی ( داعش ) .
لەبەر چەند هۆکارێکی تەندروستی پێش ( ٦ ) شەش مانگ دەستبەرداری هەڤالان و ئەرکەکانی بوو بەمەبەستی چارەسەرکردن ڕوی کردە هەرێمی باشوری کوردستان ، وە هەردەم لە پەیوەندی دابوو لەگەل خانەوادەکەی تا ماوەیێکی کەم بەر لە ئێستا پەیوندی کرد بەمەبەستی گەڕانەوەی بۆ ناو خانەوادەکەی لە ڕۆژئاوا بەلام سەرسام بوین بە ڕادەست کردنی بە دەسەلاتدارانی تورکیاو دەزگای مخابراتی .
بۆیێ ئێمە وایدەبینن دەسەلات لە هەرێمی باشور بەرپرسیارەتی بێ سەروشوێنکرنی لەباشور یان ڕادەستکردنی بە دەزگای هەوالگری تورکیای لە ئەستۆیە .
وە هەر ووتەیێک لەسەر زاری ئەو بگوترێ یان پێی بگوترێ لەژێر فشار ئەوە دورە لە ڕاستی تەنها مەبەست لێی پیسکردن و شێواندنی ئابڕوی خانەوادەکەی و دەزگاکانی خۆبەڕێوەبەریە لە ڕۆژئاوا .
داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەولەتی دەکەین لێپرسینەوە بکەن بە مەبەستی ئازادکردنی کچەکەمان لە چنگی مخابەراتی تورکیا وە گرێنتی گەڕانەوەی بکەن بە سەلامەتی بۆ ناو خانەوادەکەی .محمود محمد موسلم باوکی دالیای وونکراو- کوبانێ١٩ ی تەموز. 
ئەوەی جێی سەرنجە بەیانامەکەی وەزارەتی ناخۆیە ھێندە لاوازە و بە شپرزەیی و پەلەکوروزە نوسراوە و پەلەپەلی لێکراوە ھەرکەس بیبنێ وگوێبیستی بێت ھیچ شکو گومانی نامێنێ کە بە ئاشکرادیارە کەتنەکە کەتنی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
+بەیانامەکەی وەزارەتی ناوخۆ (لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دالیا مەحمود موسلیم ناسراو بە (ڤیان شەڕڤان) دوای ئەوەی واز لە هێزەکانی یەپەژە دەهێنێت لە گەڵ چەکدارێکی دیکەی خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستان بەناوی ( سەلام رەمەزان محەمەد ناسراو بە تولهەلدان ) کە لە ڕیزەکانی یەپەگەوە بووە، پەیوەندی خۆشەویستی دروست دەکەن و هەردووکیان بەیەکەوە بڕیاری وازهێنان دەدەن و ڕادەکەن. 
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، رەمەزان لە ڕۆژی 2020/7/9 بە ئارەزووی خۆی دەگەڕێتەوە تورکیا و پاشان دالیا مەحمود ساڵح بۆ پەیوەندی کردن بە سەلام لە ڕۆژی 2020/7/14 بە قاچاخ دەچێتە تورکیا و دواتر لە شاری مێرسین خۆی ڕادەستی پۆلیسی تورکیا دەکات. بۆیە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە.)
ئەگەر بە کردارەکی ئەم وەزارەتە وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئەوە دەبێت لێپێچینەوەی لە تەکدا بکرێت،بە دوو مەبەست
-ئەگەر لە ژێر فشاری لایەنێکدا هەستابێت بەدەرکردنی بەیانامەیەکی والاواز و بێ ئەرزش ئەوە دەبێت لایەنەکانی بەشدار لە دەسەڵات و بە  ئۆپۆزۆسیۆنیشەوە نابێ لێی بێ دەنگبن و دەبێت هەرچی زووە فشاری بۆ بەرن داوای روون کردنەوەی لێبکەن. 
-ئەگەر هەر وا سەربەخۆ هەستابێت لە بری لایەنێکی ساسی تۆمەتبار وەڵامی دابێتەوە کە هیچ پەیوەندی بە دەزگاکەی یەوەنیە ئەوە دەبێت حکومەتی هەرێم بێتەدەنگ و لپێچیەوەی لە تەکدابکات. ئەبێت ئەم دوو ئەگەرە بە ووردی شەن و کەو بکرێت و هەروا سەرپێی تەماشا نەکرێت،ئەگەر نا ئەوە خودی وەزارەتەکەو حکومەتەکەی جەنابی مەسروور بارزانی بێ لایەنی خۆی لەدەست دەدات و دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.