رۆشنبیرییەکی پوکاوەو هۆشیاربونەوە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری

شاناز هیرانی 12/01/2020


رۆشنبیری بە مانا ئەنترۆپۆلۆجیەکەی، واتە شتێکی بەدەست هاتوو، پەیوەست بە کۆمەڵگە. چونکە بەو مانایەی بەخۆیەوە هەڵیگرتووە، بە گەنجینەیەک لە بیرۆکە و بەها و بیروباوەڕ و رێسای ڕەفتاری کەڵەکەبوو دادەنرێت. بە ڕێگەی ماوەیەکی زەمەنیش لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوزارێتەوە و ناوی دەنرێت پەروردەی کۆمەڵایەتی. بەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر ناسنامەی نەتەوە و کەسایەتی تاکەکان و وێناکردنیان لەسەر خودی خۆیان و ئەوانی تریش دەبێت. هەروەها ڕەنگدانەوەی لەسەر شێوەی بیرکردنەوە و شێوازی ژیانی و میکانیزمی کارتێکردنی نێوانیشیان بەهەمان ڕادەی دەبێت. 
تالکوت بارسونز پێی وایە بێ رۆشنبیربون مەحاڵە کۆمەڵەیەکی مرۆیی تەندروست لە شێوەی رۆشنبیریەکی هاوبەش بێتەدی وەک (مەرجێکی وەزیفی پێشوەختە، یان پێویستییەکی سەرەکی بۆ کۆمەڵگایەک کە ویستی مانەوە و گەشەکردنی هەیە). ئینجا چونکە رۆشنبیری وەک ئاوێنەیەک وایە و پێچەوانەی ناسنامە و رێگەی بیرکردنەوەیە لای تاکەکانی کۆمەڵگە، بۆیە ڕەنگە ڕووبەرووی پوکانەوە ببێتەوە بۆ ماوەی دوورودرێژ. بەو هۆیشەوە چەندین نەتەوە و شارستانیەت دەکەونە حاڵەتی چەق بەستنی فیکری و بیروباوەڕ، دواتریش هیچ جۆرە پێشکەوتنێک لەو کۆمەڵگایانەدا بەدی ناکرێت. 

رۆشنبیری بە ئاڕاستە گشتیەکانیدا، وەک گوزراشتێک لە ناسنامەی کۆمەڵەیەکی رۆشنبیر بەدیار دەکەوێت. ناسنامەیەک کە لە چەندین جۆر و شێوازی هۆشیاری بەجیماوی یەک لە دوای یەک بە درێژایی مێژوو. یان وەک فاکتەرێکی بەرهەمهێن بۆ هەر کەلەپورێکی سەرزارەکی و بە نوسینیش و هەموو شێوەیەکی گوزارشتی زمانەوانی و رەمزی دەردەکەوێت. دوای ئەمانەش هەمویان، دەبێتە میراتێکی مێژوویی بەجێماو بۆ ئەو نەتەوەیە. کە هەڵدەستێت بە وەزیفەی پەیوەندیکردن لە نێوان ڕابردوو ئێستادا، لەهەکان کاتیشدا ئاسۆی داهاتوش دیاری دەکات. چونکە لەوانەیە ئەو نەتەوەیە بگەیەنێتە ئەوپەڕی شارستانیەت و گەشەیەکی رۆشنبیری یەکجار باڵا، یان دەپوکێتەوە بەهۆی کەموکوڕییەکانی لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی دروستبونیدا دێتە سەر رێگەی، چونکە سەرباری جیاوازییەکانی لە کلتورەکاندا هەن، بەڵام خاڵێکی بە یەک گەیشتن هەیە لە نێو ئەو کلتورانە و بە هۆی کاریگەری ئاڵوگۆڕکراو دروست دەبن و بەمەش ئەوە دروست دەبێت کە ئەنتەرپۆلۆجیەکان ناوی دەنێن (رۆشنبیربون)، کە خۆی لە خۆیدا بە بەرهەمێک لە بەرهەمە ئیجابی و بونیادییەکانی نێوان نەتەوەکان دادەنرێت و لە مێژووشدا تۆمار دەکرێت.

رۆشنبیری و ڕۆڵە پێشەنگەکەی لە گۆڕانکاریەکاندا

یەکێک لەو رۆڵە گرنگانەی رۆشنبیری دەیگێرێت لەو نێوەندەدا، نوێکردنەوەی روئیایە لای کۆمەڵگە و سەرجەم پێکهاتە جیاجیاکانی هاوشانن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمی فیکری و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان. ئەویش بە رێگەی پاڵنان بەرەو هۆشیاربونەوە و بەرەو درک کردن بەو گۆڕانکاریانە و ڕادەی شایستەبوونی لە بەدەرخستنی توانای زاتی بۆ گۆڕانکارییەکانی عەقڵ و پاڵنانی بەرەو دژایەتیکردنی سەرجەم شێوەکانی کەموکوڕی و لەمپەرەکانی دێنە بەردەم بوژانەوەی کۆمەڵگە. لێرەدا ڕۆڵی پێشەنگانی رۆشنبیر بەدیار دەکەوێت، کە خۆی لە جوڵاندنی خاڵە جێگیرەکانی کۆمەڵگە و بەها بنەڕەتیەکەی و ئاڕاستەکردنی گۆرانکارییەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی ڕاست و دروست دەبینێتەوە.

بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە سەرجەم هەوڵەکانی رۆشنبیرانی فیکری پرسیارێکی رۆشنبیرانە دەربارەی ناسنامە و قوڵبوونەوە لە ئاڕاستەی گۆڕانکاریەکان و ڕادەی کارایی ئەو گۆڕانە قوت بکەنەوە لەپێناو پەروەردەکردنی تاک و کۆمەڵ. هاندانی سەرجەم مەرجعیەتە جیاوازەکان، چ ئایینی، یان سیاسیی، یان کۆمەڵایەتی، یان یاسایی، بۆ خولقاندنی چوارچێوەیەکی ڕوون  و ئامانج گیر و فراوانکردنی بە رێگەی کلتوری جیهانگیری و هاوڵاتیبون، وەک مافێکی دەستبەرکراو لەناو دەوڵەت و یاسا لە چوارچێوەی تەرخانکردنی بەها مرۆییەکان، بەهای یەکسان بوون و دادپەروەری و لێبوردەیی.

ناتوانین باس لە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بکەین، لەکاتێکدا رۆشنبیریەکەی پوکاوەتەوە و هیچ کەرەستەیەکی بوژانەوەشی لە بەردەستدا نییە. هەروەها هەوڵی بوژانەوەشی نادات، نە لای تاکەکان و نە لەلای کۆمەڵگەکەیەوە. لەهەمان کاتدا ناتوانین پێی بڵێین ئەوە رۆشنبیرییەکی کارایە، ئەگەر نەتوانێت نوێبونەوە بە خۆیەوە ببینێت و بەرەو گۆڕان و نوێبونەوە و بوژانەوە نەچێت.