میدیا‌و مێشك (٢)

د. کۆیار شێرکۆ 10/05/2020

س: كراش كۆرس

یەكێكی تر لە كاردانەوە بێ سوودەكانی مێشك بریتییە لە یادەوری هەڵە. هەندێجار كە ناتوانین بە تەواوی وردەكاری ڕوداوێكمان بیربكەوێتەوە، مێشكمان خۆی بۆشاییەكان بە شتێكی قایلكەر پڕ ئەكاتەوە. بۆ نموونە، ڕوداوێكی دزیكردن ڕوودەدات‌و تۆش دەیبینیت. دواتر پۆلیس دێن‌و لێت دەپرسن، ''تیشێرتی دزەكە چ ڕەنگ بوو؟'' تۆش بیردەكەیتەوە، بەڵام ڕووداوەكە ئەوەندە خێرا ڕوویداوە ناتوانیت دڵنیابیت‌و بیرت ناكەوێتەوە. لە پەناوە، شایەتێكی تری ڕووداوەكە دەڵێت، ''پێم وابێت مۆر بوو.'' تۆش لەوانەیە لەناكاو بیرت بكەوێتەوە كە تیشێرتێكی مۆری لەبەردا بووە. ئەمە مانای ئەوە نییە كە تۆ دەتەوێ درۆ بكەیت. بەڵكو مێشكت بەمجۆرە بیر دەكاتەوە،''بەڵێ، لەوە ئەچێت وابێت.'' خەتی جیاكەرەوەی نێوان یادەوەری‌و خەیاڵكردنیش لەوە باریكترە كە دركی پێبكرێت. 

كێشەی یادەوەری هەڵەش، بەتایبەت لەگەڵ زانیاری هەڵە‌و هەواڵی درووستكراودا، ئەوەیە كە دروستكردنی یادەوەری زۆر ئاسانترە لە گۆڕینی یادەوەری. بۆیە كاتێك پەیجێكی فەیسبووك هەواڵێكی ناڕاست بە جیهاندا بڵاو دەكاتەوە، دواتر بۆ خوێنەران ئاسانترە كە ئەو هەواڵە درۆیەیان بیربكەوێتە نەك گۆڕانكاری لە یادەوەرییاندا بكەن سەبارەت بەو هەواڵە، تەنانەت ئەو كاتەش كە زانیارییە درووستەكەیان دەست دەكەوێت.

یەكێكی تر لەو كارانەی كە كات بۆ مێشك دەگەڕێنێتەوە، گەڕانە بە دوای ئەو زانیارییانەدا كە خۆمان پێشتر باوەڕمان پێ هێناوە. ئەمەش پێی دەوترێت لاگری پشتڕاستكردنەوە. لە ڕاستیشدا، ئەمە كێشەیەكی ئێجگار گەورەیە.

هەر یەكێك لە ئێمە كە بەیانیان لە خەو هەڵدەستین، جۆرێك لە تێگەشتنی هەڵە یان لاگریمان هەیە. لاگری دەربارەی بەیانیان زوو‌و شەوانی درەنگ. لاگری دەربارەی كۆنزێرڤاتیڤیزم‌و لیبرالیزم، لاگری دەربارەی  خوێندنەوەی هەواڵ یان تەماشاكردنی لە تیڤی. بەمجۆرە زانیارییە لە پێشینەكانی ژیانمان ناچارمان دەكەن كە بە ڕێگایەكی دیاریكراو لە شتەكان تێبگەین‌و باوەڕیان پێبكەین. بۆیە كاتێك بەر زانیارییەكی نوێ دەكەوین، لە ناویدا بە دوای ئەو شتانەدا دەگەڕێین كە خۆمان پێمان ڕاستە‌و پێشتر لێی تێگەشتووین‌و باوەڕمان پێهێناوە. ئەمه لە ڕووی هەڵسوكەوت‌و سۆزداریشەوە زۆر ئاسانترە، كە تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو شتانەدا بكەین كە خۆمان باوەڕمان پێی هەیە. واتا گەر ئێمە پەیامێكی نوێمان پێبگات‌و تێگەشتنە هەڵەكانمان پشتڕاست بكاتەوە، ئامادەییەكی زیاترمان تێدایە كە باوەڕ بەو پەیامە بهێنین. لە بەرامبەریشدا، گەر پەیامەكە پێچەوانەی تێگەشتنەكانمان بێت، ئەگەر زیاترە ڕەتی بكەینەوە. 

دەتوانین لەمە، ئەو مانایەش بخوێنینەوە كە گەر من‌و تۆ هەردووكمان بەركەوتنمان لەگەڵ هەمان میدیادا هەبێت، دوو تێگەشتنی تەواو جیاوازمان بۆی دەبێت.

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش ڕێگرێكی گەورەن لە بەردەم مێشكماندا، زۆرینەی پلاتفۆرمەكانی وەك فەیسبووك، تویتەر‌و ئینستاگرام كار لەسەر پاداشتكردنی لاگرییە هەڵەكانمان دەكەن كە بۆ پشتڕاستكردنەوەی تێگەشتنە هەڵەكانمان پێویستن. ئەم كۆمپانیایانە دەیانەوێت تۆ زۆرترین كاتیان لەگەڵ بەسەر ببەیت، لەبەرئەوە ئەلگۆریتمەكانیان بە جۆرێك ئامادە كراون ئەو شتانەمان نیشان بدەن كە ئارەزوویان دەكەین. ئەمەش شتێكی ئاسایی دەبوو گەر ڕێژەی ٣٨%ی كەسانی پێگەشتووی ئەمریكا بۆ وەرگرتنی هەواڵ پشتییان پێنەبەستایە. (كە ڕەنگە لە كوردستان ئەم ڕێژەیە لەوە بەرزتر بێت 'وەرگێڕ')