چاكسازییەكەی حكومەت بە كوێ‌ دەگات ؟

نسار شیخ مستەفا 02/07/2020

هەنگاوی یەكەمی چاكسازی بە خراپسازی دەستی پێكرد ڕێك ئەو كاتەی سیاسەت لەبری یاسا فەرمان دەكات ئەبێت فاتیحە بخوێنین بۆ بەها و نرخی پیرۆزیەكان، بە وردبونەوە لە كەمكردنەوەی موچەی خەڵك و فەرمانبەران لەئەسل دا  بەیاسا رێك خراوە بەڵام وەك دەبینین حكومەتی هەرێم بەبریاری ئیداری موچەی كەم كردەوە، بەبێ‌ ڕەچاوكردنی یاسا  ، هەنگاوی دووەمی چاكسازی كە هێشتا دیار نیە چی لێ‌ بەرهەم دێت، شپرزەبوونی لایەنە سیاسیەكان و كۆبونەوەو بەدواداچون بۆ دۆخی نەخوازراوی ئێستای هەرێمی كوردستان بە ئامانجی گەیشتن بە رێگاچارەیەك بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی وڵات، دوای ئەوەی وەفدەكەی حكومەتی هەرێم بەدەستی خاڵی لە بەغدا گەرانەوە ، هەرێمێكی دەوڵەمەند بەنەوت و خاكی بە پیت و سەرچاوەكانی تری داهات و هێزی گەنج و بڕینی چەندین ئەزمون لە حوكمرانی نەتوانێت خۆی بەرێوەبەرێت و قاسەكەی خاڵی بێت بەراستی جێی گومانە ..
هەنگاو نان بۆ چاكسازی بەوە دەبێت حكومەت ناچار بكرێت شەفاف بێت لە دەست خستنی داهاتی مانگانە چونكە شەفافیەت كلیلی چاكسازی یە. ئەم چاكسازیەی كە قەرارە دەستی بۆ بەرێت لەسەر بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵانی خەڵك بنیادبنرێت و بیر لە داهاتووی خەلك بكرێتەوە ئەگەر وانەبێت ئەوا بەتەواوی متمانەی نەك خەڵكی و نێودەوڵەتیش ئەدۆرێنین. 
ئەزمونی حوكمڕانی پارتە باڵاكان و ئەوانەش كە لەم دوایەدا چونە نێو حوكمڕانیوە تەنها لەبەرژەوەندی خۆیان و بیركردنەوە لە ڕازی كردنی جەماوەری خۆیان كاریان كردووە هەر بەوهۆیەشەوە هەڵئاوسان ڕووی كردۆتە حكومەت  ئێستا  حكومەت وێڵە بە دوای چارەسەری گونجاو و ئەزمونی دروێنە كردنی پارەو داهات و هێنانەپێشەوەی كەسانی بەرژەوەند خواز و نا بەرپرس تەنها لە بیری پڕكردنی گیرفان و گەیشتن بە لوتكەی سەرمایەداری بە خەیاڵی ژیانێكی شایستە بە ناوی بەرەی گەلەوە ئەمە بەرهەمەكەیەتی ، ئەم ئەزمونەی ئەمرۆ لە مێژوودا دەنوسرێتەوە، جا هەر وڵاتێك لەبیری دەسەڵات و كورسی دا بوو بێ بێ‌ گومان ئەزمونێكی تاڵ چارەنوسێتی .
چەندین جار باسی چاكسازی و بنەبڕكردنی گەندەڵی كرا بە بەڵێن و فەرمان ئەویش نەكرا ئاخر قایل كردنی خەڵكی و دووبارە بوژاندنەوەی ڕەوشی ئابوری هەرێمی كوردستان چۆن دەكرێت؟ ئەگەر چاوێك بە ئامارەكان بخشێنینەوە لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا حاڵەتی خۆكوشتن چەند لەهەڵكشاندایە چەند خێزانیش لەبەریەك لەهەڵوەشاندنەوەدایە ئەو نیگەرانیەی دڵی خەڵكی تەنیوە بەچی دەڕەوێتەوە پەلەكردن لە چاكسازی بەمەرجی جێبەجێكردن و بڕینی موچەی بن دیوارو موچە تایبەت و كەمكردنەوەی ئەوانەی بەپلەی تایبەت و وەزیر خانەنشین كراون بۆ رازی كردنیان بە بڕوای من دەبێت دەست هەڵگرین لە ڕازی كردنی ئەم و ئەو، دەیان بەنزینخانەو پرۆژەی وەهمی و كۆمپانیا و هایپەرماركێت هەن لە هەرێمی كوردستان خاوەنەكانیان لە ڕێگای حزبەكانەوە بوون بەسەرمایەدار دێن باسی چاكسازیش دەكەن، رۆڵی حزب بەهۆی كەسانی وەك ئەمانەوە خەریكە سست دەكرێت و حزب متمانەی خەڵك لەدەست دەدات، یەكێتی یەكان دەبێت بە ئاگاییەوە لە دۆخی ئێستا بڕوانن و بزانن چی خزمەتێك پێشكەش بە كۆمەڵانی خەڵك دەكەن چونكە هێشتا جێ ی متمانەی خەڵك و بەرەی گەلن .
كات درەنگە پێگەو دەسەڵات كەوتۆتە لەرزین ئنجا باسی هەنگاوەكانی چاكسازی دەكەن ساڵی پارو ساڵانی پێشتریش زۆر باسكرا ڕەنگە هەوڵێك درابێت بەڵام هەوڵەكان هەرهەمان خراپسازی یەكە بوو، چونكە بەجدی ئیشی لەسەر نەكرا تەنها بۆ رایكردنی شەقام بوو .