ئەمریکا شەڕی ناوێت، بەڵام

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 29/05/2019



لەجیهانی سەردەمی ئەمریکادا ڕووداوەکان و پێشهاتەکان تائاستێک ڕێکخراوە و جڵەوکراوە، ئەم جیهانە لە ئامادەیی ئەمریکادا جیهانێکی ڕێکخراوە بۆ پێکدانەدانی ئەو هەموو جەمسەرەی ئەمڕۆ لە جیهاندا هەیە.
بەواتایەکیتر؛ ئەگەر ئەمریکا جەنگی یونیڤێرساڵێتی خۆی بباتەوە، ئەوا بە قازانجی هەموو جیهان دەشکێتەوە و ئەگەری پێکدادانی جەمسەرەکان کەم دەبێتەوە. ئەوەی ئێستا لە ئەمریکا دەبینرێت کە هەڕەشە لە کۆریا و صین و ئێران دەکات، ترسی ئەمریکایە لە لەدەستدانی پێگەی جیهانی خۆی لە بواری سەربازی و چەک و ئابووری و تەکنەلۆژیادا.

لە ئێستادا هیچ زلهێزێک بەڕوسیایشەوە هێندەی ئەمریکا هەڕەشە ناکات لە ئەو وڵات و دەوڵەتانەی کە لەڕووی ئابوری ، سەربازی و چەک، یان لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە لەپێشکەوتندان. واتە جەنگی ئێستای ئەمریکا جەنگی فرە میحوەر و فرە پانتاییە، پانتاییەک کە ناودەبرێت بە پانتایی بەرهەمهێنانی چەکی پێشکەوتوو، لەم پانتاییەدا ئەمریکا دژی ڕوسیا و هەر وڵاتێکە لەبواری سەربازیدا بییەوێت شان لەشانی ئەمریکا بدات و لە ڕووی چەکیشەوە دژی هەر وڵاتێکە چەکی پێشکەوتووی هەبێت، باشترین نمونەیش لێرەدا ئێران و تورکیایە کە ئێستا تورکیا سیستمی S 400 ی ڕوسی کڕیوە. دووەم پانتایی ئەویش پانتایی ئابوورییە کە ئەمریکا دژی صین ئەم جەنکە دەکات، لەپانتایی تەکنەلۆژیایشدا لەگەڵ کۆریاو یابان بەرەیەکیتری کردووەتەوە و نایەوێت هیچ وڵاتێک بگاتە ئاستی ئەمریکا.

چانسی ئەمریکا لەم جیهانەدا و لەم جەنگانەدا ئەوەیە کە هیچ یەکێک لەو دەوڵەتانەی لەگەڵ ئەمریکا چۆتە ململانێوە لە هەموو بوارەکاندا وەک ئەمریکا بەهێز و خاوەن توانا نییە. لەکاتێکدا ئەمریکا لە بواری ئابووری و چەک و سەربازی و تەکنەلۆژیادا چەند پایەیەکی بەهێزیان بۆ بە گەورە هێشتنەوەی ئەمریکا دروست کردووە، هاوکات ڕوسیا و کۆریا و صین و ئێران خاوەن هەمان ئەو پایانە نین کە وەک ئەمریکا لە هەموو لایەنەکانەوە ململانێی ئەمریکا بکەن. بۆ نمونە دەکرێت بڵێین ڕوسیا لە بواری چەک و سەربازیدا شان لەشانی ئەمریکا دەدات، بەڵام مادام ئابوورییەکەی کۆمەکی باشی ناکات، ئەوا هەرگیز ڕوسیا نابێتە جێنشینی ئەمریکا. هەروەها ئەگەر سەیری صینیش بکرێت، ئەتوانین بڵێین ئابووری صین پێشبڕکێی ئەمریکا دەکات و ترسی ئەم پێشبڕکێیە دۆناڵد ترامپی ناچارکرد مارکەکانی (هوواوی) قەدەغە بکات، بەڵام صینیش کێشەی ئەوەی هەیە یەکێک لەئەو سێ لایەنە بەهێزەی ئەمریکای کەمە کە ئەویش هێزو توانای سەربازییە. بەنیسبەت ئێرانیشەوە لەهیچ ڕوویەکەوە بەراورد ناکرێت بە توانای ئەمریکا.

فەیلەسوفی فەرەنسی (پۆل ڕیکۆر) دەڵێت " ئەوەی ئەمریکا لە جیهانی ئەمڕۆدا دەیکات، جەنگی یونیڤێرساڵێتییە"، واتە ئەمریکا مەبەستی نییە تەنها ئەو وڵاتانە لاواز بکات و بیانڕوخێنێت کە هێزی سەربازیان وەک ئەمریکایە و کڵاوەی ئەتۆمیش بەرهەم دێنن کە مەترسییە بۆسەر ئاشتی جیهانی، تەنانەت ئەمریکا شەڕی هەموو ئابوورییەکیش دەکات ئەگەر لەئابووری و بازاڕی ئەمریکی بەهێزتربێت یان هیچ نەکات بازاڕی ئەمریکا لاواز بکات.
کاتێک دۆناڵد ترامپ لەوڵاتی یابانەوە دەڵێت "ئێمە مەبەستمان نییە دەسەڵاتی ئێستای تاران بڕوخێنین"، واتە ئێمە کێشەی دەسەڵاتی سیاسیمان نییە و جەنگمان ناوێت، بەڵام کێشەی هەڵکشانی سیاسیی و ئابووری و چەکی پێشکەوتووی وڵاتانمان هەیە لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.