جەنگ و ململانێ‌ لە پێناو مانەوەدا

نسار شیخ مستەفا 24/06/2020

شەپۆلێكی گەورەی ناڕەزای دژی حوكمڕانی و كاربەدەستان و كاربەرێكەرانی هەرێمی كوردستانی بەڕێوەیە، ئەم سیستەمە بۆتە هۆكاری هەژاركردنی بەشێكی زۆر لە كۆمەڵانی خەڵكی و هەرەسی بە ئابوری وڵات و بازار و گیرفانی خەڵكی هێناوە.
حكومەتی هەرێم كەوتۆتە ژێر پرسیار گەلێكەوە كە هەموویان گرێدراوی ساڵانی دوای ڕاپەرینن بە ئێستاشەوە، ئاسایشی نەتەوایەتی یەكێكە لە پرسە سەرەكیەكان چونكە پاراستنی ژیان و گوزەرانی خەڵكی و شیرازەی كۆمەڵگا كەوتۆتە بەر دەستی رۆژگار لەبەرامبەر هێرشی  قەیرانە یەك لە دوایەكەكان، تەندروستی و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەزمەی ئابوری و كاڵبونەوەی كۆمەڵێك لە كلتوری نەتەوایەتیمان.
بێ‌ موچەی  دیوێكی ترە كە هێزی لە حكومەتی هەرێم بڕیوە، هاوسەنگ كردنی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان پێویستی بە پێداچونەوە هەیە بە بەرنامەی كارو ئەنجامدانی چاكسازی دوور لە دەست بردن بۆ گیرفانی فەرمانبەران و موچەخۆران كە حكومەتی هەرێم وەك ڕێگاچارەیەك بۆ داپۆشینی ئەو گەندەڵیانەی هەن بە نیازە بیگرێتەبەر، هۆكاری ئیفلاس بوونی حكومەتی هەرێم بە پلەی یەكەم گەندەڵی یە، سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێم زۆرترین باجی خستۆتە سەر هاولاتیان بێ‌ ئەوەی پرۆژەی خزمەتگوزاری بخاتە بواری جیبەجێكردنەوە بەم كارەی مۆنۆپۆلی زۆرترین كاری بازرگانی لە بەرژەوەند و قازانجی كۆمەڵێك كۆمپانیا و بازرگانی سیاسی و بازرگانەكان كردووە، بەوهۆیەوە كۆمەڵگا لە دۆخێكی وێرانكەرو ترسناكدا یە،.
حكومەتی هەرێم بەدرێژای ئەم چەند ساڵە ئەگەر لەبیری خەڵكی و كۆمەڵگا بوایە بیری لە دەوڵەمەند كردنی سەرچاوەكانی داهات دەكردەوە بیری لە پرۆژەی وەبەرهێنانی ئابوری وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشت و گوزار و وە پرۆژەی خزمەتگوزاری دەكردەوە، هەروەها سەرچاوەكانی تریش وەك نەوت و خاڵە گومرگیەكان و سوتەمەنی كە پێگەی حكومەت دەگۆرێت لە بارێكەوە بۆ بارێكی تر وەك ئێستا ئەنجامی كەمتەرخەمی و بیركردنەوە لە كورسی و دەسەڵات و ململانێ‌ لە پێناویدا چەندین كارەساتی بەدوای خۆیدا خولقاندووە بەجۆرێك رێگا چارەیەك نیە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە سەختەی تێی كەوتوین، سەیرنیە كاتێك دەبینین پێداویستی رۆژانەی خەڵكی هەر لە خۆراكەوە تا جیهاز و  ئەشیای كارەبایی لە دەرەوەی هەرێم هاوردەی دەكرێت بە سەوزە و میوەكانیشەوە ،  لە كاتێك دا حكومەت دەیتوانی یارمەتیدەری خەڵك بێت لە كۆمەڵێك پرۆژەی وەبەرهێنان كە پێداویستی ناوخۆی پێ‌ پڕبكاتەوە بەڵام ئەوەشی نەكرد لە پێناو بەرژەوەندی كۆمەڵێك كەسی بەرژەوەند خواز كە دەستیان بەسەر بازاری ئازد دا گرتووە، بەرپرسیارێتی حكومەتی هەرێم لە هەموو ڕەهەندە سیاسی و ئابوری و  ئیداری و كۆمەلایەتی و كلتورییەكانەوە بۆتە باسێكی گەرمی سۆشیال میدیا،  تیمەكەی حكومەتی هەرێم بۆ ڕازی كردن و ڕێكەوتن لەگەڵ بەغدا بوون بە عیبرەتی ئەوەی ئابوری و ئیدارەی  حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاستی داكۆكی و بەدەست خستنی مافەكانی خەڵك دا نین، درێژەپێدەری هەمان ئەو ریگاو رێبازەیە كە 29 ساڵە جڵەوی گرتۆتە دەست. شەكەتی و ماندووبونی خەڵكی بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری و لەلایەكی تریشەوە ئەو جەنگە درێژەی ماوەی چەند مانگێكە دەستی پێكردووە مەبەستم جەنگی كۆڤید -19 یە جەنگێكی بێ‌ دەنگ بەڵام سەخت مرۆڤایەتی خستۆتە حاڵەتی بەرگریەكی قورسەوە .