یەكێتیو كۆنگرە؛ چارەنوسێكی نادیار
لەهەموو دونیا واباوە هەر حزبێكی زیندوو پێویستە لەگەڵ زەمەنو رۆژگار هاو تەریبانە بڕواتو بتوانێت ڕووداوە تازەكان لەباوەش بگرێتو بەزمانی سەردەمیش بدوێتو خۆشی لەگەڵ سەردەمدا بگونجێنێت، بەتایبەتیش ئێستا ئێمە لەسەردەمی جیهانگیریو شۆڕشی تەكەنەلۆژیادا گۆڕانكاریەكان خێراتر دەڕۆن. گەر حزب زوو زوو خۆی نوێ نەكاتەوە دوور نییە لەكاروانەكە بەجێ بمێنێتو بكەوێتەوە دواوەی هەموو ڕووداوەكانو تەنیا وەك پاشكۆیەك سەیر بكرێت، بۆیە ئەو دۆخە چەق بەستووەی یەكێتیو هەنگاو نەنان بەرەو پێشەوە، كاریگەریەكی زۆری دروستكردووە لەسەر شێوازو جۆری سیاسەتی ئێستای یەكێتی ئەمەش خۆی لەخۆیدا بۆ حزبێكی وەكو یەكێتی هەرگیز ڕاستو دروست نییە، چونكە هۆكاری سەرەكی دامەزراندنی یەكێتی هەر لەسەرەتاوە بریتی بووە لەهێنانە كایەی مۆدێلێكی نوێی حزبایەتی، چ وەكو ئایدۆلۆژیاو چ وەكو كاری حزبیش. هەروەها پێگەیاندنی كادری هزر روونو رۆشنفكر.
ئاشكرایە یەكێتی لەسەرەتاكانی دروستبوونیدا لەژێر كاریگەریو بیركردنەوەو سیاسەتو ئایدیۆلۆژیای چەپەكاندا بوو. بۆیە تا ئەم ساڵانەش دوایش لەئاستی جیهان لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە بەحزبێكی سۆشیال دیموكراتو لەرووی پێشمەرگەیشەوە بەحزبێكی شەڕكەرو دەست وەشێن ناسرابوو. .ئەگەر چی ئەندازیارەكانی دامەزراندنی یەكێتی زۆربەیان لەژیاندا نەماون ئێستا، بەڵام لەوە ئەچێ جڵەوی حزبو بەرنامەی دواڕۆژی ئەو حزبە لەدەست كەسانێكدا نەمابێت بەهەمان بیركردنەوەو سیاسەتی ئەواندا كار بكەن بۆ ئێستاو داهاتووی یەكێتی. دیارە هەر لەدەستپێكیشەوە سروشتی ئەم یەكێتیە هەروا بووەو لەسەربنەمای فرە مینبەریو ڕاوبۆچوونی جیاواز بنیات نراوە، بۆیە سەركردەكانو خەڵكانی تریش ئەو ژینگەیان قۆزتۆتەوەو دواتر بۆ بەرژەوەندی فیكریو قایم كردنی پایەی خۆیان بەكاریان هێناوەو كردوویانە بەناكۆكییەكی ڕاستەقینەو لەقەرەوڵی تفەنگەوە سەیری یەكتر ئەكەن، خوێندنەوە بۆ مێژووی یەكێتیو تاوتوێ كردنی بیروڕای سەركردەو كادیرە پێشكەوتووەكانیو هەموو ئاراستە جیاوازییەكەی كۆن , نوێ، ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە، لەرابردوو ڕۆژگارێك بەسەر ئەم یەكێتییەدا تێپەڕیوە ململانێكانی زۆر لەئێستا توندترو خراپتر بوونو باڵەكان زۆربەی جار دەكەوتنە دژایەتی یەكترو هەریەكەو بەئاقارێك كاری دەكرد بۆ قایمكردنی پێگەی خۆی، بەڵام دیارە بوونی كەسێكی وەكو مام جەلال توانیبووی ئەو هەموو ناكۆكیو دژە بۆچوونانە یەك بخاتو تا رادەیەكی زۆریش چارەسەری كێشەكانیش بكات، بۆیە بەدیارنەمانی ئەو پیاوە دەری خست ئەوانی تر زۆری لێوەی فێر نەبوونو هەر دوای نەخۆش كەوتنیشی خاڵە لاوازەكانی یەكێتی بەزەقتر بینران. بەتایبەتی لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆییو هەرێمیدا.
دەریشكەوت دواجار بوونی سەركردەو گوێ گرتن لەسەركردەیەكی وەكو مام جەلال نەك تەنها بۆ ئەندامانی سەركردایەتیو مەكتەب سیاسی گرنگ بوو، بەڵكو بۆ هەموو جەماوەری خوارەوەی یەكێتیش زەرورەتێكی حەتمی بوو. ئەوەی ئێستاش زۆر بەڕوونی دیارە ئەوەیە یەكێتی لەبنكەو لەهێڵەكانی خوارەوە هیچ كێشەی نییە. بەپێچەوانەوە ئەم حزبە خاوەن سوپایەك لەكادیری بەتواناو خەمخۆرو رۆشنبیرە لەسەر ئاستە جیاجیاكان دەتوانن لەداهاتوودا یەكێتی بەئاڕاستەی چاكسازیو نوێبونەوە ببەن. چونكە خەڵك سەرەتا بوو بەیەكێتیو باوەڕی بەرێبازو ئایدیۆلۆژیای ئەو حزبە هێناو ڕێگای خەباتو ڕێكخستنو زیندانی هەڵبژارد، بۆ ئەوەبوو خەبات بكات لەپێناو ئازادیو سەرفرازی گەلێك لەچوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای ئەم حزبه، نەك لەپێناو سەرەوركردنی شەخس ودروستكردنی ململانێی ناڕەواو كۆنترۆڵكردنی سامانو بڕیارو شاردنەوەی ڕاستییەكان.
بۆیە پرسیارە جەوهەریەكە لێرەدا ئەوەیە: ئایا لەقازانجی یەكێتیە كۆنگرە ببەستێت لەكاتی ئێستا!! یان رادەی قازانجی لەزەرەری زۆرتر دەبێت، یان ئەوەشی ماوە بەفیرۆ دەچێتو هەموو شتێك كۆتایی پێدێتو خۆی ناگرێتەوە، یان پاش چەندین ساڵ دەگەرێتەوە سەر ئەو بناغەیەی پێویست بوو لەسەرەتاوە پشتی پێ ببەسترێتو لەسەری برواتو ستراتیژیەتێكی راستو دروستی پێی دارێژێتو كاری پێبكات؟