پاشەکشێ لەحکومڕانی هەرێمدا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 30/06/2019



نەک نەتوانرا سیستمی سیاسی باشتر بکرێت و هێزەکان ڕێکبخرێتەوەو هێزێکی نیشتمانی دروست بکرێت و زۆن زۆنێنێ نەمێنێت و کاڵبکرێتەوە، نەک باوی ڕەنگ و پەڕۆکان نەما، نەک زمانی کوردی پاک نەکرایەوە لەئاماژە حیزبییەکان، نەک جیاوازی لەموچەو خزمەت و کادیری لایەنەکان نەهێڵرا، نەک خزمەتگوزاری وەک یەک لەهەرێمی کوردستان ناکرێت و بەیەک چاو سەیری هەرێمەکەمان ناکرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە پاشەکشێیەکی زۆر وردو بەرنامە بۆ داڕێژراو جێبەجێ دەکرێت لەحکومڕانی هەرێمدا بە تۆخکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان زۆنی سەوز و زۆنی زەرد.

پاشەکشێی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستان دا، پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو خیتابە دیماگۆجی و بریقەدارانەیە کە دەمێکە لەڕوبەری کاری سیاسی هەرێمی کوردستاندا هەیە و کورەیەکی گەورەی وەک کۆمەڵگەی کوردی پێ قانگ دەدرێ.
بە هیچ پێوەرێکی دینی! و ئینجا ئینسانی وارید و مەعقول نییە سلێمانی زۆرترین پێویستی بەکارەبابێت تەنها بڕی 750 مێگاوات کارەبای پێ بدرێت، بەڵام هەولێر کە زۆر کەمترە بەبەراورد بە سلێمانی بڕی 1100 مێگاوات کارەبای پێبدرێت. ئەم جیاوازییە جگە لەپوچەڵکردنەوەی ئەو قسەیەی کە دەگوترێت "حکومەت باوکی میللەتە" هیچیترنییەو حکومەتەکەی ئێمە کە گوایە ڕۆڵی باوک! دەبینێت، بێخەمە لەئازاری لایەک لەجەستەی هاوڵاتییەکانی (ڕۆڵەکانی)!

ئەگەر دوو ئیدارەیی خەمە، ئەگەر دابەشبوونی هەرێم بۆ دوو کەرتی ناچونیەک؛ کارەساتە و .....هتد، ئەوا ئێستا لەئاستی زمانەوە بیگرە بۆ خزمەتگوزاری و هێز و خەمەنەتەوەیی و نیشتمانییەکان، هەر هەموو کایەکانی ئەم باشووری کوردستانە لەناو پرۆسەیەکی بەردەوام دابەشبوون و دووکەرتبووندایە و هێزێکی گەورەو پیلانێکی ئەهریمەنی ئیش لەسەر خێراکردنی ئەم دابەشبوونە دەکات.

دوورکەوتنەوەی حکومەت! لەچەقی خزمەتی گشتییەوە بۆ سنوری خزمەتی تاک زۆن و تاک حیزب و تاک هاوڵاتی و کادیر، پاشەکشێیەکی هەستپێکراوە و بەدەرنییە لەسزایەکی ئاشکرای ئەویتر.
ئەم پاشەکشێی خزمەتە لەلایەن حکومەتی ئێستای هەرێمەوە، پێویستی دەستکاریکردنی نەخشەو دەسەڵاتەکانی حکومەت لەئێستادا دێنێتەگۆڕێ، ئەویش گەڕانەوەی دەسەڵاتە لەهەولێرەوە بۆ پارێزگاکان و دابەشکردنەوەیەتی بەسەر هاوڵاتیانی ناوچەکانی کوردستاندا.